گۆڕان لە ژێر بارێکی قورسی ڕۆژگاردایە
4/26/2021 8:14:00 PM
لوقمان چاوڕەش
گۆڕان لەژێر فشاری دڵسۆزان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان و بەرژەوەندخوازان و پلانی ڕەشی نەیارە ڕەنگاو ڕەنگەکانیدایە.
ئەو نەیارانەی کە هەموو شتێکیان کرد لەپێناو بەتاڵ کردنەوەی فکروبەرنامەی گۆڕانکاری، ئەو نەیارانەی کە لەدەرگای هەموو دوژمنانی خاک و نیشتمانیانداو وتیان بونی نەوشیروان مستەفا هەڕەشەیە بۆسەر نۆکەروئاغاکانی ئەودیوو سنووڕ.
ئەوانەی کە هەمیشە لەقەرەوڵی تورک و عەرەب و عەجەمەوە گۆڕانیان کردە نیشان و خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەم هەرێمە.
ئەوانەی کە لاشەی نیشتمانیان کوت کوت کردو هەرپارجەیەکیان دا بەدەمی داگیرکەرێکەوە.
پێویستە لەسەر هەر دەنگدەرێکی ئەم بزوتنەوەیەو بۆ دەرچوون لەم دۆخە بڕیاری ئیرادەو بەردەوامی بدەین ، گیانی یەکترقبوڵ کردن وئاشتەوایی لێبوردەیی لەناو گیان و دڵی خۆماندا زیاتر فراوان بکەین، ئەرکی هەمولایەکمان بەئاگاهێنانەوەی زیاتری جڤاتەکان و خانەوێکخەری گشتی و سەرجەم ئۆرگانەکانە بۆ کاری جدی تر لەسەر پێداچونەوە بە هاوپەیمانیەتیەکان و ڕێکەوتنەکان کە لەدوورونزیکدا لەگەڵ حزبەکانی تردا ئەنجام دراون، چونکەتا ئێستا لەگەڵ هیچ گروپ و تاقم و لایەنێکدا ڕێکەوتنێکمان ئەنجام نەداوە کە پابەند بوبن بە ناوەرۆکی نوسراوەکانەوە بۆیە نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتی وتی عیبرەت لە جێ بەجێ کردندایە.
هەلومەرجەکان ئاڵۆزن و ڕێگاکانیشمان سەختن چونکە لەم وڵاتە بژاردەمان بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و ململانێ کردن لەگەڵ نەیارانی ناوەوەو دەرەوە بەپشت بەستن بە دەنگدەرو هێزی خەڵک وبە بێ چەک و بەبێ کەناڵێکی ڕاگەیاندن و بێ خوێن ڕشتن بووە بە موعجیزە!
تەنها بزوتنەوەی گۆڕانە کە ناتوانێت بچێتە ژێرباری ئەجێندایەکی دەرەکی و هێزی بێگانە پەلکێش بکات بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر.
لەگەڵ هەموو تێبینیەکانمان لەسەر گۆڕان هیچ حزبێکی تر حاڵی باشتر نیە لە ئێمە.
ئەوانی تر سیاسەت ئەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چەند تاقم و گروپێکی دیاری کراو.
ئەوان لە پێناو مانەوەی خۆیان و پاراستنی کەللەسەرەبەتاڵەکانی سەرودا ئینتیماو ئەخلاق و ڕێکەوتن و بەڵێنەکان لە گۆڕ ئەنێن.
ئەوان چەندین کەسایەتی لاوازو فایلدارو کۆنە بەعسیان کردوە بە بەرپرس و خاوەن ڤێلاو باڵەخانەو بیرەنەوت و زەوی گرانبەهاو ملیۆنان دۆلارو کردویانن بڕیاردەرو پارێزەری سامانی دزراوی ئەم هەرێمە وە هەموشیان لەوە دڵنیان کە هیچ پێگەو نفوسێکیان نەماوە لەناو خەڵک و دەنگدەرو سندوقەکانی دەنگدان. بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوەکە شا ڕێگاو تولە ڕێگای ڕێکەوتنی ژێر بەژێر بگرنە بەر لەگەڵ دۆست و دوژمن و گەورەو گچکەدا جگە لە گۆڕان ! ئەوان تەنها بۆ تێپەڕاندنی کات و فێڵ کردن لە ڕکابەرەکانیان ڕێکەوتن لەگەڵ گۆڕاندا واژوو ئەکەن.
بۆیە ئەوان لەو پێناوەشدا پێشێلی هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەکەن و کۆبونەوەی بەردەوام لەسەر پەراوێزخستنی گۆڕان ئەنجام ئەدەن و بەئاشکرا ئامادەن لەگەڵ هەموو دەستەڕەشەکاندا پلانی تەزویرکردنی ویژدان و کەرامەتی ئەم گەلە ستەمدیدەیە دابنێن .
لە دەسەڵات بین یان لە دەرەوەی دەسەڵات بە هەموو ئاغاو سوڵتان و نۆکەرەکانیان ئەڵێین کەگۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا هێزی ڕاستەقینەی خەڵکە و پرۆژەیەکی ستراتیجی و سەختە.
پەلە ناکەین و بەردەوام ئەبین.
چونکە ئەزمونەکان فێریان کردوین کە لامان ئاساییە دوچاری نەخۆشی و ڤایرۆسی بەئازاربینەوە..
بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئێمە هەین و لە پێناو هیچ دوژمن و نەیارێکدا نامرین بەڵکو بۆ گۆڕان و چاکسازی ئەژین..