پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران پیرۆز ئەکەین، بەڵام!
9/18/2022 9:07:00 PM
لوقمان چاوڕەش
کێشەو گرفتەکانی هێزی پێشمەرگە تەنها بە پلە بەرزکردنەوەی
ئەفسەران چارەسەر نابێت.
بەڵکو دەبێت گیانی بەرگری کردن لەنیشتمان و قبوڵ
کردنی لایەنی بەرامبەر شۆڕبکرێتەوە بۆ ناو یەکە سەربازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ
ئەوەی هەستی نامۆ بون و شەڕانگێزی لەبەرامبەر هاوپیشەو هاوسەنگەرەکەیدا بسڕینەوە..
گرفتی پێشمەرگە ئەو ناکۆکی و ململانێ ناشەریفانەیە
کە لەناخی بەرپرسان و فەرماندە باڵاکاندا خۆیان حەشارداوە کە بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ
تۆوی ڕق و بوغزو کینە دەرخواردی ئەفسەروپلەدارو
پێشمەرگەکانی کوردستان ئەدرێت..
گرفتی پێشمەرگە ئەو دابەشکارییە نادروستەیە کە
لەنێوان چەند تەکەتولێک و دوو ڕەنگ و دوو حزبدا.
ئەنجام ئەدرێت و سەدان کەسی دڵسۆزو تێکۆشەرو نیشتمان پەروەری تێدا ئەکرێت
بە قۆچی قوربانی وسەدان پیاوی ئازاو دڵسۆزی بێ پشت و پەنای تێدا پەراوێز ئەخرێت.
کێشەی پێشمەرگە بن بڕکردنی دەستی بازرگان و مشەخۆرانی
ناو هێزەکانە کە بێ گوێدانە خزمەت و ئەرک و پیرۆزی پیشەکەیان تەنها لەخەم و هەڵپەی
بەرژەوەندیەکانی خۆیاندان.
ئەرکی وەزارەت لادانی ئەو کوڕە جاش و کۆنەبەعسیانەیەکە
خزێنراونەتە ناو یەکە سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگەی
کوردستانەوە و هەریەکەیان چەندین پاسەوان و ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین کراوە.
بنەبڕکردنی ئەو هەزاران بن دیوارەیە کە بەشێک لە
ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتەی وێران کردووە.
پێشمەرگە خوازیاری ئەوەیە کە بکرێتە هێزێکی پیشەیی
و نیشتمانی و لەکاتی دەنگداندا وەک هاوڵاتیەکی خاوەن بڕیار ئازادانە بچێتە سەر
سندوقەکانی دەنگدان.
پێشمەرگە ئەیەوێت لە ناوچەیەکی ئارام و ئازادو سەقامگیردا ببێتە پاسەوان
و پارێزەری ئەو دەستکەوتانەی کە لە خزمەت تەواوی کۆمەڵگاکەیدایە بێ جیاوازی لەدەنگ
و ڕەنگ و ناوچەکان.
پێشمەرگە نایەوێت لولەی چەکەکەی بکاتە کوردی
پارچەکانی ترو لەپێناو ئەجێندا دەرەکیەکاندا دەستی بەخوێنی گیانبازانی پارچەکانی
تری کوردستان سوربێت.
پێشمەرگە دەخوازێت ئەوکاتەی بەشەقامەکاندا گوزەر
دەکات شکۆو کەرامەتیان پارێزراو بێت و بە شانازیەوە لەناو خاکی پیرۆزی نیشتماندا بە
متمانەبەخۆبون و ئارامی بسوڕێتەوە.
پێشمەرگە نان و بژێوی و شوێنی نیشتەجێ بونی پێویستە .
گرفتی پێشمەرگە ڕەواندنەوەی ئەو خەمە گەورەیە کە
لەدوای مەرگی خۆیان بیری لێ ئەکەنەوە بۆ ماڵ و مناڵ و خانەوادەکەیان.