سبەینێ وەزیری پێشمەرگە دێتەوە
11/26/2023 9:49:00 PM
لوقمان چاوڕەش
پێشکەشکردنی نامەی دەست لەکار کێشانەوەی بەڕێز شۆرش
ئیسماعیل بێگومان بڕیارو خواستیکی حیزبیانە بوو کە پێویست ناکات هیچ قسەو لێدوانێکی
لەسەر بدرێت.
بەڵام ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێک بکەین لەسەر
دەرئەنجام و دەرهاویشتەکانی ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوا لە دوای ئەو بڕیارەوە
ستافەکەی یەکێتی دووچاری چەند گرفتێک کردەوە کە دڵنێام برایانی یەکێتی هیچ
خوێندنەوەیەکیان نەکردبوو بۆ ئەو پێشهاتە خراپەی ئێستایان چونکە لەماوەی سیانزە
ساڵی ڕابردودا پارتی نەیتوانیوە لەناو
وەزارەتی پێشمەرگەدا بەو شێوەیەی ئێستا یەکێتی توشی تەنگەتاوی بکات..
هەرچەندە بەندە لە ڕابردودا بابەتێکم نوسی لە ژێر ناو
نیشانی (چاکی مەکەن با خراپ نەبێت ) ڕێک ئەم دەرەنجامە خراپەی ئێستام خستە ڕوو..
هەموومان ئەزانین کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای
دروست بونیەوە هەتا ئێستا بەوە ناسراوە کە لە هەموو ڕێکەوتنە سیاسیە ناو
خۆییەکاندا هەمیشە پێشێلی ناوەرۆکی خاڵ و بەندی ناو دانوستانەکانی کردووە.
نزیکترین نمونەش تەواوی ئەو ڕێکەوتنانە بوو کە مێژووەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاخی بەرەی
کوردستانی تا پێکهێنانی کابینەی یەکەمی
حکومەت وڕێکەوتن نامەی ستراتیژی نێوان خۆی و یەکێتی و دواتر پێشێلکردنی ڕێکەوتنە سیاسیە دوقۆڵیەکانی نێوان خۆی وبزوتنەوەی گؤڕان بوو کە لە دوکاتی جیاوازدا ئەنجام دران و هەتا
ئێستاش گۆڕان باجی ئەو هەڵە مێژوییە گەورەیە ئەدات..
26-11-2023
گەڕانەوەی کاک شۆڕش ئیسماعیل بۆ ناو وەزارەت ئەرکێکی
سەخت ودژوارو پڕ کێشمەکێش دەبێت چونکە
دەخرێتە نێوان دووڕیانێک کە پێویستی بە چاوساغی یارو نەیارەکانی هەیە.
لە هەموی سەختتر ئەوەیە کە نازانرێت یارو نەیارەکانی بە
چی ئاراستەیەکیدا دەیبەن؟
چونکە هەندێ شەبەح لەناوهاوەڵانی خۆیدا لە بۆسەدان بۆ
ئەوەی تۆڵەی ئەوەی لێ بکەنەوە کە نەیان توانی دڵخوازەکەی خۆیان بکەن بە ئەمری
واقیع و لەسەر کورسیەکەی شؤڕش ئیسماعیل دایبنێن و سڵاوی سەربازی بۆ بکەن..
وەهەروەها یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کاک شۆڕش ئەوەیە
کە پێویستە هەموو ڕیسەکانی پارتی بکاتەوە
بەخوری چونکە لە غیابی ئەواندا بە جۆرێک
دەستکاری پەیکەری سەربازی و کارگێری یەکەکانی ناو وەزارەت کرا وە کەلە ئێستاو داهاتودا هەرچی
فەرمانی وەزاری هەیە دەبێت بەناو فلتەری پارتیدا تێپەڕیت ئەگەر فەرمانێکی
هەرێمایەتیش بیت..
چونکە ئەو تیمە
تازەیەی پارتی کە لەساڵی ڕابردودا هاتنە
ناو وەزارەت بە جۆرێک ئاراستە کرابوون کە
دەخوازن هیچ بڕیارێک بەبێ لەبەرچاو گرتنی پشکی زۆرینەی پارتی تێ نەپەڕێت .
بەهەرحاڵ بە هەموو بەربەست وکۆسپ و ئەگەرەکانەوە
گەڕانەوەی جەنابی وەزیر لەکاتێکی وەهادا بژاردەیەکی باش و چارەسەرێکی گونجاوە
چونکە هەموو ئەو جوڵە سیاسی و ئابوری و سەربازیانەی کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئەبینرێت بریتیە لە گؤڕینی ئەو نەخشەیەی کە بووە بە پێویستەکی حەتمی.
وە لەناو ئەم گۆڕانکاریانەشدا ئەمریکاوهاوپەیمانان
پێویستیان بە سەقامگیریەکی سیاسی و سەربازی هەیە بەتایبەت لە ڕۆژئاواو باشووری
کوردستان هەر بۆیە بە شێوەیەکی ئیجباری یەکێتی و پارتی خستەوە سەر مێزی گفتوو گۆو
وە یەکێک لەبڕیارەکان گەڕاندنەوەی وەزیری
پێشمەرگە بوو تا بتوانن لە ژێرچاودێری ڕاستەو خۆی هاوپەیمانان کار بکەن لە پێناو
بە نیشتمانی کردنی هێزەکان و دورخستنەوەی دەستی حیزب لە ئاراستەکردن وجوڵە پێکردنی
یەکەکان لە پێناو ئەجێندا سیاسەکانی حزبە خاوەن هێزەکان..
هیوادارین برایانی یەکێتی و پارتی قوڵترو فراوانتر بیر
لە جارەنوس وئایندەی ئەم نیشتمانە بکەنەوە چونکە لەماوەی سەد سالی ڕابردودا بۆ
یەکەمین جارە کورد جسابی بۆ دەکرێت و ئەتوانێت رؤل وپشکی هەبێت لە گؤڕینی نەخشەی
سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و هەر بۆیە لە دوای پرۆسەی سیاسی عێراقەوە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و کۆی دۆستەکانمان داوای
ڕێک خستنەوەی نێوماڵی کوردی ئەکەن..
کە ئاشتەوایی
سیاسی وکۆمەڵایەتی و بەدی هێنانی
دەسەڵاتێکی دادپەروەرو حکومەتێکی شارستانی سەردەمیانە خواستێکە زۆرینەی خەڵکی
کوردستان ماوەی سی و دووساڵە داوای ئەکەن ..