155وتار

لە کەپکی حەمەد ئاغاوە بۆ دادگای فیدرالی

6/12/2023 4:06:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

لە تەمەنی هەفتا ساڵی حیزب و سەرانی حیزب لە باشوری وڵات، ئەو کەلتورە سیاسیەی لەسەر بناغەیەکی فشۆڵ دانرا، زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، موخابن ئەم گۆڕانکاریانە بە ئاقارای خراپدا بردراوە، بەشێ لەم کەلتورە خراپە دەقی گرتوە و بوە بە باو و زاڵە. هێند زاڵە لوتکە و پەنا و پەسێری شاخ و دۆڵی نیشتمان و هزری تاکی کوردیان ناشرین کردوە. ناشرینیەکان، کاتێ دەچیتە سەیرانگاکانی وڵآت یان تاکێکی حیزبی دەدوێنێ لە وێدا دەردەکەون، روداوەکان خۆیان تێکەڵ بە چیرۆکی خۆشویستی دەکەن و شەڕ و نەبەردەکانیش ناشرین دەکەن.

 

شەڕی ناوخۆ دزێوترین ئەو روداوانەن کە سروشت و رەوشتی کوردستانیان شێواندوە، شێواویەک کە هەمو کەسێکی ئاسایی دەیبێنێ و هۆکار و بکەرەکانیش دەناسێتەوە. کەچی لە ژێر کاریگەری ئەو کەلتورە سەقەتەی حیزب و بنەماڵە بکەرەکان باس لە ئەستۆپاکی و بێبەریبونی خۆیان دەکەن، منی هیچ بەدەست تۆمەتبار دەکەن. زۆریشن ئەوانەی چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و بڕوایان پێدەکەن.

 

کردن و بەکارهینانی کارەساتە دڵتزینەکانی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و قەڵآدزە و هەمو ئەوانی تر لەو دیوی سنور بە کاڵای سواڵکردن و بازارگانی، لە ناوخۆشدا بۆ جوڵاندنی سۆزی نیشتمانی. ناشرینیەکی تری ئەم کەلتورەیە. 

 

لە کەلتورە باوەکانی تری حیزب و بنەماڵە: دوبەرەکی سیاسی و سەربازی، رق و عینادی سیاسی، ناپاکی، گوێ لەمشتی بێگانە، دوڕویی سیاسی و ئایینی، گەوجاند و هەڵخەڵەتاندن، بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن، هاندان و چەکدارکردنی کەسانی نەفس نزم، بێڕێزیکردن بە پارچەکانی تری کوردستان و هەڕەشەی گەورەی ماڵوێرانکەر، بێڕێزی بە زانست و پەروەردە و یەکتر تەخوینکردن. ئەمانە و چەندینی تر هۆکاری لاوازی هەرێمی کوردستانن و دروستکردنی مەترسیە بۆسەر ئەو هەرێمەی هەمو کورد دڵێ پێخۆشە و چاوی پێدەگەشێتەوە.

 

دەرهاوێشتەی ئەم کەلتورە ناشرینە بە رونی لە لاوازی ئەم دەسەڵاتە دەرکەوت، ئەویش بە پەنابردنە بەر دادگای فیدرالی بۆ چارەسەری کێشەکان. ئەم پەنابردنە دەریخست کە:

١- ئەم دەسەڵاتە کورتبینە لە ٣٠ ساڵی رابردودا نەیتوانی دادگایەکی هاوشێوە لە هەولێر دابمەزرێنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان خودی خۆیان.

٢- ئەم دەسەڵآتە چەند لاوازە لە بەر کزە بایەک خۆی بۆ ناگیرێ و خۆی بەدەستەوە دەدات. دوێنی کەرکوک و ئەمڕۆش ئەم خۆ بەدەستەوەدانە دەریخست پاڵەوانن لە کەپکی حەمەد ئاغا و بێنەمودن لە شوێنەکانی تر.

٣-خۆتەخوینکردن کەلتورە هەرە باوەکەی ئەم دەسەڵاتەیە، دوای ٧٠ ساڵ کار لەسەرکردن ئێستا  رەگی داکوتاوە و گەیشتۆتە لوتکە، لەزاری بەرزترین دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەوە کوردستان گوێبیستی دەبێ.

٤-چرپاندیە گوێی هاوڵاتیانی کوردستان ، کە "" ئەم دەسەڵآتە سەرەخۆەرەیە و پیاوی ئەم قۆناغە نیە"" . بەندەش دەڵێ کاتی گۆڕینی هاتوە.

٥-لە نەبونی دادگای هەولێر، چەکوشەکەی دادگای فیدرالی لە بەغدا جێگای دەستخۆشی و پێزانینە، چونکە جێی سەنگەرە خوێناویەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و دێگەڵەی گرتەوە. پایەداربێت کاتێ دادپەروەرانە بڕیارەکانی بدات.

بەڵام دەبێ بزانێ دەتوانێ چەکوش بەسەری هەمواندا بکێشێ بەڵام قەوارەی هەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم نا. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن