202وتار

لە کەرکوک: هەڵەی رابردو دوبارە مەکەنەوە

8/12/2024 8:43:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

بە درێژایی ٣٥ ساڵ لە دەسەڵاتی بەعس ئەوەی ناشێ بە پێکهاتەی کورد و زەویوزاری جوتیارانی کرا:بەعەرەبکردن، راگواستن و کوشتن و بڕین ، زیندانیکردن و هێنانی عەرەب و نێشتەجێکردنی لە جێی کوردان. گۆڕینی سیمای کەرکوک و لێسەندنەوەی خاوەندارێتی کەرکوک لە کورد مەبەستی سەرەکی و پشتەوەی هەوڵەکانی بەعس بو. دەربارەی تورکمانیش وەک دوەم پێکهاتەی ئەو شارە بەعس نەک هەر بە عەرەبی دەکردن، بەڵکە بە ڕاشکاوی رایدەگەیاند کە پێکهاتەیەک نیە لە عێراق بەناوی تورکمان. 
بۆیە کورد و بەپرسەکانی دەبو و دەبێ زۆر بەرپرسانە لەگەڵ کەرکوک و دانیشتوانەکەی مامەڵە بکەن.  لەم دەرفەتە تازەیەی ئێستاش کە هاتۆتە پێشێ، دەبێت هەڵەکانی رابردو دوبارە نەکرێتەوە:
راپەڕینی ١٩٩١ 
دوای دابڕانێکی زۆر بۆ یەکەم جار کورد توانی بە هێزەوە بێتەوە کەرکوک، ئەگەرچی بەرنامەی گشتی و سەرەکی ئەم هاتنەوەیە وەک هێزێکی رزگارکەر و گێڕانەوەی ژیان بو بۆ کەرکوک، بەڵام بە کردار نەتواندرا پێشگیری لە شڕەخۆری، خراپەکاری و خراپ مامەڵەکردنی دانیشتوانی شارەکە و دامەزراوە حکومیەکان بکرێت. بە کورتی وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت نەکرا. بە هۆی مانەوەی هێزی کورد لە کەرکوک بۆ ماوەیەکی زۆر کەم ( ٢٠ رۆژ) نەتواندرا چارەسەری ئەو پاشاگەردانیە بکرێت.
پرۆسەی ئازادی عێراق ٢٠٠٣ 
لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧ دو حیزبی کوردی دەسەڵاتی تەواویان لە کەرکوک هەبو و ئیدارەی شاریان بەدەستەوە بو. موخابن نەک سودیان لە هەڵەی ١٩٩١ نەبینی بەڵکە زۆر نابەرپرسانە مامەڵەیان کرد. ئەوەندەی دەیانویست بازوی بەهێزی حیزب پیشان بدەن هێندە لە خەمی کارە خزمەتگوازی و پرسە نیشتمانیەکان نەبون. ئەوەندەی خەریکی بازرگانی و بەرژەوەندی خۆیانبون هێندە خەمی بەرژەوەندی گشتی نەبون. لە لایەکی تریشەوە پێکهاتەی سونەی عەرەب وەک پێویست هاوکاری ئیدارەی کورد نەبو. هاتنی داعشیش هیندەی تر ئەرکی ئیدارەی کەرکوکی قورسترکرد.
٢٠١٧ – ئێستا
بەدرێژایی ئەم حەوت ساڵە پێکهاتەی کورد زۆر دەردەسەری و نەهامەتی بینی: فشاری تەعریب و ستەمکردن لە جوتیارانی کورد، بە سەربازگەکردنی شار و هەوڵی گۆڕینی سیمای شار. ئەم بارودۆخە تازەیە بەرهەمی ناتەبایی پارتی و یەکێتی بو. بە تایبەتی ئامەدەنەبونی فراکسیۆنی زەرد بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەن و دانانی پارێزگارێکی کورد دوای ١٦ ئوکتۆبەر. ئەم دو حیزبە لە جیاتی پێکەوە کارکردن و چارەسەری کێشەکان، کەرکوکیان بە گورگانخوارددا، پارتی کەرکوکی وەک شارێکی داگیرکراو ناودەبرد، جارێکی تر یەکتر تەخوینکردن دەستی پێکردەوە.

ئێستا.....بۆ 
ئەگەرچی چاوەڕوان ناکرێت ئەم دو حیزبە پێکەوە هەڵبکەن و کێشەکان پێکەوە چارەسەر بکەن، سەرەتایەکی باش نیە. دروستبونی حکومەتی خۆجێیی بە پرۆسەی نەشتەرگەریەکی زۆر قورس جارێکیتر ناتەبایی ئەم دو حیزبەی دوپاتکردوە. بۆیە ئەرکی کەرکوکیەکانە خۆیان لە گێژاوی حیزبی بەدوربگرن.
لەگەڵ هەمو کەموکوریەکان دروستکردنی حکومەتی کەرکوک بۆ ئەمڕۆ هەنگاوێکی دروست و باشە، پێویستە پشتیوانی لێبکرێ.جێی ئەوەیە برادەرانی پارتی دژی نەوەستن و لەسەرەخۆ بارگرژیەکە کەمکەنەوە، دەبێت یەکێتی زۆر بەرپرسانە قسە بکات. حکومەتیش ئەم هەنگاوانە بنێت:
١-دروستکردنی ئەنجومەنێکی راوێژکاری لە تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوک ( کورد، تورکمان، عەرەب و مەسیحی). پەیوەندی راستەوخۆیان بە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنەوە هەبێت.
٢-دوبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی رابردو.
٣-بێزارنەکردن و نارەحەتنەکردنی شەقامی عەرەبی و تورکمانی ئەوانەی لەگەڵ دروستکردنی ئەم حکومەتە نەبون.
٤-خۆی بە حکومەتی هەموان بزانێت و خزمەتگوزاربێت.
٥-پەلەنەکا و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات.
٦-ئاگاداری خۆنزیککردنەوەی کەسانی دوڕو و بەرژەوەندخوازبێت. بەتایبەتی لە بواری پرۆژە خزمەتگوزاریەکان.
ئەوەی ماوە و پێویستە بگوترێ، بۆ ئەوەی تاکی کەرکوکی بەرچاوی رونبێ و بڕیاری خۆی بدا، بڵاوکردنەوەی دەقی ریکەوتنەکەیە بۆ رای گشتی، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن زاندرا، ئەوەی ماوە چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکانی تر و بەرنامەی کارکردنە.
بەتلیسی، جۆرجیا، ١٢/٨/٢٠٢٤

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن