205وتار

پرسە و پرسی نیشتمانی لای دەسەڵاتەکانی هەرێم

2/26/2024 9:10:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

پرسە  نەرێتێکی دێرینی کۆمەڵایەتی تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە، رێوڕەسمەکانی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. بە گشتی پرسە و بەدەنگەوەچونی جگە لەوەی کاریگەری ئەرینی دەرونی هەیە بۆ سەر خاوەن پرسە و خەمڕەوێنە، زۆر جاریش لە کمەڵگەی کوردی نەک هەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە هێزتر دەکات بەڵکە هۆکارێکیشە بۆ ئاشتەوایی نێوان تیرە جیاجیا ناکۆکەکان. موخابن لەم ساڵانەی دوایی رەوتێکی ئایینی دژ بەم نەریتە دێرینە وەستاوەتەوە و تەنها لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردندا بەشداری دەکەن. لە بارەی پرسەوە کورد وتۆتی " شین و شایی دەستەوایی".
بەڵام کاتێک پرسە دەکرێت بە سیاسی و جەمسەرەکانی دەسەڵات لەسەر یەک سفرە و بەڕە کۆدەکاتەوە، دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبیش تیشک دەخەنە سەری و گەورەتری دەکەن، وا بۆ رای گشتی دەخەنە رو کە ئەم جەمسەرانە لە کاتی تەنگانە و کێشەدا هەمیشە وا لەیەک نزیکن و یەکڕیز و تەبان. بیریان دەچێتەوە کە میللەت بیری تیژە و دەیان نمونەی رابردوی دێتەوە بەرچاو. بە نمونە: لە پرسەی سێ سەرۆکی دیاری حیزب بەڕێزان مەلا مستەفای بارزان، مام جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا حەشاماتێکی زۆر کۆبونەوە و خەمباربون و فرمێسکیان رشت، بەڵام  مەرگ و پرسەی ئەمانە نەیتوانی ئاشتەوای، تەبایی، یەکڕیزی ، چاکسازی، یەک ئیدارەیی و یەک هێزی پێشمەرگە دروست بکات. لەم بۆنانەدا ئەم جەمسەرانە وەک ئەو ئیسلامانە دەردەکەون کە لەسەر قەبران ترس دایاندەگرێت خودایان بیردێتەوە و تۆبە دەکەن بەڵام هەر بەدورکەوتنەوە لە گۆڕستان وەک ئەوەی نەبایان دیبێ نە باران.
 بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ هەموان و بۆ نیشتمان و شکۆکەی کردنی ئەو پرسیارەیە لێرە  دەبێ بکرێ، ئەوەیە، بۆ پرسە نیشتمانیەکانی وەک:
-کەرکوک : لە کاتی هەڵبژاردنەکان، ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ، تەعریب و داگیرکردنی زەوی کوردانی کەرکوک.
-هەڵەبجە و کیمیاباران و ئەنفال
- ئەنفالی بارزانیەکان
-خوێنی شەهیدان و ئاهوناڵەی کەسوکارەکانیان
-ئێزدیەکان و پرسی شەنگال.
-چەوسانەوەی کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران و سوریا و تورکیا
-ئێستاش دروستبونی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک.هەڵکوتانە سەر گەڕەکاکنی نەورۆز و کوردستان و عەرەفە ....هتد.
هێندەی پرسەیەک و بەرژەوەندیە حیزبیەکان کاریگەریان نیە  لە کۆکرندەوەی ئەم جەمسەرانە.؟ 
٣٢ ساڵی رابردوی حوکمڕانی دەسەڵاتی حیزبی بە کردەیی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و دەریخستوە کە پرسی نیشتمان و نیشتمانی دایک نە  لە ریزبەندی یەکەمی کارەکان و نە لە خەمی ئەمان بوە. هەر ئەمەش هۆکارە لە دەرکەوتنی ئەم هەرێمە وەک ئەوەی  ئێستا لە مەترسیدابێت. دەسەڵاتەکانیش لە پێناوی مانەوەی خۆیان و بۆ ترساندنی خەڵک باس لەم مەترسیە دەکەن. بەڵام لە راستیدا ئەگەر میللەت بتوانێت خاوەندارێتی نیشتمان بکات دەسەڵاتەکان لە مەترسیدان نەک هەرێمەکەمان و حکومەتەکەمان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن