کەرکوک و دواخستنی سەرژمێری
9/24/2024 4:52:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
راستە دەوترێت " وڵاتیک خاوەن داتایەکی دروست نەبێت وەک ئەوە وایە چاوت نوقاندبێت و لە شەوێکی تارێکدا رێگا بکەی". بەڵام ئەم قسەیە بۆ وڵاتێکە کێشەی خاک ،نەتەوە و دەستوری نەبێت، نەک وڵاتێک و هەرێمێک گەندەڵی و نادادپەروەری سەرتاپای جومگەکانی حکومڕانی داپۆشیبێ، دەسەڵات و سەروەریەکەی لە ژێر پرسیاردابێت . نەک وڵاتێکی وەک عێراق لە ٢٠٠٥ دەستورێکی هەمیشەیی هەیە، کەچێ حکومەتەکەی زۆرێک لە مادەکانی جێبەجێ نەکردوە، دو پێکهاتەی گرنگی وەک کورد و تورکمان بە درێژایی ٣٥ ساڵی حوکمی بەعس ستەمیان بەرامبەر کراوە و مافیان زەوتکراوە، ئەم حکومەتەی ئێستا بە گوێرەی دەستوریش مافە زەوتکراوەکانیانی نەگەڕاندۆتەوە. لە کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان هێشتا ئاسەواری بەعس نەک نەسڕاوەتەوە بەڵکە بە شێوەیەکی تر بەردەوامی هەیە. پەرلەمانێک دوای ٢١ ساڵ لە روخانی بەعس ئامادەنیە لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پوچەڵکردنەوەی یاساکانی بەعس بدات. یان سادەترین مافی هاوڵاتی کە موچەیە بەدەست هەولێر و بەغداوە بۆتە پرسێک هاوڵاتیانی توشی نەخۆشی دەرونی و کێشەی کۆمەڵایەتی کردوە. بۆیە هەمو هەنگاوێکی ئەم دو دەسەڵاتە جێی گومانە.
لە دوای ٢٠١٧ وەک لە بەشی یەکەمی ئەم نوسینە ئاماژەم پێدا، لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان گۆڕانکاری گەورەی دیموگرافی رویدا ، سیمای جادە و شارەکان بە رادەیەک گۆڕانی بەسەردا هاتوە کاریگەری لە کەلتوری رسەنی ناوچەکە کردوە. ئەم هەنگاوەش دژی قۆناغی ئاساییکردنەوەی مادەی ١٤٠.
لە رۆژانی رابردودا کۆبونەوەی نێوان حکومەتی هەرێم بە دەستپێشخەری سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و نوێنەری حیزبە کوردیەکان و چەند کەسایتیەکی ئەم ناوچانە ئەنجامدرا. دەرکەوت:
١-حکومەتی هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ رای دانیشتوانی کەرکوک بە چەند مەرجێک رازیبوە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری.
٢- رای زۆربەی هەرەزۆری ئامادەبوان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەکە نەبون. چونکە بە زیانی پیکهاتەی کوردە.
٣- ئەنجامی ئەم سەرژمێریە دەبێتە بنەما و دورنیە جێی ئاماری ساڵی ١٩٥٧ بگرێتەوە. چونکە بە پێی ئەم پرۆسەیە، کەسێ لە کوێ تۆمار دەکرێ دەبیت بە خەڵکی ئەو شوێنە.
٤-ئەو چەند بەڵێنەی حکومەتی عێراق بە هەرێمی داوە، جێی متمانە و بڕواکردن نیە. وەک ئەوەی کە پەیوەندیەک لە نێوان ئەم سەرژمێریە و ساڵی ١٩٥٧ دروست بکرێت.
بە کورتی، پێویستە حکومەتی هەرێم بریاربدات:
١- داوا لە بەغدا بکات، پرۆسەی سەرژمێری دوابخرێت، تا قۆناغی ئاساییکردنەوە لە ١٤٠ وجێبەجێدەکرێت، وە هەمو ئەو گۆڕانکاریانەی دوای ٢٠١٧ کراون لاببرێن.
٢- ئەگەر پرۆسەکە دوانەخرا،بۆ ئەوەی کورد خۆی شەرعیەت بە پرۆسەکە نەدات، باشترە کورد بەشداری لە پرۆسەکە نەکات ( بایکۆت).
٣-راگەیاندن و هەمو لایەنەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵسن لە بە ئاگاهێنانەوەی شەقامی کوردستانی لە گرنگی ئەم پرۆسەیە.
لە کۆتاییدا، دروست نیە هیج لایەنێکی سیاسی یان دەسەڵات بە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە رازیبێت بەرامبەر بە موچە، بودجە یان هەر دەستکەوتێکی تری سیاسی و حیزبی، یان بە هۆی سەرقاڵی بە هەڵبژاردنەوە لە هەرێم ئەم پرسە بەکەم سەیربکرێ.