لە کەرکوکەوە بۆ فیستیڤاڵی هەنار
11/16/2024 7:35:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
لە پاڵ شاخەکاندا هەنار و باخەکان هێندەی تر هەڵەبجە و دیمەنی دەشتی شارەزوریان جوانتر کردوە. لە هەناریش جوانتر دەستپاکی و راستگۆیی لاوەکانی. لە سەید سادقەوە باران دەستی پێکرد، بە پەرۆشەوە بەدوای دوکانێکدا دەگەڕاین تا چەتر بکڕین، لە سیروان لە دورەوە لە دوکانێک چەند چەترێکمان بەدیکرد. جادە جمەی دەهات، چوار ریز ماشین لە جادە پیادەئاسا دەهاوێژران، یەکێ لە میوانەکانم لە هۆڵەنداوە هاتبون بە پەلە دابەزی و لە دوکانێک چوار چەتری کڕی، دوای ئەوەی پارەی چەترەکانی دابو، لە کاتی دەرهێنانی پارەکە لە گیرفانی ١١٥٠٠٠ سەد و پانزە هەزاری لە دوکانەکە لێکەوتبو، پاش پێزانینی و دوای ١٥ خولەک گەڕاینەوە بۆ دوکانەکە، هەر لەدورەوە گەنجەکە پارەکەی لە کیسەیەکی نایلۆن دانابو دایەوە دەستی میوانەکەم. ٥٠٠٠ هەزاریەکی لە بەر باران تەڕبوبو، ئەو برادەرە هەرچەن ویستی پاداشتی گەنجکە بکات، بەڵام گەنجەکە رازی بوو. لەوکاتە راستەوخۆ بیرم لەو قسەیە کردەوە کە دەڵێت " ئەم پەرپرسە گەندەڵانەش هەڵبژاردەی ئەم میللەتەن". بەڵام ئەو گەنجە بە کردەوە وتی " حاشا ئەم گەندەڵانە لە ئیمە نین". نمونەی زۆربێت.
لە هەڵەبجە، نزیک شوێنی فیستیڤاڵەکە دوای گەڕانێکی زۆر لە کۆڵانێک لە بەردەرگای ماڵێک جێگەی ئوتۆمبیلەکەمان بوەوە، ماڵێکی میواندۆست و بەڕێز، زۆر فەرمویان لێکردنین چایەکیان لا بخۆین، کاتێ زانیشیان خەڵکی کەرکوکین هێندەیتر رێزیان گرتین. بە هەواڵپرسین لە بارودۆخی کەرکوک دەستیان بە قسەکرد. دوای یەکترناسین و قسەوباسی زۆر درکەوت ( ئەو بەڕێزە کاتی خۆی ئاسایشی یەکێتی بوە، دوای ئەوەی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە کردوە، لە ئاسایش دەرکراوە و بەڵێننامەی پێ پڕکراوەتەوە کە جارێکی تر داوای گەڕانەوە نەکات بۆ ئاسایش. بزوتنەوەی گۆڕانیش هیچ هاوکاری نەکردوە و ئێستا کرێکاری دەکات.
دوای سەردانی فیستیڤاڵی هەنار بەرە و شارۆچکەی بیارە بەڕێکەوتین، لە بیارەش میوان دۆستی و رێزگرتن لە باسکردن نایەت. دوای شەوێک مانەوە لە ماڵێک بەدوری ٢٠ مەتر لەو جۆگە ئاوەی باشور و رۆژهەڵاتی کردوە بە دوبەشەوە، لە دونیاش بە سنوری عێراق - ئێران ناسراوە، بەرەو سەرچاوەی زەڵم بەڕێکەوتین ، لە پێچەکانی بیارە، هەڵوێستەیەکمان کرد بۆ گرتنی وێنەی دیمەنە دڵڕفێنەکان. لە سەر جادەکە توشی سێ پێشمەرگە بوین، منیش وەک پێشمەرگەیەکی دێرین ویستم بیاندوێنم، یەکیان هاتە پێشێ و وتی " من پێشمەرگەی زێڕەڤانیم". منیش باسی خۆم بۆ کرد و چۆن لە شەڕێکدا بە فیشەکی بەعس بریندار بومە، ئێستا سەر بە هیچ حیزبێک نیم. پێم وت "" ئێوە پم کوردستان بن باشترە"، کەی کاتی هێزی ٧٠ و ٨٠ ، زێڕەڤانی .... هتد ماوە. کاتی ئەوەیە هەمو پێشمەرگەی کوردستان بن. من لە کەرکوکەوە هاتوم، لەو شارە پارتی یەکێتی رێکناکەون و ئێمەیان گورگانخوارد کردوە. بە کورتی کە کەوتە قسە، وتی من پارتیم و پم زێڕەڤانیم ، دەرکەوت لە قسەکانی چ پەروەردەیەکی سەقەت کراوە، قسەی ئەم چەکدارە رێک لە قسەی هەندێ لە چەکدارەکانی ٧٠ دەچو، گەمژەیی هەشتاکانی خۆمی بیرخستمەوە ئەو گەمژەییەی زۆرداری بەعس توشیکدبوم: لە زانکۆوە بۆ شەڕی براکوژی. موخابن ئەم پەروەردە و بیرکردنەوەیە تائێستاش:
١- بۆتە چەکی هەمیشەیی دەستی حیزب و بنەماڵە بۆ گەوجاندنی لایەنگرانی.
٢- بونەتە دەرهاویشتەیەکی خراپی خەباتی چەکداری.
دواجار بە دەستی پڕ لە هەنار و روبەکەی ، توو و دۆشاوەکەی ، گوێز و بنێشتە تاڵی هەورامان لە ژێر لێزمەی باران و هەورە تریشقەی دەشتی شارەزور گەڕاینەوە بەرە و کەرکوک، بە گەیشتنەوەشم ئەم جیرۆکانە و ئەوەی بینیبوم بۆ کەرکوکم گێڕایەوە.