175وتار

کەرکوکیەکان باجی هەڵەی سیاسی و .....دەدەنەوە

7/9/2024 12:52:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

تۆپزاوە ئەو گوندەی جگە لە پرۆسەی تەعریب و راگواستن، بوە زیندان بۆ دەیان هەزار کوردی ئەنفالکراو، بو بە وێستگەی کوشتن، زیندە بەچاڵکردن، گواستەنەوە بۆ بیابانەکانی عێراق و چەندین شوێنی تر. بونی دەیان گۆڕی بێ ناز، بێ ناوونیشان لەو  سەربازگەیە بەڵگەی زیندوی رەفتاری دڕندانەی رژێمی بەعسە. لە بنەڕەتدا ئەم وێستگەیە سەربازگەی سوپا و جەیشی شەعبی بو.  دوای ٢٠٠٣ دەبو هەنگاوی یەکەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردی دروستکردنی مۆنیومێنت و مۆزەخانەی شایستە بەم کارەساتە بوایا لەم شوێنە. موخابن نەکرا. ئەمە بە یەکێک لە هەڵە سیاسیەکان دادەنرێت، نەکردنی رەنگدانەوەی ناتەبایی حیزبەکانی دەسڵاتن.  ئێستا ئەم سەربازگەیە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هاوشێوەی کۆن بیکەنەوە بە سەربازگە. خەڵکی تۆپزاوە و رۆشنفکرانی کەرکوک لە هەوڵی بەردەوامن بۆ رێگریکردن لەم هەوڵەی سوپا. دەسەڵاتە حیزبیەکان دەستەوەستانن. ئەمە یەکێکە لەو باجانەی کەرکوکیەکان دەیدەن.

بە پێی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراق دەبو هەردو بڕیاری لیژنەی کاروبارەکانی باکور و بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕش ( حیزبی بەعس)  هەرزو هەڵوەشێندرێنەوە و زەوی کورد و تورکمان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. ئەمەش لە ٢١ ساڵی رابردودا جێبەجێ نەکرا. ئێستا گردبونەوەی جوتیاران و رۆشنفکران بەرەو خۆ رێکخستن دەچێت، تا هەوڵبدەن بەڕێگەی یاسایی و فشاری شەقام بۆ سەر دەسەڵاتی بەغدا و هەولێر مافەکانیان وەربگرن یان لانی کەم رێگری بکەن لە تەشەنەکردنی زیاتری تەعریب و پاراستنی ئەوەی ئێستا هەیە. ئەمەش باجێکی تری هەڵەی سیاسیە.

دوای ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ بەر لەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێتەوە پێکهاتەی کورد دەیتوانی بەو زۆرینەیەی لە ئەنجومەنی کەرکوک هەیەتی ( ٢٦ کورسی لە ٤١ ) پارێزگارێکی کورد دابنێ، بەڵام ناکۆکی نێوان پارتی  ویەکێتی ئەم دەرفەتەی لەدەستدا، راستی جێی گوتنە، چەند بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری لە دەستدانی ئەم دەرفەتە بون. لێرەوەش رێگە خۆشکرا دەسەڵاتی کەرکوک بکەوێتە دەست کەسانی رق ئەستور بە رامبەر بە کورد. لە ٧ ساڵی رابردودا پرۆسەی تەعریب و داگیرکردنی زەوی پێکهاتەی کورد و تورکمان بە شێوەیەکی تر دەستی پێکرد. بۆ کۆچکردنی کوردی کەرکوک بەرەو هەرێم هەولێر و سولەیمانی رۆڵی خراپیان بینی بە پێدانی ئیمتیازات و خانو بە کادرەکانیان لە هەرێم، بەمەش بەرپرسە حیزبیەکان و لایەنگرانیان کەرکوکیان جێهێشت. لێرەش پارتی نەیشاردەوە و بە راشکاوی دەیگوت کەرکوک داگیرکراوە، بۆیە کۆچی پارتیەکان لە کەرکوک بە کۆمەڵ بو.

ئێستا، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کەرکوک، کورد توانی ٨ کورسی بەدەست بهێنێت، کەچی دروستبونی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لە قوڕگی شێردایە، ئەمەش هۆکارەکەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیە.

جگە لە پارتی و یەکێتی، بێدەنگی حیزبە کوردستانیەکانی تر یان گوێڕایەڵیان بۆ حیزبەکانی دەسەڵات، نەنانی هیج هەنگاوی کرداری ئەوەندەی تر کارێگەری  نەرێنی هەڵە سیاسیەکان بۆ سەر پێکهاتەی کورد لە کەرکوک زیاتربو. بێئومێدی و بێهیوایی و ترس لای کوردی کەرکوک لە دەرکەوتەکانی ئەو هەڵە سیاسیانەیە.

بۆیە لە کۆتاییدا کەرکوکیەکان لە ناویاندا جوتیاران و بەشێکی رۆشنفکران درکیان بە خەتەری زیاتری بارودۆخەکە کردوە، خەریکی خۆڕیکخستنن بۆ ئەوەی:

١-بەڕێگەی یاسایی داوای مافەکانیان بکەن بە سود وەرگرتن لەو کەشە سیاسیەی کە هەیە.

٢- دروستکردنی فشاری جەماوەری بۆ سەر بەغدا و هەولێر.

هەمو دەزانین، ئەم بارودۆخەی ئێستا بەرهەمی ٢١ ساڵی رابردوە، هەڵەی سیاسی دەسەڵاتی حیزبی کوردیە، لە ٢١ ساڵی رابردودا رەخنە و گلەیی کاریگەری لەسەر رەفتاری دەسەڵات نەکردوە. بۆیە کاتی ئەوە هاتوە، لە خۆمان بپرسین: ئێمەی کەرکوکی خۆمان چیمان بۆ دەکرێ؟ تا چەند دەتوانین یەکگرتوبین؟ ئومێد و هیوا بۆ خۆمان و کەرکوکیەکان بگێڕێنەوە؟ تاچەند دەتوانین ترس بڕەوێنینەوە؟ تاچەند دەتوانین سود لەو وزە باشانەی ناو حیزبەکان ببینین؟

دوا قسە ""  دەرکەوت ،ئومێد بەخشە هاوکاری بەرپرسە کەرکوکیەکان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال، هیوا بەخشە دڵسۆزی کادرە کەرکوکیەکانی ناو حیزبەکان بۆ کەرکوک". ئەمانە پشتیوانیەکی باشن بۆ خۆڕێکخستنەوەی جوتیاران و رۆشنفکرانی بێلایەن. بەڵام ئەم پشتیوانیە لە ئێستادا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە،" چی لە ریزبەندی یەکەمە؟ کەرکوک یان حیزب و بەرژەوەندی کەسی" بە هیوای بەردەوامی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن