205وتار

مرۆڤ لە نێوان ماسك و ناسین دا

3/30/2024 4:15:00 PM
ئارام قادر سابیر

لە سەردەمی ماسك و ماسكپۆشاندا، زانین و ناسینی ئێمە لە ماسكەكاندا گیر دەبێت، وەك وەهم و وێنە و سێبەری ڕاستی دەمێنێتەوە، ماسك وەك ڕوكەش و فێنۆمێنێكی كانت-یانە، نایەڵێت بگەین بە حەقیقەتی جەوهەری و نۆمێن. بە گشتی، لە تراویلكەی ماسكدا واتامان بە ژیان داوە، نەك تەنها مرۆڤەكان، بەڵكو ماسك بە بەر كاڵا و هەر شتێكی دیكەدا كراوە، نایەڵێت بەر واتا و بوونی ڕاستەقینە بكەوین. 

ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەروونی، لەو دیو ماسكەكانەوە نمایش و شانۆی هەمەجۆریان بەرپا كردووە، هەمووان لە گومان و دڵەڕاوكێ و ترسەوە بەرەو یەك دەچن و خێرا و بە مەودای زیاتر لێك دوور دەكەونەوە. ماسك هەموانی وەك داهۆڵێك دوور لە ئاكار و ویژدان و گیان خستۆتە نمایشەوە. گەر لۆجیك و ئەقڵێكی كارا نەبێت، ئاستەمە فێڵەكانی پشتی ماسك بناسرێت. 

لەمڕۆدا كۆمەڵگەی ماسكدار و ماسكە جۆر بەجۆرەكانی كۆمەڵگە، كۆمەڵگەیەكی نمایشی و ساختە و درۆیان خوڵقاندووە، كەسایەتی ساختە و تێكشكاویان فەراهەم كردووە، بەجۆرێك ناتوانێت وەك خۆی و لەسەر بونیادی بنەڕەتیانەی بوونی خۆی بوەستێت و خۆی بنیات بنێت، بۆ نمونە ناتوانێت بڵێت من كوردم یان من ئەو كێیەم، ئەمەش لە هەناوی خۆیدا هەڵگری نەخۆشی و ئیشكالیەتی قوڵ و ئاڵۆزە. بە جۆرێك لە كۆمەڵگەی ماسكداردا دەبێت ماسك ببەستیت بۆ ئەوەی تیایدا قبوڵ بكرێت و عەوام و زۆرینە هێرشت بۆ نەهێنن و نەتخەتە بەر شاڵاوی نەفامانە. بەمەش ژیانی بە ماسكەوە بووە بە ژیانی ئاسایی و ڕۆتین.

شێركۆ بێكەس گوتەنی:

 دەمامكەكان هەڵبدەنەوە،  ئەم شانۆیە هەرەس دێنێت!

بەڵام كێ دەتوانێت دەمامكەكان هەڵداتەوە، كێ دەتوانێت فڕێیان بدات؟ فڕێدان و هەڵدانەوەی ماسك جگە لە لۆجیك و ئەقڵی كارا، ئاكار و ویژدان، بوونی ڕەسەن، ویست و بوێری، ڕێز و خۆشەویستی، متمانە و ژیانی هاوڕێیانە پێویستن. لەبەرئەوەیە، ژیان وەك خۆت و وەك ئەوەی كە هەیت سەختە! یان دەمامكی عەوام یان خۆشاردنەوە لە عەوام دەبنە درۆی ژیان و گونجان. تۆ ڕاستگۆبە، خۆت بە، وەك كانت دەیگوت: ئەگەر گوتنی ڕاستی ئەوان دەكوژێت، لێگەڕێ با بمرن!

نیچە دەڵێت: هەندێ جار ئەوە مرۆڤەكان نین كە دەگۆڕێن، بەڵكو ماسكەكانیانە  دەكەوێت. واتە، هەر ئەوە بوون و لێیان شاردوینەتەوە، وەك ئەوەی لەگەڵ نەناسێك مامەڵەمان كردبێت، ئەو ئاشنایەی لە پشتی ماسكەكانەوە بوونێكی دیكەی هەبوو، لە ڕاستیدا نامۆیەك بوو
.
شكسپیر پێیوابوو، كە ڕوخساری مرۆڤ وەك كتێبێك وایە، دەتوانین شتی سەیری لێ بخوێنینەوە. دەی كەواتە ڕێگە مەدە بە هەڵە بخوێنرێیتەوە. چونكە مرۆڤی ڕووبەڕوو هەمیشە شایستەی ڕێزە، وەك ئەوەی كە دەگوترێت: كاتێك قسەم بۆ دەكەیت، ماسكەكەت فڕێدە. چونكە مرۆڤ دەبێت دیالۆگ لەگەڵ خودی خۆتدا بكات، نەك ماسكەكەت. لە كاتێكدا كەس ناتوانێت بۆ هەمیشە لە پەنای ماسكەكانەوە خۆی بشارێتەوە. دەی خودی خۆت لە پشتی ماسكەوە زیندانی مەكە، ئازاد بە و بەرپرسیارێتی خودی خۆت ئازادانە هەڵگرە، زۆر بە ئازارە بەرامبەر درۆ و ساختەكاری بەرپرسیار بیت.
مانەوە و كەشفبوون لە پشتی ماسكەوە، متمانە ناهێڵێت و لانیكەم لاوازی دەكات.  كارڵ گۆستاڤ یۆنگ هەرچەندە باسی جۆرێك لە كەسایەتی دەمامكی دەكات، بەڵام دەیگوت: ساڵانێكی دەوێت تا متمانە بەدەست بێنیت، بەڵام دەشێت لە چركەساتێكدا لەبەین بچێت و دروستكردنەوەشی بۆ ئەبەد درێژە دەكێشێت.

ماسك جوانمان ناكات، ماندێلا گوتەنی ئاكار و ڕەفتاری باش قەرەبووی ناشیرینی دەكاتەوە، بەڵام جوانی ڕوكەشیانە هەرگیز قەرەبووی نەبوونی ئاكاری چاك و جوامێریی ناكاتەوە. دەبێ بزانین هەرگیز ماسكەكان جوامێری و فەزیلەتمان پێ نابەخشن.

كەواتە، خۆت بە، كە ئەمە سەختترین شۆڕشە لە خۆتدا، خۆبوون بوێرییە و ماسكداری بریتییە لە شاردنەوەی خۆ و ترس لە خۆ و دەركەوتنی خۆ. مەترسە، بوێریی ئەوەت هەبێت كە خۆت بیت. هەرگیز بەوە باڵا ناكەیت كە خۆت نەبیت، ئەوەی بە ماسكەوە باڵا دەكات خۆی نییە.
بۆ گۆڕینی جیهان دەبێت خۆمان بگۆڕین، گاندی دەیگوت: مەزنترین توانستی مرۆڤ گۆڕینی جیهان نییە، بەڵكو گۆڕینی خۆیەتی. ئیدی ماسك ناتگۆڕێت بەڵكو دەتكوژێت.

مرۆڤی ڕەسەن بێ ماسكە و ناڕەسەنیش بە ماسكەوە، چارلی چاپلین گوتی: سەختتر لەوەی بەسەر تەناف و پەتدا بڕۆیت، بریتییە لەوەی كە وەك مرۆڤ بەسەر زەویدا بڕۆیت. لێگەڕێن مرۆڤ ببینین و مرۆڤ بدوێنین، چیدی مرۆڤی ساختە و ساختەجی واتاكانی ژیانمان لێ نەشێوێنێت.

لە كۆتاییدا، دەپرسین: ئایا كێ و چی بەرپرسە لە ماسكداری؟ دەروون و سروشتی مرۆڤ، سیاسەت و كۆمەڵگە؟ ئایین و كولتور؟ دەسەڵات و سیستم؟ ئایدیۆلۆژیا؟ داگیركار؟ میدیا و دامەزراوە نمایشییەكان و پرئسەكانیان؟

ئەی كێ یان چ دامەزراوەیەك نەخۆشی فرەماسكی و ماسكداری چارە دەكات؟ یاسای ئاكاری؟ پەروەردە؟ یاسا و سیستمی ڕێكخستنی كۆمەڵگە؟ پاداشت و سزا؟ یان چی؟!

هەروەها بپرسین بۆ چارەسەر دەبێت هۆكارەكە بنبڕ بكەین؟ دەتوانین بیكەین؟ یان خەریكی دەرەنجامەكە بین؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن