كۆدوان (سیمپۆزیۆم - Symposium)
12/21/2023 7:18:00 PM
ئارام قادر سابیر
لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا، چالاكییەكی زانستی هەیە بە ناوی (سیمپۆزیۆم)، كە زۆر جار لە ناوەوە و دەرەوەی زانكۆ هەم واتای وشەكە و هەم هاوواتاكەی لە زمانی كوردیدا دەبێیە جێگەی پرسیار، جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارەش بكەن كە داخۆ هەر بە ڕاستی زانكۆكان ناتوانن لە هەمبەر ئەم وشەیەدا كەلەسەر زمان و گۆكردندا زۆر سانا نییە، وشەیەكی كوردی بدۆزنەوە یان دابتاشنن و ڕۆبنێن؟ لە كاتێكدا زمانی كوردی بە وشە دەوڵەمەندە، وەك زمانێكی سروشتی خاوەن ڕێسا و ڕێزمان و چەندان ڕێگەیە بۆ وشەسازی و لق و بابەتەكانی دیكەی زمان و ئاخاوتن. بێگومان بەشە زانستییەكانی زانكۆ ئەركێكی سەرەكیان بریتییە لە بنیاتنانی زمانی زانستیانەی بەشەكانیان بە زمانی كوردی، واتە ناكرێت بەشێك لە زانكۆ، بە نمونە یاسا، زمانی عەرەبی بە بنەما بگرێت و بیەوێت كۆمەڵگەی كوردستان لەسەر بنەمای یاسا ڕێكبخات لە تێگەیشتن و بونیادی زمانییانەی عەرەبییەوە سەبارەت بە قانون، لە كاتێكدا زمان نەك شوناس، بەڵكو بونیادی ئۆنتۆلۆجی و كولتوریی و ئەقڵییە، نەك تەنها ئامراز، بەڵكو هایدیگەریانە بڵێین زمان ماڵی بوونە. ئیدی بۆ ئەوەی هەر بابەتێك لە كۆمەڵگەدا وەك زانست و كولتور بنیات بنرێت و لە تێگەیشتنی گشتی و كۆنەستی خەڵك جێكەوت و كاریگەر بێت، پێویستی بە زمانی كوردیە و یەكەم پڕكەرەوەی سوبێكتی كوردیش بریتییە لە زمانی كوردی.
لە گریكی کۆندا، نەریتێکی دیالۆگ پەیڕەو دەکرا، بە تایبەت لەلایەن دانا و زانا و فەیلەسوفانەوە. فەیلەسوف و ئارەزومەندانی کۆڕی زانین و وتووێژ، لە ئێوارەیەکدا لە دەوری خوانێکدا، بە دەم خواردن و شەراب نۆشییەوە گرد و کۆ دەبوونەوە و دەستیان بە گفتوگۆ لەبارەی بابەتێکی (هزری، زانستی، فەلسەفی، سیاسی ... هتاد) دەکرد و تا درەنگانێک بەردەوام دەبوون. بەو نەریت و دیالۆگە دەگوترا: سیمپۆزیۆم. بۆ نمونەی ئەمەش بەرهەمەکانی پلاتۆن، كە بە شیوەی دیالۆگ نوسراون و یەکێک لە بەرهەمەكانی بە ناوی (سیمپۆزیۆم)ـە و لە کوردیدا بە (خوان) وەرگێڕدراوە، ئەمە جگە لەوەی لە بەرهەمەكانی دیكەشیدا ئاماژە بۆ ئەم شێوە دانێشتن و دیالۆگە دەكات، بە نمونەی (كراتیلۆس).
لە ئەکادیمیای مۆدێرن و هاوچەرخدا، لە پاڵ چەمك و چالاكیەكانی كۆنفرانس و سیمینار و ۆركشۆپدا، هاوكات وشەی سیمپۆزیۆم وەک یەکێک لە چالاکییە زانستییەکان بەکاردەهێنرێت، بەڵام بە بێ شەراب! بەڵکو وەک کۆنفرانسێکی بچوکی زانستی کە تیایدا چەند کەسێک لە بارەی بابەتێکی دیاریکراو قسە دەکەن و بابەت و باری سەرنجیان دەخەنەڕوو بۆ ئامادەبووان. کەواتە جگە لە شەراب و تا رادەیەک خواردنەکە و کاتەکە، هاوكات لە ژمارە و جۆر و چۆنێتی بەشداربوانی دیالۆگەکەش گۆڕانکاری دروستبووە و هەموان ناتوانن دیالۆگ بکەن و بەشداری کارای تێدا بکەن.
ئێمە دەمانەوێت لەسەر چەمکەکە و بە کوردیکردنی بدوێین، دەکرێت وشەی (خوان) واتای (سیمپۆزیۆم) بدات، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە نەریتی ئێمەدا، لە سفرە و خواندا تەنها خواردنەکە دیارخراوە و زاڵکراوە، لەپاڵ خواردنەکە نەریتی گفتوگۆی زانستی رەچاو ناکرێ، کەواتە لە هەست و نەستی خەڵکی و تێگەیشتنی گشتیدا خوان بریتییە لە سفرە و نانخواردن و داوەت (نیوەڕۆخوان، ئێوارەخوان).
هەروەها وشەی (مێزگرد) لە میدیادا بە گردبوونەوەی دووكەس یان زیاتر بە دەوری مێزی گفتوگۆدا واتاكەی جێكەوت بووە. وشەی (هەڤپەیڤین) بە دیدار و موقابەلەی میوان و پێشكەشكار لە میدیادا دانراوە، (كۆڕ) بۆ سیمیناری ڕاستەوخۆ یان پێشكەشكردنی بابەتی هزری و ئەدەبی یان هی تر بۆ خەڵكانی تایبەت بە بوارەكە دانراوە. (كۆڕبەند) بە لە بواری ئابوری و سیاسی لە ئاستی باڵا و نێودەوڵەتی بەكاردەبرێت، دیدار، جگە لە دیدەنی نێوان كەسانێك بە كۆبونەوە لە دەوری بابەت و تەوەرێكی دیاریكراویش دەوترێت و زۆر جاریش ناوێكی ناسراوی لێدەنرێت.
لە چاوگی (دوان) زۆر وشەی دیكە دەتوانرێت سازبكرێن، بە نمونە لە جیاتی (مونەسسە) بڵێین (جێدوان) كە ئاوازەیەكی خۆشی هەیە و بەو جێگەیە دەوترێت كە لێیەوە دەدوێین وەك مینبەر. هەروەها بە پێناسەی سەرەوە دەتوانین سیمپۆزیۆم بكەین بە (كۆدوان) واتا قسە و دیالۆگی پێكەوەیی نێوان كۆمەڵێ كەس، كە پێكەوەدوان و بە كۆ دەدوێن، وەك چۆن لە كۆچ و ڕۆیشتنی بە كۆمەڵ كۆڕەو دروستكراوە، یان كۆڕێك (كۆڕ بریتییە لە كۆبوونەوەی كۆمەڵێ كەس لە شوێنێك) كە دواندنی یەكتری تێدابێت و بۆ خۆشگۆیی و ئاسانگۆیی بڵێین (كۆدوان).
هەروەها، بۆ كەسی كۆڕگێڕ، باشترە بڵێین (كۆڕڤان) چونكە گێڕ هەم لە بەشی ئۆتۆمبێل و هەم لە خواروخێچی و هەم لە گێڕانی شتێك واتای جیاوازی هەیە، خۆ خوا نەكا لە هەڵەی ڕێنوسدا (ڕ)ی كۆتایی نەنوسرێت و ببێتە (كۆڕگێ)! كە هەندێ جار بینیومانە كابرای كۆڕگێڕ یان كۆڕەكەی گێڕ كردوە یان (ڕ)ایەكەی لێكردۆتەوە!
كەواتە، لەبری سیمپۆزیۆم دەتوانین بڵێین (كۆدوان) كە ئێمە لە بەشی فەلسەفەی زانكۆی ڕاپەڕین دوو ساڵە بەكاری دەبەین، بۆ مونەسسە بڵێین (جێدوان) و بۆ كۆڕگێڕیش بڵێین (كۆڕڤان).