لە ئابوریی جاشگەراوە بەرەو ئابوریی نیشتمانیی
6/17/2024 6:35:00 PM
ئارام قادر سابیر
فۆڕم و شێوازی ئابوریی لە هەرێمی كوردستان، بە قوڵی و ستراتیژی وابەستەیە بە شێوازی وەبەرهێنانی كۆمپرادۆری، كە شێوازی جاشگەرا و بەكرێگیراویە. كۆمپرادۆر، كە چەمكێكی لە بنەڕەتدا پورتوگالیە، بە واتای كەسێكی بەكرێگیراوە، كە كار بۆ دەزگا و دەوڵەت و كۆمپانیا زەبەلاح و داگیركارەكان دەكات، واتە بە پێچەوانەی شێوازی نیشتمانێ، ئەو وەك دەڵاڵ و بازرگان لەگەڵ بێگانە كاردەكات و سەرمایەگوزاریی بۆ ئەوان دەكات و خۆشی دەوڵەمەند دەبێت. لەم پڕۆسەیەدا بۆرژوازی جاشگەرا و بەكرێگیراو دروست دەبن و دەبنە چینی بۆرژوازی كۆمپرادۆری. ئەم چینە جیاوازی قوڵ و جەوهەریان لەگەڵ بۆرژواز و سەرمایەداری نیشتمانی دا هەیە. چونكە كاری كۆمپرادۆرەكان تەواوكاری نەخشە و ستراتیژی كۆڵۆنیالیست و ئیمپریالیستەكانە، ئەمەش جۆرێكە لە تاڵانكردنی نیشتمان و بە كۆڵۆنەكردنی، كە لە ئەوروپییەكان و ئەمریكای باكورەوە دژ بە ڕۆژهەڵات و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین پەیڕەو كراوە، بە تایبەت لە سەدەی نۆزدە و بیست.
ئەو شێوازە ئابوریە نەوتی و تاڵانكارییەی لە هەرێم هەبووە، شێوازێكی نانیشتمانی كۆمپرادۆری بووە، كە دەڵاڵ و كرێگرتە و جاشگەرا مامەڵەیان پێكردووە لە بەرامبەر كڕیار و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بێگانە و داگیركار و كۆڵۆنیالیستەكان. ئەمەش بە ڕوونی دەركەوت كاتێ دوای تاڵانفرۆشی نەوت، هەرێمی كوردستان نەك بەرەو سەقامگیریی ئابوریی نەچوو، بەڵكو لە بری قازانج و مایە لەسەری قەرزار بوونەوە و زیاد لە ٣٠ ملیار دۆلار قەرز كەوتە سەر شان و باری گرانی خەڵك. هەروەها پڕۆژە و ئابوریی نیشتمانی تۆكمە و ستراتیژی بنیات نەنرا، لە باشترین دۆخ كۆمپانیای حزبی و دەڵاڵەكان قوتكرانەوە. هاوكات، چینێكی بۆرژوای كۆمپرادۆری وەهایان دروستكرد كە هەندێكیان دوای مردن و دۆخی تر ئاشكرابوو خاوەنی ملیۆنان و ملیار دۆلارن، سەرمایە و سەرمایەگوزاریەكەشیان ناشەفاف و نانیشتمانی بووە، لە باشترین دۆخدا بەهەشتێكیان لە دۆزەخی خەڵكدا بۆ خۆیان دروستكردووە و ژیانێكی جاشگەرا لە باخ و ڤێللا و پاركەكانیان دەژین.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستە تەواوی یاسا و مامەڵەكانی ئابوری و وەبەرهێنان بە نیشتمانی بكرێن و لە دەستی باند و كۆمپرادۆرەكان دەربهێرێت، ئەمەش كاری یاسا و دەوڵەت و دامەزراوەكانە، كە لە هەرێمدا ئەوە بەدیناكرێت، بەڵام گەر فیدرالیزمی ڕاستەقینە و دەسەڵاتی نیشتمانی لە عێراقدا پیادە بكرێت، دەتوانرێت كۆتایی بەم دۆخە بێنن، بە مەرجێك عێراقیش دەسەڵاتی دەستور و یاسا و نیشتمانی بێت، نەك هەمان تاس و حەمام. بەمكارە، هەرێم دەبێتە خاوەن ئابوریی نیشتمانی، بە تایبەت لە كەرتی وزە و نەوت، گەرنا باشترە هەرێم ڕوو لە ستراتیژی كشتوكاڵ و پیشەسازیی كشتوكاڵی و گەشتیاریی بكات، وەك ئەڵتەرناتیڤی كۆمپرادۆرەكان. هەروەها چینی ناوەڕاست و موچەخۆر، هۆشیاریی زیاتریان هەبێت، وەك نمونەی مامۆستایانی بایكۆت و ناڕازی، كە دركیان بە تاڵانفرۆشانی كۆمپرادۆرەكان كردبوو.
وێنەكە: گەورە كۆمپرادۆری نەوت