185وتار

ئیمان لە نێوان ئازادی و ناچاریدا

8/9/2024 10:34:00 AM
ئارام قادر سابیر

پێشمەرجی ئیمان ئازادی و ئازادبوونە، مرۆڤی باوەڕدار تەنها لە دۆخی ئازادیدا دەكارێت كە بەرپرسیار بێت و ئۆباڵی بیر و گوفتار و ڕەفتاری خۆی بكێشێت. ئەوانەی ئیمان بە ڕادەست بوون دەزانن ، هێشتا لە نێوان ڕێزمەندی و خۆشەویستی ئازادانە بۆ خودا و كۆیلایەتی ترسئامێز جیاوازی ناكەن، كە ترس سەرچاوەی ڕق و نەخۆشیە هئشەكی و دەرونیەكانە، بیر لە خواست و ویستی پەرستن و خۆپابەندی ناكەنەوە، بەڵكو ئیمان بە تێكەوتن و وابەستەگی ناچاریی دەبینن، بە جۆرێك باوەڕدار تەنها ئامرازێكی جێبەجێكردنی فرمانەكانە (بەڵام كام فەرمان؟ وەك ئەوەی ئەساسینەكان).

بەڵام بۆ مرۆڤ وەك دوا ئامانج، نەك ئامراز، ئیمان تەنها لە ویست و بژاردەی ئازاد و تێگەیشتنی ژیر و ئاوەزمەندانە واتای دەبێت، نەك لە مشتومڕی بەكۆیلەكردن و پابەندكردنی دەرەكی. ئیدی ئەودەم ئیمان و ئاكار هیچ پەیوەندیەكی بنەماییان نامێنێت، لە كاتێكدا لە ئیمانی ئازاد و ئازادی ئیماندا چاكە و ئاكار و جوامێرییەكان خۆمەندانەن و باوەڕدار بە شێوەی بەرپرسیارانە داكۆكی لە ڕەفتارەكانی دەكات.

ئایین لە ڕەوتی گەشەی شارستانیەت و پەرەسەندنی زیرەكی و ژیریی مرۆییدا بە ئامانجی وەڵامی پرسیارە وجودی و ئاڵۆزییەكان هاتۆتەئارا و بەشداریكردووە، ئەمەش بەشێكە ژە پرۆسەی دیالێكتیكیانەی ئازادبوونی ئەقڵ. بەڵام لە سەدەكانی نێڤین و دەركەوتنی بازرگانانی دینگەرا، ئایین بووە بە چەكێكی كاریگەری كۆنتڕۆڵ و ڕامكردن و كوشتنی پرسیار و گەمژەكردنی ئینسان.

بەشێكی گەورەی ئیمان لە چێوەی دەوڵەتدا دەچێتە خانەی بێ مانایی، ئیمانی ناچار و نائازاد لە چێوەی دەوڵەتی مەزهەبی و دینی یان لە سنوری حزبی مەزهەبی و دینی و دینگەراكان بێ واتا دەبێت. تەنها لە دەولەتی ئازاددا، كە مرۆڤ ئازادانە ئیمانی خۆی قایم و دایم دەكات. ئیماندار لە نێو جیاوازییەكاندا پەرە بە بیروبۆچوون و ئایدیاكانی دەدات و لەگەڵ ئەوانی دیكەش دەكەوێتە دیالۆگ و پێكەوەژیان، باوەڕ بەوە دێنێت كە ئەوەی باوەڕی پێی نییە كەسانی دیكە دەتوانن باوەڕیان پێی بێت، ئەمەش دەبێتە جەوهەری لێبوردەیی لای باوەڕداران.

دەڵەوت و كۆمەڵگەی ئازاد هەمان زەمینەی یەكسان بۆ هەموو جیاوازییەكان دەسازێنێت، بە پێچەوانەی فاشیست و ستەمكاران، بەمەش لە باوەڕی ساختە و ماسكدار ڕزگار دەبین، نیفاقی دینی و باوەڕی نابنە پۆتێنشیاڵی تەقینەوەی ئیمانێكی ساختە بە ڕوی جیاوازییەكان و سڕینەوەیان.

دیالۆگ و تێگەیشتن و ڕاڤەی ئاقڵانەی نێوان جیاوازییەكان تەنها لە دەوڵەت و كۆمەڵگەی ئازاد و دیموكرات دێتە دی، بەمەش ئیمان و ئایینی كراوە هاوتا لەگەڵ مۆڕاڵی كراوە دێنەئاراوە، بە پێچەوانەوە ئیمان و ئایین و مۆڕاڵی داخراو و دۆگم چەكەرە دەكەن و دەبنە دوژمنی هەر جیاوازییەكی نێوخۆیی و دەرەكی.

زۆربەی جنێوفرۆشانی ئایینی لەوانەن كە ئیمانی ئازادیان بۆ خۆیان هەڵنەبژاردووە، واتە ئاوەزمەندانە لە پرسی ئایین و ئیمان ڕانامێنن و تێگەیشتنی پاساومەندیان نییە، لە كاتێكدا ئایین لە بنەمادا بۆ ئازاد و ئاوەزمەندانە نەك كۆیلە و گەمژەكان، لەبەرئەوە لەودیو سنوری ژیرەوە دەكەونە جنێو، هاوكات وەك جەنگاوەرێكی كوێر ئیمانیان بەسەردا سەپێنراوە و لە ترسێكی قوڵەوە لە خودا و پیرۆزیەكانیان دەڕوانن و هەمیشە وەك بۆمبی تەوقیتكراو وەهان و بە یەكدیدا دەتەقنەوە، بە كبریتی هەر جیاوازییەك گڕ دەگرن، كێشەی بنەماییان جیاواز بوونیانە و بە گوزارشت و ڕەفتارێكی سادە دەكەونە جەنگەوە. ڕاسڵ گوتەنی: گەورەترین دوژمنی بەختەوەری و ئازادی مرۆڤەكان بریتییە لە بەرگری كوێرانە لە عەقیدە و باوەڕە هەڵەكان. ئەم جەنگاوەرانەی ئیمان ئامادەن بۆ ڕزگاربوون لە پارادۆكس و شەقبوونی كەسێتی خۆیان، بە خۆكوشتن خۆیان لە دەستی خۆیان ڕزگار بكەن.

ئایین لەسەر زەمینی ئازادی گەشە دەكات و لە دەوڵەتی دینگەرادا كۆتایی دێت. هەر لەوێشدا باوەڕدارانی نائازاد دەبنە حەشاماتێكی بەرخۆر و مەسرەفگەرای كوشندە بە دەست دینگەرا و بازرگانانی دینەوە. كەواتە كاری دەوڵەت سەپاندنی ئیمان و ئایدیا نییە بەسەر هاونیشتمانیاندا، بەڵكو فەراهەمی زەمینەی یەكسان و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی جیاوازییەكان پاراستنیانە. بۆ سەرپێخستنی دیالۆگی شارستانیانە لە مەڕ باوەڕ و ئایین و پرسە هەنوكەییەكانی كۆمەڵگە، دەبێ دەوڵەت و دەسەڵاتی ئازاد و دیموكرات ببێتە پارێزەر و چێوەی پانتایی گشتی و پانتاییە جۆربەجۆرەكانی دیكە و بنیاتنانی دیالۆگی ئاقڵانە و پێكەوەژیانی هاوڕێیانەی جیاوازییەكان، داننان بە بوونی یەكتر و ڕێزمەندی و پەیوەندی دیموكرات و كراوە، تا بڵێین جیاوازین بەڵام پێكەوەین، دەشێ هاوڕێ بین بە بێ ئەوەی هاوڕا بین، پێشمەرجی دیالۆگ و هاوڕێیەتیش جیاوازبوونە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن