322وتار

دیالۆگی دەنگدان لەگەڵ سیاسی و فەیلەسوفان

10/13/2024 8:43:00 PM
ئارام قادر سابیر

هەڵبژاردن و دەنگدان دوو چەمکی گرنگ و قوڵن، كە لە ڕاڤەكردنیاندا، سیاسەتوان و فەیلەسوفان وابەستە بە پڕۆسەی بەشداری خەڵک لە سیاسەت و حکومڕانیدا بۆچوونیان جیاواز لەبارەیانەوە هەبووە. لەم نوسینەدا، كەمێك لەو بۆچونانە دەخەینەڕوو.
یەکەم: دەنگ وەک چەک
تێگەیشتنێکی سیاسییانە هەیە، کە دەنگ و پڕۆسەی دەنگدان وەک هێزی چەک وێنا دەکات. ئەمەش زیاتر مەبەست لە کارکرد و بەکارهێنانی دواتری دەنگ و پڕۆسەکەیە لە کایەی سیاسەتی گشتی وڵاتدا، کە ئەمە زیاتر لە دەوڵەت و حکومەت و دەسەڵاتێکدا ڕەنگدانەوەی هەیە کە هاونیشتمانی ڕێزلێگیراو و خاوەن شکۆمەندی و هێز بێت. لەمبارەیەوە (ئەبراهام لینکۆڵن) دەڵێت: "دەنگدان لە فیشەک بەهێزترە". هەروەها (تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت) دەڵێت: "دەنگدان وەک تفەنگ وایە، سوودەکەی پەیوەستە بە کارەکتەری بەکارهێنەرەوە."
دووەم: دەنگ وەک دەسەڵات
هەندێک وایدەبینن کە دەنگ جۆرێکە لە دەسەڵات و تاک توانستی نواندنەوە و پراوەی ئەو دەسەڵاتەی هەیە، واتە دەنگ هێزێکە پترە لە ماف و پراوەکردنی لە ڕۆژ و ساتی دەنگداندا و بریتییە لە ئامرازێک بۆ دەسەڵاتنوێنی، وەک ئەوەی (لویس ماکدۆناڵد) دەڵێت: "دەنگدان تەنها مافی ئێمە نییە، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی ئێمەیە." ئەم دەسەڵاتەش جۆرێکە لە خەبات و ئامرازی نەرم، کە (جۆن لویس) لەمبارەیەوە دەڵێت: "دەنگدان بەهێزترین ئامرازی ناتوندوتیژییە، کە هەمانە". (پلاتۆن)یش پێیوایە: "دەنگدان بەهێزترین ئامرازە، کە هەمانە بۆ داڕشتنی داهاتووی بەکۆمەڵمان و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانمان".
(هانا ئارێنت)یش پێکەوەیی و بڕیاری دەستەجەمعی وەک هێز وێنادەکات (کە دەشێ لە دیموکراسی و دەنگدانەوە بێت) و دەڵێت: ''هێز بریتییە لە توانای مامەڵەکردن بە یەکەوە؛ ڕەگ و ڕیشەی لە هێزی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەی خەڵکدا هەیە''.
سێیەم: دەنگ وەک مەعریفە
دەنگدان و هۆشیاری تەواوکەری یەکترن، قەیرانی دەسەڵات و حوکمڕانی بەشێکی پەیوەستە بە دەنگدەری گەمژەوە، لەبەرئەوە دەنگدەر پیویستی بە ماریفەتی قوڵە بۆ بەکارهێنانی ماف و هێز و دەسەڵات و ئیرادەی دەنگدان و کردنی بە بڕیاری سیاسی و بەشداری سیاسی خۆی. (جۆن ئێف کەنەدی) دەڵیت: "نەزانی یەک دەنگدەر لە دیموکراسیدا، ئاسایشی هەمووان تێکدەدات". ئەی ئەگەر بکەوێنە ناو لەشکرێکی گەمژەی دەنگدەر و چەندان بارەبوونەوەی دەنگەکەی؟ هەر بۆیەشە (هیگل) دەیگوت: ''حکومەتێکی دیموکراسی پێویستی بە دەنگدەرێکی شارەزا هەیە، بەو پێیەی کوالیتی بڕیارەکانی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوالێتی دەنگدەرەکانیەوە هەیە''. بەمەش حکومەتی باش وابەستەی دەنگدەری باشە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
هەروەها (ئەرستۆ) چۆنایەتی دیموکراسی دەبەستێتەوە بە چۆنایەتی دەنگدەرانەوە و دەڵێت: "کوالیتی دیموکراسی پەیوەستە بە بەشداری ئاگادارانە و چالاکانەی هاووڵاتیانی. دەنگدان تەنها کردەوەیەکی هەڵبژاردن نییە بەڵکو پێکهاتەیەکی جەوهەری بەشداریکردنی مەدەنییە."
چوارەم: دەنگ و دیموکراسی
دوانەی دیموکراسی و دەنگدان، لە گێڕانی ئیرادەی گشتی لە دەسەڵاتدا جێگەی بایەخە، هەردوکیان لەسەر یەکتری کاریگەری دەنوێنن، جا ڕاستەقینە بێت یان ساختە. هەرچەندە (جۆن دێوی) دیموکراسی وەک ڕێگا و فەزا و شێوازی ژیان دادەنێت، کە هەموو جوڵە و جیاوازییەکان دەتوانن لەوێدا هەبن، واتە دیموکراسی تەنها پەیوەست نییە بە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییەوە، بەڵام لەبارەی پەیوەندی نێوانیان دەڵێت: "دیموکراسی حکومەتی گەلە، لەلایەن گەلەوە بۆ گەل. گەل تاکە سەرچاوەی ڕەوای دەسەڵاتە، ، کە بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەو دەسەڵاتە مومارەسە دەکەن". ئەم تێگەیشتنە لای (هانا ئارێنت)یش هەیە، کە دەڵێت: '' گرنگترین شت لە دیموکراسیدا بەشداری چالاکانەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەیە. چونکە دیموکراسی تەنها فۆرمێکی حکومەت نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ پێکەوە ژیان و بڕیاردانی بەکۆمەڵ''.
(جان جاک ڕۆسۆ)ش کە ئیرادەی گشتی (خەڵک) بە بزوێنەری پەیمانی کۆمەڵایەتی و سەرچاوەی یاسای مەدەنی دەزانێت کە خەڵکی خۆمەندانە و ئازادانە ملکەچی بن، وابەستەی دیموکراسی دەکاتەوە و دەڵێت: "دیموکراسی ئەو سیستەمەی حکومەتە، کە دان بەوەدا دەنێت مرۆڤەکان تەنها ڕەعیەت نین بەڵکو خوڵقێنەری چارەنووسی خۆیانن".
لە هەمان کاتدا، (بێرتراند راسڵ) بابەتێکی گرنگ دەوروژێنێت لە نێوان دەنگدان و مانای دەنگ لە پڕۆسەی دیموکراسیدا، کە دەڵێت: “من بە توندی لەسەر ئەو بۆچوونەم کە ئامانجی ڕاستەقینەی دیموکراسی تەنها دڵنیابوون نییە لەوەی هەمووان دەنگیان هەیە، بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی دەنگی هەمووان مانای هەیە.”
کەواتە دیموکراسی دەبێت لەسەر بنەمای دەنگ و بەشداری بینا بکرێت، وەک (ئیمانوێل کانت) دەڵێت: "چاوپۆشیکردن یان ڕەتکردنەوەی گرنگی دەنگدان، پشتگوێخستنی بنەما سەرەکییەکانی بەشداریکردنی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەرییە".
لە سیستمی دیموکراسیدا، کایە و پانتایی گشتی بابەتێکی گرنگی مایەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردنە، بە تایبەت لای (هابرماس و ئارێنت). ئایا دەتوانین ئەو پانتاییە بە پەیوەندکاری و ڕاوێژکاری ئەقڵانی و ڕەخنەیی پڕ بکەینەوە، یان وەک (ئارێنت) دەڵێت: ''لەدەستدانی کایەی گشتی لەدەستدانی توانای پێکەوە مامەڵەکردن و بڕیاردانی هاوبەشە... کایەی گشتیش کایەی دەرکەوتنەکانە و لە ڕێگەی دەرکەوتنەکانەوەیە کە ئێمە خەریکی سیاسەتین... لە کایەی گشتیدا هەموومان یەکسانین و یەکسانیمان بە سیفەتە کەسییەکانمان دیاریناکرێ بەڵکو بە توانای هاوبەشمان بۆ مامەڵەکردن و دیالۆگ و دیبەیت دیاریدەکرێت''. ئایا دەتوانین بە دەنگدان ئەو کایە گشتییە فەراهەم بکەین یان نا؟
پێنجەم: دەنگدان و بایکۆت
لەمڕۆدا، هێڵێکی نائومێد لە دەنگدان و دەسەڵات و پڕۆسەی سیاسی، باوەڕ و متمانەی بە دەنگدان و دەنگی خۆی نەماوە، ئەمەش لە سۆنگەی دووبارەبوونەوەی گەمەیەکی سیزیفی ناشیرین و پوچە لە دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەمە لەلایەک دەبێتە جۆرێک لە هەڵوێست و بەرهەڵستی، بەڵام گەر نەتوانێت پڕۆسەی دەنگدان پەک بخات، ئەوا ئاوی زیاتر دەکاتە ئاشی دەسەڵات و پڕۆسە پوچەکەی سیاسەت، واتە زیاتر ڕێگە بۆ بەردەوامی شێواز و دەسەڵاتی سیاسی نەخوازراو خۆشدەکات. لەبەرئەوە ڕێگەش بۆ ساختەکردنی دەنگ و ئیرادەی گشتی خۆش دەکات، کەمینەی چەواشە توانستی ئاڕاستەکردنیان دەبێت، وەک (بنیامین ناتانیاهۆ) دەڵێت: ''من هەمیشە لە ڕاپرسیەکانی هەڵبژاردندا دەدۆڕێم، بەڵام هەمیشەش لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەیبەمەوە''. یان ئەوەی (تۆماس جیفرسۆن) کە دەڵێت: ''بە زۆرینە حکومەتمان نییە، بە زۆرینەی بەشداربوو حکومەتمان هەیە''. بەڵام هەرچۆنێک بێت دواجار حکومەت لەسەر بنەمای دەنگی دەنگدەران و نوێنەرانی هەڵبژێردراو رەوایەتی خۆی وەردەگرێت و حوکمی هەموان لەسەر بنەمای دەنگی هەندێکان دەکات، وەک ئەوەی (جۆن ڕاوڵز) دەڵێت: "شەرعیەتی حکومەت لەسەر بنەمای ڕەزامەندی حوکمدراوەکانە و ئەم ڕەزامەندییەش لە ڕێگەی کردەی دەنگدانەوە دەدرێت".
کەواتە ئەگەر ئیرادە و بژاردە و دەنگ و بڕیاری خەڵک نەبێت، دەسەڵاتداران زۆر بە ئاسانی خواستی ستەمکاری تیایاندا گەشە دەکات و دەگۆڕێن بۆ بەدکار و جانەوەری مەسخ بوو، واتە لە دوای خەوی خۆشی بانگەشە ئەوان دەبن بە دەعبایەکی کافکایی، یان وەک (هانا ئارێنت) دەڵێت: ''ڕادیکاڵترین شۆڕشگێڕ ڕۆژێک دوای شۆڕش دەبێتە کۆنەپەرست''. بەم پێوەرە دیموکراتخوازترین بانگەشەکار ئیمکانی بوون بە ستەمکارێکی لە خۆیدا پەنهان کردووە و دەرفەتی بۆ هەڵکەوێت، بە تایبەت لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی خەڵکیدا دەبێتە بەدکارێکی کوشندە.
دەشێ نائومێدی (هێربێرت مارکوزە)ش سەبارەت بە هەڵبژاردن، لەوە هاتبێت کە خەڵکی دەرفەتێکی ساتەوەختیان پێدەدرێت تا بە ئازادی خۆیان ئاغایەک هەڵبژێرن! کاتێک دەڵێت: ''هەڵبژاردنی ئازادانەی ئاغاکان، نابێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی ئاغایەتی یان کۆیلایەتی''.
شەشەم: دەنگدان و ڕەخنە
دەبێت دیموکراسی ڕەخنەگرانە و ڕاوێژکارانە بە هەند وەرگرین، تاکو تاکی دەنگدەر و کارا وەک هەوێنی دیموکراسی بمێنێتەوە و دەسەڵاتداران نەبنە جەوهەری دیموکراسی و دەسەڵات کە سەر لە ستەمکارییەوە دەردێنن. بۆ ئەمەش (یۆرگن هابرماس) دەڵێت: '' لە دیموکراسیدا دەبێت هەموو هاوڵاتییەک بتوانێت ڕەخنەگرانە بیربکاتەوە و دیبەیت بکات و دەنگدان بدات؛ ئەگەرنا حکومەتی ڕاستینە نابێت''.
لەبەر ئەم هۆیە (هانا ئارێنت) دەیگوت: ''دەسەڵاتی دیموکراسی لە خودی دەنگدانەکەدا نییە، بەڵکو لە بەشداریکردنی ئاگامەندانە و ڕەخنەگرانەی هاووڵاتیانیدایە''. کەواتە چ دەنگدان و چ دیموکراسی و بەشداری لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەگرانەن. هەروەها دەشڵێت: ''ئەرکی دەنگدان هەڵبژاردنی نێوان سیاسەتە کێبڕکێکارەکان نییە، بەڵکو هەڵبژاردنە لە نێوان ئەو سەرکردانەی کە دەتوانن ئەو سیاسەتانە جێبەجێ بکەن''. کە ئەمەش پێویستی بە بڕیاری قوڵە، بڕیاری قوڵ و دروستیش هەمیشە لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دروست دەبێت.
لە کۆتاییدا، هاوڕاییەک لە نێوان (گۆستاڤ لۆبۆن) و (جیۆرج ئۆروێل) و (جۆزێڤ ستالین)دا هەیە، کە هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی: ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن، هەڵبژاردن یەکلایی ناکەنەوە، بەڵکو ئەو کەسانەی کە دەنگەکان دەژمێرن یەکلایی دەکەنەوە. لەمڕۆشدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دوا بڕیار لەسەر دەنگی دەنگدەران و ڕێژە و دەرچووان و هەموان دەدات، لانیکەم لە وڵاتی ئێمەدا ڕەخنەکان لەسەر دەسکاری و یاریکردن بە دەنگی دەنگدەران لە هەر هەڵبژاردنێکدا ئێجگار زۆربووە و گرفتی هێناوەتە پێش بۆ پرۆسەکە و هەنگاوەکانی دواتر.
ئیدی لە ئێستادا، کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادایە، وەک (جۆرج ئێلیۆت) دەڵێت: ''هەڵبژاردنێک لە ئارادایە. ئاشتی گەردونی ڕادەگەیەنرێت و ڕێویەکان حەزێکی دڵسۆزانەیان هەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەلەوەرەکان''. ئایا ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەکە و دۆخەکە و لێکەوتەکانیدا دەکەین؟ ئایا وەک (باراک ئۆباما) دەپرسین: ''لە کۆتاییدا ئەم هەڵبژاردنە باسی ئەوە دەکات. ئایا ئێمە بەشداری سیاسەتی سینیکایی (بەرژەوەندگەرایی) دەکەین یان سیاسەتی هیوا؟''.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن