103وتار

بایكۆت، لە کاپتنی ئینگلیزەوە تا مامۆستای كورد

11/26/2023 3:44:00 PM
ئارام قادر سابیر

بایكۆتی ئێرلەندی و كوردی

وشەی بایکۆت وەک بەکارهێنانی زاراوەیی سەربوردەیەکی کەمێک سەمەرەی هەیە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ کەسێکی ئینگلیز بە ناوی کاپتن (چارڵز کەنینگهام بایکۆت ١٨٣٢-١٨٩٧)ی ئینگلیز، کە بە هۆی خزمەتەکانی لە سوپای بەریتانیا هەم پلەی کاپتن و هەمیش ئەم ئەرکەی لە ئێرلەندا وەک بەرپرسی دەزگای زەوی و زاری بەریتانیا پێ سپێردرابوو، بەڵام ئێرلەندییەکان لەسەر پێشنیاری (چارلز ستیوارت پارنێل) لە ١٩ی ٩ی ساڵی١٨٨٠، کە لە وتارێکی كاریگەردا داوای لە خەڵک کرد بە هۆی مامەڵە و رەفتارە دزێوەکانی کاپتن بایکۆتەوە، لەمەڕ کرێی زەوی و زار و ماوەی کارکردن و نرخی فرۆشتن و دەرکردن و هەراسانی ئێرلەندییەکانەوە، لە بری تەقەکردن و کوشتن بە شێوازێکی تری میانەڕەوانە سزای بدەن، خۆیانی لێ بەدوور بگرن و زەوی لێوەرنەگرن و کاری بۆ نەکەن، بەجۆرێک بکەوێتە بەر نەفرەتی خەڵکی، ئەم بابەتە لە رۆژنامەکان دەنگدانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت دەوڵەتی ناچار کرد هێز و دەستی کار لە ناوچەی ترەوە بنێرێت بۆ دروێنە و کار و پڕکردنەوەی بۆشایی بایکۆتە فراوانەکە، کە پییانوابوو ئەمانە ناسیۆنالیستەکانی ئێرلەندان وا دەکەن، ئەم هەڵوێستەی دەوڵەت پارەیەکی زۆر لەسەر خەزێنەی گشتی وەستا.


کاپتن بایکۆت زۆر خۆی رانەگرت و لە ١ی ١٢ی ١٨٨٠ ئێرلەندای بەجێهێشت. دواتریش ئەم تاکتیک و شێوازە لەلای کرێکاران و جوتیارانەوە زیاتر پەرەی سەند و شێوازی ناڕەزایەتییەکە بە ناوی بایکۆتەوە ناونرا، وەک ئاماژەیەک بۆ نەفرەتی خەڵک و هاوکاتیش فشارێک بۆ بەدەستهێنانی داوا و مافەکان و باشکردنی ئیدارە و بەدیهێنانی دادپەروەری و ماف، بازار و ئابوری و کاڵا، پەیوەندی، سیاسەت و کۆمەڵایەتی و هەموو ئەو بابەتانەی پێویستیان بە خەباتی ئاشتیانە و مەدەنییانە هەیە. لەو كاتەوە وشەی بایكۆت كەوتە سەرزاری خەڵك و دواتریش واتا و دەلالەتەكەی گۆڕا و لە فەرهەنگی ئینگلیزی جێگیركراو ئێستاش تا ڕادەیەك بووە بە چەمكێكی جیهانی و فرە ڕەهەند لە بەكارهێناندا.


ئەم چیرۆکە كەمێك سەیرە و سەربوردەی زیاترە، بەڵام وەك بینیمان بایکۆتکارانی ئێرلەندا لەماوەی نزیکەی ٧١ رۆژدا بەسەر کاپتن بایکۆتدا سەرکەوتن (19_9_1880 تا 1_12_1880) و ساڵی (1947) ژیانی كاكە بایكۆت كرا بە فیلم و فیلمەكەش هەر بە ناوی خۆیەتی. دوای ١٤٣ ساڵ مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانیش نزیکەی هەمان ژمارەی ڕۆژە لە بایکۆتدان دژ بە کاپتنە کوردەکانیان! ئایا حکومەت ئامادەیە هێز و مامۆستا لە ناوچەکانی دیکەوە بە کرێ و تێچوونی زیاتر بێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەروەردە؟ یان مامۆستایان ئامادەن دژی هاوپیشەکانیان (بە پێچەوانەی ئێرلەندییەکان) بچنە جێگەی هاوپیشەکانیان؟ ئایا ماف بۆ خاوەن ماف و دادپەروەری دەگەڕێتەوە تا بایکۆت کۆتایی بێت و دابڕان و گۆشەگیری مامۆستا و فێرخوازان کۆتایی پێ بێت؟ یان لە ساتەوەختی هەڵبژاردن و داوە دەزووە باریکەکەی دەسەڵات بایی ئەوەی تێدایە توندی بکات و معاویە ئاسا نەیپسێنێت؟!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن