104وتار

مشەخۆری سیاسی (Political Parasite) (بە بیانوی سەنگەرگواستنەوە)

12/9/2023 6:18:00 PM
ئارام قادر سابیر


یەکەم: مشەخۆر چییە؟
دەشێت وشەی مشەخۆر لە زمانی کوردیدا، لە مشتەخۆر-ەوە هاتبێت، چونکە لە سەرنجدانی مشەخۆری سەر ئاژەڵەوە بینیویەتی کە زیندەوەرەکە بە ئاژەڵەکەوە دەنوسێت و خوێنی دەمژێت، لە کۆنیشدا لە هەندێ جێگە مشتن و لە هەندێ جێگەی تر مژتن بەکاربراوە، ئیدی خورادن بە مشتن یان مشتنخۆر بووە بە مشەخۆر.
لە روانگەی زانستی زیندەوەرزانیدا، مشەخۆر (Parasite) زیندەوەر یان بونەوەرێکە (ئەسپێ، گەنە، قڕنۆ، کێچ، بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو، کرمی شریتی، ئاژەڵ، رووەک... هتاد)، کە لەسەر یان لەناو زیندەوەری جۆرێکی تردا دەژی، کە بە زیندەوەرەکەی تر دەگوترێت خانەخوێ (Host)، مشەخۆرەکە بە بێ هیچ کارکردن و بەرهەم و سودێک لە جەستەی خانەخوێیەکەوە خۆراکی وەردەگرێت و دەژیت، بە جیابوونەوەی لە خانەخوێیەکەی دەمرێت. بە گشتی مشەخۆرەکان لە خانەخوییەکانیان بچوکترن، لەسەر جەستە یان لە ناوەوەی جەستەی خانەخوێدا دەژین، بەڵام وێرانکارترن. کەواتە مشەخۆر بەواتای بەلاشخۆر و مفتەخۆریش دێت لە بەکارهێنانی زاراوەکەدا.
دەشێت لە روانگەی کۆمەڵایەتیەوە، وەک ئەوەی (ئێدوارد گیبۆن) دەڵێت، کەسانێک هاوشێوەی مشەخۆرانی بایۆلۆژی لە ژیاندا، بە کەسێکی دیکەوە خۆیان هەڵدەواسن و ئیستیغلالی دەکەن و لێی دەخۆن و لێی دەکێشنەوە، لە بەرامبەردا هیچی پێ نادەن، جگە لە چەپڵە و ماستاو بۆ بەردەوامی مشەخۆرایەتییەکەیان، چونکە تەنها ئەم هونەرەیان هەیە تا هانیبدەن. بەمشێوەیە کەسانێک پشتگیری و سوود لە کەسی دیکە یان کەسانی دیکە وەردەگرن، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی راستەقینەیان بۆی هەبێت، تەنها کردویانە بە بناغەی مشەخۆرێتی خۆیان، وەک کەسێک کە لەسەر میوانداری و گیرفانی کەسانی دیکە دەژی، بە بێدەنگی بوونەتە هاوبەش و برابەشی خانەخوێ.
لە ئێستادا، دیاردەی مشەخۆریی لەسەر ئاستی فراوانتر و رەهەندی جیاوازتر دەخرێتە بەرباس و خۆی دەردەخات، تا ئەو ئاستەی چەمکێک بەناوی (مشەخۆرێتی) یان (مشەخۆرگەرایی/Parasitism) هەیە و لە روانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
 
 
دووەم: مشەخۆری سیاسی کێیە؟

مشەخۆری سیاسی، کەسێکە بە جەستەیەکی سیاسییەوە گرێدراوە، هەرچەند وادەردەکەوێت بەشێکە لە جەستە سیاسییەکە، بەڵام لەبری ئەوەی کاراو بەرهەمهێن بێت ئەوا بە شێوەیەکی وێرانکەر و مەسرەفگەرا مامەڵە دەکات جەستە و رێکخستنە سیاسییەکەی دووچاری زیان و پوکانەوە دەکات. وەک ئەوەی (گۆلێستاد) دەڵیت بە بێ هیچ بە جەستە سیاسییەکەی ببەخشێت، ئەوا وزە و دەسکەوتێکی زۆری لێ دەمژێت.
مشەخۆر بێ ئەمەکە، سپڵە و سفرە دڕە، نانخۆر ناندێن دڕە، وێڕای لەوەڕ و خوێن مژین، زۆر جار خانەخوێکەی دووچاری نەخۆشی و گرفت و مەرگی دەکات، کورد گوتەنی (کەری دێز، بۆ ئەوەی خاوەنەکەی زەرەر بکات خۆی هەڵدەدێرێت)، کورد لە ئەزمون و ئیدیۆمەکانیدا لە رەهەندی ژیان و کۆمەڵایەتییەوە تێگەیشتنی بۆ مشەخۆرێتی هەبووە، زۆر جار ناوی (گەنە)ی بۆ ئەو بەلاشخۆرانە بەکارهێناوە کە سکیان وەک تورەکە بۆ ماڵ و پوڵ و خواردنی بەلاشە هەڵدوریوە، لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی کوردیدا، لە نەوەی یەکەمی سیاسییەکان، کەمینەیەک کە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن، ویستی ئەوەیان هەبووە کە نەبنە مشەخۆری سیاسی، بەڵام لە بەرامبەردا لەشکرێکی فراوانی بەناو سیاسەتکار و سیاسەتباز هەن کە بە جەستەی گەل و نیشتمانەوە نووساون و وەک گەنە خەریکی مژینی وزە و هێز و بوونن، تا دەگات بەمڕۆمان گەل و نیشتمانیان لەمەرگ نزیک کردۆتەوە و بە ئەگەری زۆریشەوە دوای مەرگیش لەکۆڵ لاشەکانیان نابنەوە، گەر بە ناشارەزایش دەستیان بۆ ببرێت نەخۆشی زیاتر و جیاوازتر بڵاودەکەنەوە.
لە ڕوانگەی (هێندریک هێرتزبێرگ) کاتێک وڵات بەدەست چینێک مشەخۆرەوە دەناڵێنێت، ئەو چینەش بریتین لە "سیاسەتمەدارانی پیشەیی"، کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ بەردەوامکردنی خۆیان لە پۆستەکاندا، ئەویش بە خەرجکردنی پارەی خەڵک. کەواتە دەشێت ئەمە ناوبنێن (مشەخۆری پیشەیی). لەپاڵ ئەمانەشدا بازرگانە مشەخۆرەکان هاوڕێک لەگەڵ مشەخۆرانی سیاسی هەن، لە خۆڕا نییە کە سیاسییە مشەخۆرەکان زوو هەڵدەتۆقن و دەوڵەمەند دەبن، بازرگانی مشەخۆریش رودەکەنە سیاسەت و زیاتر هەڵداوسێن، ئیدی دەشێت بەتاڵکردنی بیرە نەوت نمونەی رونی سیاسی و بازرگانانی مشەخۆرمان نیشان بدات. وەک چۆن (جەیمس کۆنۆڵی) ئێرلەندی بە سەرمایەداری دەگوت مشەخۆری سەر پیشەسازیی. ئیدی فۆرمی مشەخۆر گرنگ نییە، گەنەیەک بێت یان بازرگانێک یان سیاسییەک، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەو بونەوەرە ترسناک و بێسوود و کوشندەیە کە ناومان نا مشەخۆر.
تەنانەت هەندێ جار بە مرۆڤی بێکەڵک و بێکاریش هەر دەگوترێت مشەخۆر، کە مرۆڤی بێ بەرهەمە، چ جای سیاسییەکی کوشندە. ئەم تێگەیشتنە لای نازیەکان هەبوو، کە پێیانوابوو جولەکەکان مشەخۆرێکن لەناو گەلی ئەڵمانیدا، لەبەرئەوە دەبێت قربکرێن، ئەم تێگەیشتنە زۆر بەر لە دەرکەوتنی نازیزم لای (یۆهان گۆتفرێد هێردەر) هەبوو کە جولەکەی وەک روەکی مشەخۆر ناساند. ئەم تێگەیشتنە ئێستاش لەلای راسیست و راستڕەوە توندڕەوەکان هەیە کە پەنابەران بە مشەخۆر دەزانن و لە دەرفەتی دەسەڵاتدا لە لاشەی وڵاتەکەیان دەریان دەکەن. ئەمەش بە کورتی واتای ئەوەی کە بێگانە و جولەکە و بێکار و هاوشێوەکانیان کەمتر لە مرۆڤن و هەموو بەهاکانی مرۆڤبوونیان تێدا نییە. لەبەرئەوەشە وەک هەر مێرویەکی زیانبەخش شایستەی قڕکردنن!
 
سێیەم: حزبی کوردی و مشەخۆری سیاسی

حزبی کوردی نمونەیەکی باش و شیاوە، بۆ ئەوەی وەک جەستەیەکی سیخناخ بە مشەخۆری سیاسی بیچوێنین، لە راستیدا زەرورەتی بەشێک لەو جەستە سیاسییانە گوتار و پەیام و بنەما و دیدگای سیاسی نییە، بەڵکو کۆبوونەوەی مشەخۆرە سیاسییەکانە بە یەکەوە، بۆ ئەوەی جەستەیەکی سیاسی وەک لەوەڕگا دروست بکەن بۆخۆیان، هەر لە سەرەتاشەوە لە سەر پشک و شوێنی لەوەڕ ڕێکدەکەون. دواتر جەستەکە دەخەنە نێو پرۆسێسە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەکانەوە و قەرسیل دەگاتە بناگوێ. ئەمەش کاتێک هەوڵی ئەوە دەدەن لە ژێر ناوی بەشداری سیاسییەوە زیاتر لە کۆمەڵگا بەدەستبهێنن وەک لەوەی کە بە خەڵک و کۆمەڵگەی ببەخشن. نمونەی ئەمەش لە لەشکری کاندیدەکاندا دەردەکەوێت لە هەموو پرۆسە و پێشهات و روداوێکدا، هەموو مشەخۆران بە سیڤی رەنگاورەنگ و پاڵەوانانە دەکەونە ململانێی نادروست، گەر گرتی ئەوا دڵسۆزن و گەرنا بە جیاوازی بیروڕا لە جەستە و شوێنێکی دیکە درێژە بە مشەخۆری دەدەن.
گوتاری مشەخۆری لە سیاسەتی حزبی کوردیدا، گوتارێکی باڵادەستە، بەڵام مشەخۆرانی سیاسی لە ئەنگێزە و رەمەک و سروشتەوە ژیانی مشەخۆرانەیان بەسەردا نەسەپێنراوە، بەڵکو ئاوەزمەندانە وەک پرۆژەیەکی دەوڵەمەندی مفتەخۆرانە شەڕی مشەخۆرێتی دەکەن. گەرنا هیچ ئایدیا و گوتارێکی سیاسی نەبۆتە پاڵنەر و خەونی سیاسیان تا خەریکی سیاسەت بن، بەڵکو پیشەگەرانە سیاسەت و ئارەزووە مشەخۆرییەکانیان بەیەکەوە گرێداوە و زوو زوو بە دەنگی بەرز دەڵێن: حزب ئامرازە نەک ئامانج! بێگومان ئەوان دەزانن کە بۆچی و بە چ مانایەک ئەم رستەیە دەردەبڕن.
دوایین قوربانی دەستی مشەخۆرانی سیاسی، بزووتنەوەی گۆران بوو. لە راستیدا ئەوە لێکدانەوەیەکی دروست نییە، کە بگوترێت خەڵک گۆڕانی سزاداوە، یان خەڵک ویستی گۆران و گۆڕانکاریان نییە، بەڵکو راستیەکە ئەوەیە کە خەڵک ئەو ژمارە بێشومارەی مشەخۆرانی سیاسی سزاداوە، کە لە کاروکەسابەت هێندە دەست و پێ سپین هیچ دوکاندارێکی بە شەهامەت بە کرێکار وەریان ناگرێت، بەڵکو تەنها دەتوانن وەک مشەخۆر بژین لە پۆست و پێگەوە تا دەگاتە خانەنشینی، خەڵک ئەو سەنگەرگۆڕ و جەستە سیاسیە سزا دەدات کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی مشەخۆر دەکات کاتێک مشەخۆران مشوری خۆیان دەخۆن، ئاخر ناکرێت تۆ لەسەر بنەمای مافی کابانی ماڵ بچیتە پەرلەمان و لیژنەکان و تا سەرۆکایەتی، بەڵام کابان روڕەش و بێبەش بکەیت، چونکە کابانی کوردی هەمیشە بەرهەمهێن بووە، بەڵام سفرەدڕان مشەخۆرانە وتویانە نانت سوێرە، ئیدی بە ئاو دەدڕێن نەک نان و کابانیش بێبەش یان روڕەش تۆمەتبار دەکەن.

ئێستا کاتی ئەوەیە گۆران و حزبی کوردی، هەموو ئەوانەی بەدەست مشەخۆر و سەنگەرگوێزان گیرۆدەن، جەستەی خۆیان لە مشەخۆران پاک بکەنەوە و بەرگری جەستە سیاسییەکەیان بەهێز بکەن، ئەمە لە سودی جەستە سیاسییەکە، خەڵک و وڵاتیشدایە. نەک مامەڵە و گرێبەستی پیشەگەرانەیان لەگەڵ بکەن و بۆندی گرانبەهایان پێشکەش بکەن لەسەر حسابی ژیان و قوتی خەڵک. ئەگەرنا گۆڕینی شوێنی خەباتگێڕ لە سەنگەرێکەوە بۆ سەنگەرێکی تر لەسەر بنەمای گوتار و باوەڕی سیاسی و هزری ئازاد نیشانەی ئازایەتی و بیرکردنەوەی خەباتگێڕە تا لە سەنگەرێکی تۆکمەترەوە شەڕی ئایدیاکانی بکات، نەک سەنگەر وەک پانتاییەکی لەوەڕی مفتە و بەلاشە لێبڕوانێت. وەك ئەو سەنگەربازیەی لە كەركوك لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا بووە بە نەریتێكی مشەخۆرانەی دزێو لە حزبی كوردیدا، بە تایبەت دەسەڵاتدار و پارەداران كە نرخ لەسەر مشەخۆران دادەنێن و ئەوانیش ئارەزومەندانە دەكەونە ناو مامەڵەكانەوە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن