26وتار

نەرمییەکانی هەرێم ..

1/12/2025 11:23:00 AM
چۆلی ئه‌سعه‌د

لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن بەغدا بودجە نانێرێت، بەغدا بە دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکات، بەغدا شایستە داراییەکانی پێشمەرگە نانێرێت، بەغدا چاوی بە هەرێمی کوردستان هەڵنایە ... هەتا دوایی..

دەسەڵاتدارانی هەرێم، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم قسانەیان کردووە بە هەنجەتی دابیننەکردنی پێداوستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە مووچە و خزمەتگوزاری تەندروستی و داڕوخاندنی سیستمی پەروەردە و شکاندنی شکۆی خەڵک، تەنانەت کە باکیان بە لێکەوتەکانی ریفراندۆمیش نەبوو کەوتنە گیانی یەکتری و گوتاری ژەهراوییان بەسەر خەڵکدا دەڕژاند و خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون و نەهامەتی و گرێی دەروونییان لە ناخی تاک بەتاکی ئەم هەرێمە دروست کرد.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە نەهامەتیەی بەسەر خەڵکیان هێناوە، باس لە نەرمی نواندن دەکەن، گوایە هەرێمی کوردستان نەرمی نوواندووە، لە پێناو ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سه‌قامگیری عێراق، بەم قسانە بێت دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنانەت لە پێناسە سەرەتاییەکەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێنەگەیشتوون، کە دەڵێ: "ئامانجی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ئابوورییەوە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان لەڕێگەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت، ئەمە جگە لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هەمووان، دابینکردنی بەرنامە و خولی پەروەردەیی بە ئامانجی پەرەپێدانی توانا و لێهاتووییەکان، و دڵنیابوون لە مافی خۆبەخشی لە چوارچێوەی یاسا و یاساکان کە هاوسەنگ بن لەگەڵ سەردەم، پێداویستییەکانی ژیانی ئێستا، و پەرەپێدانی ژێرخانی لە هەموو بوارەکاندا".

ئێستا و دوای زیاتر لە دە ساڵ (لە دوای ٢٠١٤ ەوە) تازە خۆیان لە ئاست خراپیی ئاساییشی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان نەبان دەکەن و ئۆباڵی نەهامەتییەکە دەخەنە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی بەغدا، وەک ئەوەی کورد لە بەغدا کەسی نەبێت، فەرموو ئەمڕۆ ئەڵێن چی:

- مەسرور بارزانی (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران): “ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە.”

دە ساڵی رابردوو تێکڕای بەرپراسانی کورد لە بەغدا (لە سەرجەم دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن ) پێکهێنەری سەرەکی و بەهێز بوون، بەهێزبوون لە جومگە  گرنگەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی ئیدارەدانی دەوڵەت لە بەغدا، کەچی بەڕیز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بە رەفتاری ستەمکارانەی بەغدا دەکات، ئەگەر وابێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا دوو جار ستەمکار و نادادپەروەرن جارێک لەبەر ئەوەی بەشێکن لە دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق و جارێکیش چونکە نوێنەری ستەملێکراوان و نادادپەروەری لەگەڵکراوانی هەرێمی کوردستانن..   

- پێشه‌وا هه‌ورامانی (وتەبیژی حکومەتی هەرێم) ئەمڕۆ وتی: له‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كان، بڕیارێك ده‌درێت كه‌ خزمه‌ت به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش نه‌كات، كاریگه‌ریشی هه‌بێت به‌سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان هه‌موو نه‌رمییه‌كی نواندووه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سه‌قامگیری عێراق تێك نه‌چێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێشێل بكرێت، ئه‌وه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ بێت له‌ پرۆسه‌ی سیاسییه‌ عێراق یان هه‌ر بڕیارێكی دیكه‌، ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ بڕیاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

لەوە دەچێت لەدوای گۆرانکارییەکانی سوریا و هاوکێشە نێودەولەتییەکانی ناوجەکە، پاڵنەری بەهێزی پشت ئەم لێدوانانەبن، ئەگەر نا بۆچی دوای دەساڵ چەکی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لە بەغدا بەکاردێت، لە کاتێکدا دە ساڵە زووخاوی نەگبەتی دەرخواردی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدەن و دەیان جار دەستەواژەی (قبوڵکراو نییە) بەرانبەر بەغدا وەک کاریگەرترین چەک بەکارهاتووە و هەر قبووڵیش بووە !!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن