523وتار

حکومەت و حوکمی داتا و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە

7/30/2020 4:43:00 PM
د.شوان ئادەم ئەیڤەس


ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق، بە سەرۆکایەتییەکەی و پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری؛ کەمترین بودجە و بواری بۆ توێژینەوەی زانستیی پشتبەستو بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دابینکردوە. ئەوەش بەرەنجامی کارکردنی عەقڵیەتی نزیک بە سێ دەیەی حوکمڕانانە کە رێگرە لەبەردەم بەرھەمھێنان و بەردەستخستنی ھەرجۆرە داتایەکی دروستی پشتڕاستکراوە. بۆنمونە، یاسای ژمارە (11)ی مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لەساڵی (2013)ەوە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە جێبەجێ نەکراوە و رێنمایی بۆ دەرنەکراوە!

پ.ی.د. ئومێد رەفیق لەبابەتی «سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و کاریگەرییان لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی لەھەرێمی کوردستاندا» ئاماژەی بەسەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم نێوەندانە و پەڕاوێزخستنی توێژینەوەی زانستیی لەوڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست داوەو بەدوایدا چەند ھۆکارێکی بۆ سستی و کاریگەرنەبونیان لەجوگرافیاکی وەک ھەرێمی کوردستان خستوەتەڕو لەوانە؛ ژینگەی سیاسیی و پاڵپشتی دارایی.
لەگەڵ نرخاندن و بەھەندوەرگرتنی بەشێک لەو سەرنجانەی لەو بابەتەدا خراونەتەڕو، دەکرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە؛ ئێمەش ئاماژە بەچەند ھۆکارێکی دیکەی پەراوێزخسنی نێوەندەکانی توێژینەوە و خانەکانی بیرکردنەوە بدەین:
یەکەم: لە ھەرێمی کوردستاندا و لەبەرزترین ئاستەوە تا نزمترینی، بەدەگمەن نەبێت بیرکردنەوەی رەخنەگرانە نەبوەتە بەشێک لە پەروەردە و کولتوری قسەکردن، بیستن خوێندنەوە و تاڕادەیەکی زۆر ئەدەبیاتی نوسین-یش. ئەمەجگەلەوەی ھەزمکردنی بۆچونی دژ و ناباو بوەتە جۆرێک لە گرێی دەرونیی خۆبەکەمزانین و دەگمەنن ئەوانەی ئەفرێنەر و ئاشنای گیانی لێبوردەیی و یەکتری قبوڵکردنن. ھەر بەتەنھا بیستنی لێدوانی دژبەیەکی رۆژانەی بەرپرسان و گفتوگۆی نێو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان؛ باشترین نمونەن بۆ تێگەیشتن لە گرێی دەرونیی پشت لێدوانەکانیان.

دوەم: ھەژمونی بیرکردنەوەیەکی نەرێنیی راوێژکار و بڕیاردەرانی حکومەت بەگشتیی و حوکمڕانانی نێو کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆکان بەتایبەت؛ وایکردوە ھێشتا جیاكاریی بەرچاو لەنێوان پسپۆڕییەکان و پسپۆڕانیاندا بکرێت. بەچەشنێک زانستە مرۆیی و کۆمەڵاتییەکان لەزانستە پەتیی و تاقیگەییەکان دابڕێنراون و کەمترین ھەوڵی ئەنجامدانی توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی لەنێوەندەکانی توێژینەوەی زانکۆکاندا دەدرێت کە ئەمەش بەشێکی درێژکراوەی گرێ دەرونییەکانی تاکی کوردیین لەجۆری خۆبەگەورەزانین یان خۆبەبچوک بینین!

سێییەم: نەبونی سەربەخۆیی کارگێڕیی و دارایی و زانستیی نێوەندەکانی توێژینەوە وایکردوە؛ توێژینەوەی زیندو و ھەنوکەیی بەدەگمەن ئامانجەکانی بپێکێت. ھەربۆیە ئێستا ئامانجەکانی ئەمجۆرە نێوەندانە لەوەدا کورت دەکرێنەوە کە ھەر ھەبن و بەردەوام بن؛ نەک بەرھەمھێنەر و سودبەخش بن!

چوارەم: ھاوشێوەی کەرت و کایەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، گەندەڵیی و گەندەخۆرییش گەیشتوەتە نێوەندەکانی توێژینەوە. ئەوانیش سیخناخ کراون بەو کەسانەی کە ئەھلی بوارەکە نین و پشتبەست بەپاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەو شوێنانەدا دانراون؛ تەنھا و تەنھا بەئامانجی ساردکردنەوەی ئەھلی بوارەکە و لەباربردنی ھەرجۆرە گومان و بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە کە دو بنەمای بنچینەیی ھەر جۆرە توێژینەوەیەکن.

پێنجەم: نەبونی پێوەری پاداشت و سزا بۆ ئەوانەی سەرقاڵی گەڕان و پشکنین و توێژینەوەی زانستیین لەگەڵ ئەوانەی ساڵی جارێکیش توێژینەوەیەکی نوێیان نییە، بەڵام بەھۆکاری جیاجیا دەکرێنە بەرپرس یان بڕیاردەری نێوەندەکانی توێژینەوە!

ئەنجامگیریی کۆتایی دەکرێت ئەوەبێت؛ لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا نە نێوەندەکانی بڕیاردان بایەخ بە نێوەندەکانی توێژینەوە دەدەن، نە نێوەندەکانی توێژینەوەش لەخەمی بەرھەمھێنانی داتای دروست و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدان!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن