بەسەئیتر؛ ئێمەش نەفسمان ھەیە!
6/29/2020 4:30:00 PM
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
بەبیانووی نەدانی دوایین قیستی خوێندن؛ ھەندێک لەزانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، نمرەکانی کۆتایی ساڵ نادەنەوە بەخوێندکاران. دوای پتر لە شەش مانگ دواخستنیشی، مامۆستایانی وانەبێژی ھەمان دەستەی خوێندکاران لەشایستە داراییەکانی وانەوتنەوەی بەیانیان و تەنانەت ئێوارانیش بێبەش دەکرێن!
خوێندکاران؛ نمرەکانیان نادرێتەوە تاوەکو دوایین قیستی خوێندن نەدەن بەبەشی ژمێریاری. کارمەندانی ھەمان بەش؛ پارەی وانەوتنەوەی مامۆستایان نادەن تاوەکو سەرۆکی زانکۆ واژۆ لەسەر لیستی کۆتایی خەرجییەکان نەکات. سەرۆکی زانکۆ؛ واژۆی ناکات تاوەکو وەزارەتی دارایی رێنمایی خەرجکردنی شایستە داراییەکان دەرنەکات. وەزیری داراییش دەریناکات تاوەکو سەرۆکوەزیران فەرمانی پێنەکات. ئەویش فەرمان نادات تاوەکو بەغدا پارە نەنێرێت. بەغداش ناینێرێت تاوەکو بیانووە شەرعییەکانی نەبڕدرێت. بیانووە شەرعییەکانیش نابڕدرێن تاوەکو ئیرادە و ئیدارەیەکی بەھێز بۆ دەرکردن و وەکیەک سەپاندنی بڕیاری بنبڕ و یەکلاکەرەوە دەرنەچێت. لەم نێوەندەشدا، ئەوەی دەبێت بەقوربانیی زۆرن، بەڵام دیارترینیان مامۆستایان و خوێندکارەکانیانن.
ئەوەی لەم بگرەو بەردەیەدا سەیر و سەمەرەیە؛ ھەمووان پاساوەکانیان بەشەرعیی دەزانن، دروست وەک ئەو کابرایەی ویستی لەگەڵ خێزانەکەیدا سەرجێی بکات، بەڵام منداڵەکەی ھەر جارە و بەبیانوویەک لێیانی تێکدەدا. دواتر بۆ دوورخستنەوەی لەخۆیان، پێنج ھەزار دەدەنە دەستی منداڵەکەیان و پێیدەڵێن بڕۆ بۆ ماڵی خاڵت و لەوێ لەگەڵ منداڵەکانییدا پێکەوە یاری بکەن. کاتێک منداڵەکەیان دەگاتە ماڵی خاڵی و چیرۆکی بەتەنھا ھاتنی خوشکەزاکەی تێدەگات، ئەویش فیکەی خۆی دەناسێتەوەو یەکسەری دەینێرێتەوەو پێیدەڵێت؛ ھا ئەوە دە ھەزار لەخاڵی خۆت وەرگرەو بگەڕێرەوە ماڵی خۆتان و بە دایک و باوکیشت بڵێ؛ خاڵم وتی ئێمەش نەفسمان ھەیە!
ئەو بەسەرھاتە؛ ھەر بەتەنھا بۆ ئەو ژن و مێردە پێکەنیناویی و وەڕەسکەر نییە، بەڵکو دۆخی ئێستای پەروەردە و خوێندنی باڵای کوردستانیش؛ ھەمان چیرۆک و بەسەرھاتی ھەیە. لەلایەک مووچە و شایستەی دارایی وانەبێژ و مامۆستایان، یان نادرێت یان پاشەکەوت دەکرێت یان لەمووچەی فەرمانبەری حەقیقیی دەبڕدرێت و مووچەی بندیوار و فەرمانبەری وەھمیی پێدەدرێت. لەلایەکی دیکەشەوە، ئیتر «زانکۆ جێی ماچ و مووچە» و کەس بۆی گرنگ نییە؛ کێ چۆن دەژی و کوێ چۆن بەڕێوە دەبرێت. تەنانەت دروست پێگەیاندنی نەوەی نوێ و بەرھەمھێنانی فکر و مەعریفە لەلیستی ئامانجەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا بەجۆرێک سڕاونەتەوە، ئێستا شوێنی خۆیان بۆ میدیای «مۆدێل»ەکان و پرۆگرامی خواردن دروستکردنی تیڤییە بێئامانجەکان بەجێھێشتووە!
لەم ھەرێمەدا، بێحورمەتیی و بێغیرەتیی بەجۆرێک بەربڵاوە، بۆ خوێی چێشتیش زانکۆیەک نادۆزیتەوە کەمترین ھێزی گوشاری ئەکادیمیی بۆ راستکردنەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووەی ستافەکەی بخاتەگەڕ. ئەرێ ھەر بەراست کە سەرچاوەی دارایی و پاڵنەری زانستیی زانکۆکان وشککراوەو سەربەخۆیی کارگێڕییان نییە، ئیتر تاکەی دەستھەڵناگرن لەکۆڕ و کۆبوونەوەی بێئەنجامی زانکۆ و وەزارەت، ئیتر تا کەی درێژە بەسکگوشین و بێنرخکردنی بڕوانامەی خوێندەوار و دۆخی خوێندەواریی دەدەن؟!
ئەگەر ستافی ئەکادیمیی و نێوەندە ئەکادیمییەکانیان، پرۆژە و پلان و پرۆگرامی جێگرەوەیان نەبێت؛ ئیتر وەک دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان دەبێت گۆڕەپانەکە بۆ ھۆردووی چەکدار بەجێبھێڵن و بۆھەمیشە «ئەھلی قەڵەم و کیبۆرد» بخرێنە ئەرشیفەوە. بۆیە بەسە ئیتر، ئێمەش نەفسمان ھەیە، پێویستمان بە نان و ئازادییە؛ ناکرێت لەوە زیاتر بەمەرجی دابینکردنی یەکێکیان، ئەویدیکەمان لێبگرنەوە یاخود ھەردووکیان تا کاتێکی نادیار پاشەکەوت و کلک و گوێ بکەن!