پێوەری لاستیکیی و هەڵسەنگاندنی ناڕەوا بۆ هەگبەی مامۆستا!
10/28/2023 2:59:00 PM
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
هیچ هەڵسەنگاندنێکی زانستیی رەوا و رێگەپێدراو نییە و نابێت؛ ئەگەر پێشوەختە پشت بە پێوەری ورد و لۆژیکیی نەبەستێت. راستیی هیچ پێوەرێکیش ناسەلمێنرێت، تاوەکوو لە ژیانی رۆژانەدا نەبینرێت و نەچەسپێنرێت. هەربۆیە رەخنەگرتنی روون و راشکاو_یش لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن؛ نە تاوانە و نە سووکایەتیی بە ئاست و ئاڕاستەی کارکردنی هەڵسەنگێنەران، بەڵکوو رێنوێنیی و رێگەخۆشکردنە بۆ راستکردنەوەی ناڕاستییەکان و گۆڕینی خاڵی نەرێنیی بە ئەرێنیی و ئاشکراکردنییەتی بۆ رایگشتی.
بەپێی ئەو بازاڕسازییەی بۆی دەکرێت، «فۆڕمی هەڵسەنگاندنی هەگبەی مامۆستا» کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانەوە بەسەر زانکۆ حکوومییەکاندا گشتێنراوە؛ لە 18خاڵ پێکدێت کە 16یان بۆ «پرسیاری هەڵسەنگاندن»و یەکێکیان بۆ «رێژەی ئاستەکان»و خاڵێکیشیان بۆ «تێبینی و رەخنە و پێشنیاز بۆ خۆچاکردن و پێشخستن و پەرەسەندنی مامۆستاکە» تەرخانکراوە، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان لەگەڵ چوارینەی هەر سیستەمێکی پەروەردەیی دیمووکرات و هاوچەرخدا نایەنەوە. تەنانەت هەریەک لە ژینگەی خوێندن، پرۆگرامی خوێندن، مامۆستای وانەبێژ و فێرخوازی ئامادەبووی نێو هۆڵەکانی وانەخوێندن دژ و پێچەوانەی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی پایەیەکی سەرەکیی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق_ن؛ ئەوەیش لەبەر زیاد لە هۆکارێک کە دیارترینیان لەمانەی خوارەوەدا کوورتدەکرێنەوە:
1. مامۆستای زانکۆ کە بندیوار نەبێت و خۆی و راژەکەی راستەقینەبن و زیاتر لە دوو مانگ مووچەی شیاوی خۆی وەرنەگرتبێت و دوای دەیان مانگ_یش شایستە داراییەکانی توێژینەوەی زانستیی و سەرپەرشتییکردن و تاووتوێی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای بۆ خەرجنەکرابێت و ژینگەیەکی لەباری وانەوتنەوەی بۆ فەراهەمنەکرابێت؛ چۆن و بە چ دڵێک دەوامی ئاسایی رۆژانە بکات، تاوەکوو داوای لێبکرێت کە زانکۆ بە مووڵکی خۆی بزانێت و 100٪ی کاتەکانی بۆ پێشخستنی زانکۆ و زانست و خوێندن تەرخانبکات و ببێت بە مامۆستایەکی نموونەیی. بەتایبەت لەم رۆژگارەدا کە سێکووچکەی «واسیتە و مەحسووبییەت و مەنسووبییەت» کراونەتە «ئەرکی نیشتیمانیی»و ئەوەی نەیانکات بە سەختگییر و لادەر و ناپاک بە حزب و حکوومەت ناوزەد دەکرێت. ئەوەیش لەکاتێکدایە کە ئەوانەی لەسەر وێر و هەژماری زانکۆ؛ کردیان و بردیان و خواردیان هەم ژیانی ئێستا و داهاتوویان مسۆگەرکرد، هەم خاوەن پایە یاخوود پلەدارترن لەوانەی پێڕەوی رێسا و یاسا بەرکارەکانیان کرد!
2. مامۆستای زانکۆ؛ چۆن قەرەبووی وانە فەوتاوەکانی بکاتەوە کە حکوومەت و وەزارەتەکانی، خۆیان لە قەرەبووکردنەوەی سادەترین پێداویستیی ژیانی مامۆستایان بێخەم و بێدەنگکردووە، بەجۆرێک نەخەرجکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە و نە هاندان و نە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر نەبووە بە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران_یش. جا بیهێنە پێش چاوت؛ لەم دۆخەدا بەیانییەک لە شوێنێکی دوور لە دەوامی زانکۆ سلف لێدەیت و بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیی پێویست، سەیارەکەت نەڕوات و نەشتوانیت کرێی تەکسی بدەیت یاخوود شوێنی نیشتەجێبوونت بەدەگمەن پاس پێیدا بێت و بڕوا، ئیتر چۆن بگەیتە زانکۆ و چۆنیش هێز و ورە و وزە بە خۆت و خوێندکارەکانت ببەخشیت کە «ئەم دۆخەیش تێدەپەڕێت» و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووسی خۆت و خۆشەویستانت نەبێت!
3. مامۆستای زانکۆی حکوومیی کە هەموو بیر و هۆشی لەلای دابینکردنی پارووە نانێک بۆ منداڵ و ماڵێک بۆ مانەوەی خێزانەکەی بێت؛ ئیتر چۆن دەتوانێت «تەرکیزی لەسەر کواڵێتیی خوێندن»و وانەوتنەوە بێت و لەگەڵ چواردەورییدا دووچاری کێشە و بەریەککەوتن نەبێت. خۆ پێشینانی کورد لەخۆڕا نەیانوتووە: کاسەی پڕ؛ ئاشتیی ماڵە.
4. مامۆستای زانکۆ؛ هەرگیزاوهەرگیز ناتوانێت کارنامەیەکی ورد و پڕزانیاریی تازەکراوە ئامادەبکات و بیخاتەبەردەم فێرخواز، ئەگەر هاتوو ژینگەیەکی شیاوی بۆ بیرکردنەوە و نووسین و داهێنان لە بواری پسپۆڕییەکەی نەبێت. درووست وەک دۆخی ئێستای مامۆستایانی زانکۆ حکوومییەکان کە بۆ هەموو ساڵێک یەک شێوە و شێوازی وانەئامادەکردن و وانەوتنەوە پێڕەودەکەن، تەنیا ئەوە نەبێت کە گۆڕانکاریی لە ژماری ساڵ و ساتی دەستپێکردنی دەکەن.
5. مامۆستای زانکۆ کە هەموو ساڵێک پرسیار بۆ تاقیکردنەوەکان دادەنێت و سەدان وەڵام دەپشکنێت و نمرەی شیاو بۆ تاقیکراوەکان دادەنێت، بەڵام لەوسەرەوە هەندێکجار یاریی بە نمرەی دەرنەچووان و ریزبەندیی دەرچووان بکرێت، ئیتر چ دڵێکی بە هەڵسەنگاندن خۆشبێت تاوەکوو بۆ ساڵێکی دیکەی خوێندن گۆڕانکاریی لە شێوازی وانەوتنەوە و پرسیارداناندا بکات. بەتایبەت کە ئێستا دۆخێک سەپێنراوە؛ ئەو مامۆستایەی لەسەر کواڵێتیی خوێندن و یاریینەکردن بە پێگەی ئەکادیمیی خۆی و پسپۆڕییەکەی رژدبێت، کەمترین نمرەی هەڵسەنگاندنی لەلایەن ئامادەبووانەوە بۆ دادەنرێت. هەربۆیە ئێستا لە زۆر شوێن شتێک نەماوە بەناوی مامۆستای سەرکەوتوو و پێداگریی لەسەر کواڵێتیی خوێندن، بەڵکوو «مامۆستای باش؛ ئەوەیە جدیی نەبێت و بە گوێی تەلەبە بکات.»
6. مامۆستایەکی زانکۆ کە خاوەن بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بێت و بڕوای بە بنەمای رەخنەگرتن و رەخنەلەخۆگرتن هەبێت؛ لە زانکۆ حکوومیی و ناحکوومییەکانیشدا جێگەی پێ لێژ دەکرێت و هەرگیزاوهەرگیز بەبێ باج دەرناچێت، ئیتر چۆن و بە چ شێوەیەک پێڕەویی پێوەرێک بکات کە ببێت بە هۆکاری پەراوێزخستن و دوورخستنەوە و تەنانەت نانبڕینیشی. لە چەند ساڵی رابردوودا؛ کەمنەبوون ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە بەهۆی رەخنەگرتن لە خراپبەکارهێنانی دەستەڵاتە دارایی و کارگێڕیی و زانستییەکانی زانکۆ؛ راپێچی لیژنەی لێپێچینەوە و سزادان و گواستنەوەی راژە بوونەوە!
7. مامۆستایەکی زانکۆ کە بە یەک چاو سەیری سەرجەم فێرخوازان بکات و جیاوازیی لەنێوان نێر و مێ، جوان و ناشرین، زیرەک و نازیرەک، دەوڵەمەند و هەژار، کورد و بیانیی و …تد نەکات، هەگبەکەی ئەو نمرە شیاوەی نەدراوەتێ کە بە مامۆستایەک دەدرێت هەموو جۆرەکانی جیاکاریی ئەزموونکردبێت. کەمنین ئەو «مامۆستا»یانەی لەپێناو شاردنەوەی گێچەڵکردنیان بە فێرخوازان؛ بەرز و نزمیی نمرە_یان کردووە بە چەکی بەرگریی لەخۆکردن، تاوەکوو سکاڵایان لەسەر بەرزنەکرێتەوە!
8. مامۆستایەکی زانکۆ کە رێگە بە دەستتێوەردانی دەرەکیی لە کارووباری خوێندن نەدات و بڕیارەکانیشی بابەتییانە و لەپێناو سوودی گشتییدا بن؛ کەمترین چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنی پێدراوە. بەتایبەت کاتێک بۆ پۆستێکی کارگێڕیی زانکۆ چانسی خۆی تاقیکردبێتەوە؛ هەر زوو بێهیواکراوە و لە پرۆسەکەدا کراوەتە دەرەوە!
9. مامۆستایەکی زانکۆ کە رۆحی هاوکاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپیشە و هاوکارانی هەبووبێت؛ لە پلاری پلەدارانی بەش و کۆلیژ و سەرۆکایەتیی زانکۆکەی بەدوور نەبووە و ئەگەر بۆ گاڵتە و گەپ_یش بووبێت، هەر جارێک لە جاران پێیوتراوە: چییە بە نیازی خۆپاڵاوتن و پۆستوەرگرتنی؛ وا لەگەڵ دار و بەرددا هەمیشە دڵخۆش و دەم بەخەندەیت؟!
10. مامۆستایەکی زانکۆ کە هیچ هاندەر و هاندانێکی پێشوەختەی بۆ خۆپەروەردەکردن و خۆنوێکردنەوە بۆ نەڕەخسێنرێت؛ چۆن دەتوانێت لە بواری پسپۆڕییەکەیدا داهێنان بکات و وەک ئەکادیمییەکی لێزان ببێت بە سەرمەشق بۆ چاولێکردنی چواردەورەکەی؟!
11. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ بە بڕوانامەی دکتۆرا و نازناوی زانستیی پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر چانسی ئەندامێتیی بچووکترین و لاوەکییترین لیژنەی نادرێتێ، نەک لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆ، بەڵکوو لەسەر ئاستی کۆلیژ و بەش پەڕاوێزدەخرێت. ئەو بەربەستانەیش لەکاتێکدایە؛ لە دەرەوەی زانکۆ و لەپای چالاکییە زانستییەکانی، خەڵات و دیاریی و رێزلێنانی پێدەبەخشرێت!
12. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ لەسەر ئاستی زانکۆ و کۆلیژ و بەش بە بەرنامە دەبووغزێنرێت، بەڵام چەندین دەزگە و دامەزراوەی دیکەی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ئاتاج بە سەرنج و پێشنیازەکانی ئەون و هەر رۆژە و لە شوێنێک میوانداریی دەکرێت. لە دۆخێکی ئاوادا مامۆستایەک کە رێز لە توانای زانستیی و لێهاتووییەکانی نەگیرێت، بە چ شێوە و شێوازێک پێشنیازی پلان و پرۆژە و پرۆگرامەکانی بۆ گەشەپێدانی زانکۆکەی بخاتەڕوو؟!
13. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ هێندەی لە ئاستی نێودەوڵەتیی ناسراوە و ئاماژە بە توێژینەوەکانی دەدرێت، نیوهێندە لە ئاستی ناوخۆدا رێزلێگیراو و ناسراو نییە، بگرە زۆرجاریش لە مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا و خەرجکردنەوەی تێچووی توێژینەوەکانی رێگریی بۆ درووستدەکرێت، ئیتر چۆن و بە چ شێوەیەک بتوانێت بەشداریی کارای لە چالاکییە زانستییەکانی کوردستان و عێراقدا هەبێت و بەشداریی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بکات؟!
14. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ جگەلە زمانی شیرینی کوردیی، شیرینیی هیچ زمانێکی زیندووی جیهانی نەچەشتووە، چ بگات بەوەی لە گۆڤارە ئاستبەرزە نێودەوڵەتییەکاندا توێژینەوە بڵاوبکاتەوە، کەچی لە وەرگرتنی پلە و پایە و پۆستی زانکۆییدا لە پێش هەمووانەوە، چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنی بۆ دەڕەخسێنرێت. کەواتە ئەوە چ پێوەرێکی هەڵسەنگاندنە کە نەزان وەک زانا و زانا وەک نەزان بناسێنرێت و بازاڕسازییان بۆ بکرێت؟!
15. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ دوای دەیان دەستپێشخەریی بۆ بەش و کۆلیژ و زانکۆ لەبری وەڵامدانەوە و پاداشتکردنی، رووبەڕووی تۆراندن و تاراندن بووەتەوە. کەواتە دەستپێشخەرییەک؛ گۆشتی پێنەگرێت بۆ گۆشتی پێ کەمبکات؟!
16. مامۆستای زانکۆ هەیە؛ هێندەی چالاکی دەرەکیی هەیە و وەک پسپۆڕ لە راگەیاندنەکاندا دەردەکەوێت، نیوهێندە لەلایەن زانکۆوە سوودی لێ نابینرێت و لە چالاکییەکانییدا بەشداریی پێناکرێت، ئیتر چۆن هەستی هاوزانکۆیی دەمێنێت و شەڕ لەسەر ئەوە دەکات کە وەک ستافێکی ئەو زانکۆیە بناسێنرێت!
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرنجانە و دۆخی شێواو و پاشاگەردانیی ئەمڕۆی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا؛ پێشنیاز دەکەم «فۆڕمی هەڵسەنگاندنی هەگبەی مامۆستا» لە زانکۆ حکوومییەکاندا بەتەواوی لاببرێت یان بەجۆرێک هەمواربکرێتەوە کە لەگەڵ دەرفەت و بەربەستەکانی ئێستادا تەبا و گوونجاوبن. بۆنموونە؛ مووچەی 60رۆژیی و توێژینەوەی زانستیی بەبێ پاداشتی مادیی و پێنەدانی رێزلێنانی مەعنەویی و بێدەنگکردنی بەکۆمەڵی مامۆستایان وەک پێوەر لەبەرچاوبگیرێت، چوونکە ناکرێت مامۆستای کوردستانیی بە فۆڕم و پێداگۆگی فینلەندایی هەڵبسەنگێنرێت!
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن و کولتوور و میدیا دا