وادەی سێ ڕۆژ باران راگەیەنراو پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر
01:37 - 14/04/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
کەشناسی ئاشکرایکرد، سبەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و چوارشەممەش زیاتر دادەبەزن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نمەباران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. کاتەکانی ئێوارە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ تاوەباران و برووسکە دەگۆڕێت، تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ناوبەناو بەردەوام دەبێت."
باسی لەوەشکردووە، پلەی گەرما ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ ٣ بۆ ٥ پلەی سیلیزی دادەبەزێت؛ سبەی بەراورد بە ئەمڕۆش ٤ بۆ ٧ پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نزمترین پلە بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت لە شەودا.
لابارەی کەشی سبەی سێشەممەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، ئاسمان "هەوری باراناوی دەبێت لە تەواوی ناوچەکان و نمەبارانی ناوبەناو دەبارێت."
هاوکات، کەشناسی دەڵێت: "هاووڵاتییان بەگشتی و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و دەڤەری باڵەکایەتی ئاگادار دەکەینەوە لە نزمبوونەوەی پلەی گەرما، بە جۆرێک کە بەرەبەیانی چوارشەممە بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت و لە هەندێک ناوچە دەبێتە ٦ پلە لەژێر سفر."
لەمبارەیەوە، لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ و سبەی جگە لە دابەزینی پلەی گەرما، بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە باران لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان دەبارێت و بارانی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت بەراورد بە سەنتەری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئەو شارەزایەی کشتوکاڵ دەشڵێت: بارانەکە سوودی باشی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت کە چەند رۆژی رابردوو بارانیان لێ باریوە و بە ناوچەی بارانی مسۆگەر دەژمێردرێن، بەڵام بۆ زۆرینەی دەشتەکانی هەولێر، دهۆک و گەرمیان کە گەنمیان خەریکە لەنێو دەچێت، هیچ سوودێکی بۆ دانەوێڵە نابێت."