دوو هەواڵى خۆش بۆ بژمێرەکانى سەرژمێرى
07:50 - 14/04/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى پلاندانانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بۆئەوەى گوژمەیەک پارەى دیکە بۆ بژمێرەکانى سەرژمێرى بنێرێت، دەشڵێت، لەکاتى کردنەوەى دەرگاى دامەزراندن، کارى بژمێرییان بە خاڵێکى بەهێز بۆ هەژمار دەکرێت.
وەزارەتى پلاندانانى هەرێمى کوردستان وەڵامى داواکارى بژمێرەکانى داوەتەوە بۆ داواکاریى شایستە داراییەکانیان و دەڵێت، هەرچەندە کارەکانیان لە 17ى 11ى 2024 دەستیپێکرد و تا 15ى 12ى 2024ى خایاند واتە 32 رۆژ کاریان کردووە، بەڵام گرێبەستەکەیان بۆماوەى دوو مانگ بۆکرا، بۆیە بە شایستەى دەزانن کە دوو شاستەى داراییان پێبدەن، دەشڵێت، لە سۆنگەی هەستکردن بە ئەرک و ماندووبوونی بێوێنەی بژمێرەکان لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریی بە شێوەیەکی جوان و ڕێکوپێک، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ لەسەر تەرخانکردنی گوژمەیەکی تر بۆ بژمێرەکان کەوتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بتوانین قەرەبووی کەمێک لەو ماندووبوونەیان بکەین، لە سەردانی شاندی وەزارەتمان بە سەرۆکایەتيی بریکاری وەزارەت بۆ بەغدا ڕۆژی 29ى 1ى 2025 کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری پلاندانانی فیدڕاڵ و ئەو داوایەیان پێشکەش کرد.
وەزارەتە نووسیویەتى، وهزيرى پلاندانانى فيدڕال وێڕای دەستخۆشی له شاندى وهزارهت کە توانیمان لە ماوەیەکی زۆر کورت ئامادەکاری بکەین بۆ سەرژمێری، ئەرک و ماندوبوونی بژمێرەکانى لە هەرێم بەرز نرخاند و ئاگهداری سەرۆکی دەستەی ئاماری فیدڕاڵى کرد کە ئەم داواکارییە قبووڵە و پێویستە گوژمەیەکی ديكهى بودجە بۆ بژمێرەکانی هەرێمى كوردستان تەرخان بکرێت. لەوکاتەوە وەزارەتمان لە پەیوەنديی بەردەوامدايه لەگەڵیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵە و بەردەوامین ڕۆژانە تا جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەى داواکاریى بژمێرەکانیش بۆ دامەزراندنیان، وەزارەتى پلاندانانى هەرێم رایگەیاندووە، هەرچەندە دامەزراندن لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتيی وەزارەتمان نیە، بەڵام لە بوونی دەرفەت بۆ دامەزراندن لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و بەشی هەرێم هەبێت تیایدا دەتوانن لە ناو کێبڕکێی دامەزراندن بن و بەشداریکردنیان لە سەرژمێری دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆیان.