بە داڕمانی بەرزاییەكانی گوێژە و دروستكردنی ئاپارتمانەكان سلێمانی تینو تر دەبێت
08:58 - 13/06/2024
زەمەن - سان ساراڤان
بە ئاشكرا داڕمان و
پلانی بە ئاپارتمانكردنی ناوچەی گۆیژە كەوتۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەو ڕۆژانە كۆمپانیاو
سێبەرەكانی پشتی كۆمپانیاكان پاساوی جۆربەجۆر دەهێننەوە بۆ بەڕێكردنی پلانە
بەرژەوەندخوازەكانیان. یەكێك لەو پاساوانە ئەوەیە كە گوایە قۆناغی بیناسازی ڕوویەكی
(شارستانی) تر دەدات بە شاری سڵێمانی. چ شارستانییەتێك؟ لە شارنشنیدا هاوڵاتی و ژینگە چەقە و لە
سەنتەردایە، گەر شارستانییەت و شارنشینی لەسەرو بەرژەوەندی پێداویستی سەرەكیەكانی هاوڵاتیان بینا بكرێت
ئەوا شارستانیەكی پووچ و بێ گیان دەبێت و كلۆربوونی كۆمەڵایەتی بەدوا دێت،بەوەش ژیانی تاك دەکەوێتە مەترسییەوە.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە
ئایا زیادكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پێداویستییەكی بنەڕەتییەلەم كاتەدا؟ بەتایبەتی كە
لە ماوەی ٣٤ ساڵی حوكمڕانی كورییدا بەبەردەوامی كەلێنی گەورەمان هەیە لە
پێداویستیە سەرەكیەكانی وەك كارەبا و ئاو هەوا و خۆراكی تەندروست و ڕێگەوبان
و كەرتی تەندروستی. دەزانین كە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و چارەسەر بۆ كێشەكانی
بەرێوەبردنی شار بەبەردەوامی بە
پرۆسەی پینەكردن و داپۆشینی گرفتەكان و چارەسەری كاتی بووە، تەنها زەرەمەندی گەورە
هاولاتی بووە.
لە ئێستادا، ژمارەی
دانیشتوانی ناو قەزای سلێمانی بە بەكرەجۆ
و تانجەرۆو بازیانیشەوە دەگاتە نزیكەی ٩٩٢،٩٢٢ كەس، ئەم ژمارەیەش بەسەر ١٩٨ هەزار خێزاندا دابەش بوون، تا ئەم كاتە لەم ناوچەیە ٢٢٢ هەزار یەكەی
نیشتەجێمان هەیە بەخانوو ئاپارتمانەوە. گرییمان هەموو خێزانەكانی شار خاوەنماڵی تایبەتی خۆیانن، كەواتە ٢٤هەزار یەكەی
نیشتەجبوون لە شاردا زیادەیە، جگە لە باخ
و ئەو ڤێلایانەی كەلە ناوچەكەدا هەڵتۆقیوون. تەنها ئەم ٢٤ هەزار شوێنی
نیشتەجێبوونە نییە بەڵكو فراوانكردنی شار
لەسەر ئەژماری سروشت و گرد و شاخەكان بەردەوامە، كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی
خانووبەرە كەوتونەتە تەختكردنی سروشتی ناوچەكە و مۆڵەت و پلانی دروستكردنی ٤٧
هەزار یەكەی نیشتەجبوونی تریان لە كاربەرێوەبەرانی سلێمانی و حكومەتی هەرێمەوە
وەرگرتووە بۆ ئەم ساڵ و ساڵی ئایندە، هەندێكیان لە ئێستا لە ناوچەی گویژە
قووتبونەتەوە. كەواتە تا ساڵی ٢٠٢٦ ڕەنگە نزیكەی ٧٠ هەزار خانووی زیاد هەبێت لە
سلێمانیدا.
گرنگی
ئاو بۆ سلێمانی؟
یەكێك لە هەرەوە سەرەكیتریین پێداویستی مرۆڤ و دەوروبەر، ئاوە. هەمیشە دەوترێت ئاوەدانی لەسەر بنەمای ئاو گەشە
دەكات واتە ئاو داینەمۆی ئاوەدانییە بۆ ژیان وگەشەكردنی كۆمەڵگا.
لە شاری سلێمانی دوو
سەرچاوەی سەرەكی ئاو هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی رۆژانەی دانیشتوانەكەی كە ئەوانیش سوود وەرگرتنە لە ئاوی سەرزەوی و
ئاوی ژێر زەوی. سەرەكیترین سەرچاوەی ئاوی
سەرزەوی عەمبارو خەزانی ئاوی دووكانە و هەروەها سوودوەرگرتنە لە ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی
بیرو كارێزەكانەوە.
ئاوی
دوكان:
دوكان دەریاچەیەك یاخود
ڕێزێرڤوارێکی دەستكردە كە لەساڵی نێوان سالانی (١٩٥٤-١٩٥٩) بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو
دروستكراوە و ٧٠ كم دوورە لە ناوەندی سلێمانییەوە. كۆی قەبارەی ئاووی دوكان ئەگەر كەم
بارنی نەبێت دەگاتە ٦،٨ كیلۆمەتر سێجا ئاو
واتە لەكاتی پڕبوونی تەواوەتی ٨،٣ كم٣ واتە ٦،٨ كواردلیۆن لیتر دەگرێت. جگە لە سوودی گەورە بۆ ناوچەو گەندەكانی
دەوروبەر تا دەگاتە دەشتی كۆیەو تەقتەق و پردێ و كەركوك و تا دەرژێتە ناو ڕووباری
دیجلە. لەڕێگەی بۆرییوە بە ناو كۆمەڵگای پیرەمەگرون و بازیان تێپەڕ دەبێت و دەگاتە
شاری سڵێمانی و دەروروبەری. ئەو بڕەی كە
دەگاتە سلێمانی و دەوروبەری ڕۆژانە دەگاتە ٢٣٠ هەزار مەتر سێجا واتە ٢٣٠ ملیۆن لتر دەدرێتە ماڵان. گەرەكەكانی سلێمانی كەژمارەیان
٢٥٠ گەرەكە، هەفتەی جارێك یان بە دەستنیشانكراوی ٤ رۆژ جارێك لە هاویندا و ٣ رۆژ
جارێك لە زستاندا ئاویان بەردەكەوێت، كە ئەمەش پێویستی هاولاتیان سارێژ ناكات، زۆربری
جار هاولاتیان لە ڕێگەی تەنكەرە ئاو دەكڕن. هەنێك گەڕەکیش هەیە تا ئێستا ئاوی
بۆرییان بۆ ڕانەکێشراوە رۆژانە بە تەنکەر
ئاو دابین دەکەن.
پرسیارە
جەوهەرییەكە ئەمەیە: لە ئەگەری زیادبوونی ٧٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبووندا ، واتە زیاتر
لە ١/٤ ی ئەم ڕێژەی ئێستا هەمانە، دابەشكردنی ئاو چەند جار ئەبێت لە هەفتەیەكدا؟ وەلامەكەی ئاسانە ڕەنگە بگاتە یەك جار لە هەفتەیەك
یان زیاتر لە هەفتەیەك.
خاڵێکی لەمە گرنگتر ئەوەیە کە عەمباری دوکان لە دوو ڕێگاوە کۆدەبێتەوە، ئاوی باران و ئەو
سەرچاوانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێن،
لە ئەگەری بێبارانی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەدیوی ڕۆژهەڵاتەوە ئەوا ئاوی
دوکانیش ئەم توانا سنووردارەی ئێستای لەدەست دەدات.
ئاوی
ژیر زەوی:
ئاوی ژێر زەوی بریتییە
لەو ئاوەی كە لە بۆشایی بچووكی نێوان خاكی بەردین و بنكەوتووی ژێر زەویدا گیری خواردووە بە هێواشی دەجوڵێت بەناو پێکهاتە جیۆلۆجییەکانی
خاک و لم و بەرد کە پێی دەوترێت ئاوەڕۆی ژێرزەوی (Aquifers), ڕۆیشتنی ئاوی ژێر زەوی پشت دەبەستێت بە
قەبارەی بۆشاییەکانی ناو خاك یان بۆشایی بەردەکانەوە.
زۆرینەی کات بە هۆی هەڵسوکەوتی ناپەسەندی مرۆڤەوە ئەم ڕارەوە ئاوییانە دەشێوێنرێت. مرۆڤ لە ڕێگەی بیرو کارێزە و کانیاوە وە سوودی
لە ئاوی ژێر زەوی دەبینێت بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی.
گەر بەووردی سەرنج
بدەینە ئاوی ژێر زەوی سلێمانی دەبینین سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندەها کارێز
و کانی تێدا بووە بەڵام بە هۆکار مرۆکرد لە فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و
دروستکرددنی بینای بەرز کارێز و کانییەکان سەریانگیراوەو پڕکراونەتەوە، هۆکاری کەمبوونەوەی
باران و بەفریش بە هەمانشیوە کاریگەری گەورەی هەبووە لەم پرۆسەی وێرانکردنەدا، کە
ئەمیش ڕێژەیەکی زۆری هەر مرۆکردە. لە پاش ڕاپەڕینەوە رێژەییەکی بێشومار لە بیر
هەڵکەنراون کە نزیکەی دە هەزار بیر دەبێت لە سلێمانی و دەوروبەری، هەر لە مەڵبەندی شاری سلێمانی نزیکەی ١٨٠٠ بیری
تۆمارکراو هەیە، ئەمە جگە لەو بیرە قاچاغانەی کە ڕۆژانە هەڵدەکەنرێت. ئەوەی تێبینی
دەکریت لە هەڵکەکنینی بیرەکاندا، دابەزینی ئاستی ئاوە، کە لە زۆر شوینی سلێمانیدا دەگاتە
زیاتر لە ١٥٠ مەتر قوڵایی کە ئەمە لە ڕابردودا بەم شێوەیە نەببوە.
گەورەترین گرفت ئەوەیە
لە کاتی کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، هانا بۆ سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی بەریرت
بە شێوەیەکی ڕەمەکیانە، کە دەبێتە هۆکاری شێواندنی چینەکانی ژێر زەویی جا بە هۆی
بیناسازیی و فراوانبوونی شارەوە بێت یان بە هۆکاری بشێویەوە بێت.
سلێمانی
لە ڕووی جیۆلۆجی و چینەکانی ژێر زەوییەوە:
هەڵکەوتەی جوگرافیای سلێمانی
لە نێوان شاخ و گرد و دۆڵەکاندا، سلێمانی
کردۆتە ئەستێڵێکی گەورەی پڕ لەئاوی ژێر زەوی، کە لە ڕابردودا ببوە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندەها
کارێزو کانیاو و عەمباری پڕ لە ئاو. بەڵام
لە ئێستادا ئەم رێژەیە کەم بۆتەوە بە هۆی ژمارەی بێشمار لە بیر و کەم بارانی و
ووشکەساڵی، سەرەڕای ئەمە نکوڵی ناکرێت کە خاکەکەی رێژەیەکی زۆری ئاو تێدایە.
لە ڕووی
جێۆلۆجییەوە، ژێر زەوی سلێمانی لە چەند
پێکهاتەیەکی گرنگ دروستبووە ، هەر یەك لە ئەم پێکهاتانە هەڵگری بڕێکی زۆرن لە ئاوی
ژێر زەوی کە پشت دەبەستن بە ئاوی باراناو و بەفر لە ناوچەکەدا. ئاوی
ژێر زەویش هەمیشە لە جوڵەو ڕاڕوکردنە لە
ناوچەیەکەوە بەرەو ناوچەی تر. هەموو ئەم پێکهاتانە گرنگی خۆی هەیە لە ڕووی ژینگەیی
و گلدانەوەی ئاوی ژێر زەوی. ئەم پێکهاتانە درێژبوونەتەوە، بە دووری فرە مەوداوە، واتە ئەم پێکهاتانە درێژ دەبنەوە لە سلێمانی وە بە
هەزارەها کیلۆمەتر پەل دەکێشن بۆ دەرەوەی شاری سلێمانی.
بۆ ئەوەی زیاتر لە پێکهاتەی زانستی چینەکانی ژێر زەوی
ناوچەی سلێمانی و پۆلێنکردنیان تێبگەین
دەبێت هەڵوێستەیەك بکەین لە سەر ئەم شیکارییە کە جیۆلۆجیستەکان چینەکانی ژێر زەوی سلێمانیان
بەم چەشنە پۆلێن کردووە و پێكهاتەی ناوچەکەیان نەخشاندووە، ئەوانیش ئەمانەن:
سوودم لە سەرچاوەکانی
دکتۆر سەڵاح حەمە کەریم وەرگرتووە
لیرەدا لەبەر ڕۆشنایی بە
ئاپارتمانکردنی ناوچەی گۆیژە بە تەنها سەرنج دەخەمە سەر ئەو پێکهاتەیەی بەڕێژەیەکی
زۆر کە شاری سلێمانی سوودی سەرەکی لێ دەبینێت کە لە ڕووی ئاوی ژێر زەوییەوە کە بۆتە
ڕاگرتنی بڕێکی زۆر لە ئاوی عەمبارکراو و هەڵقوڵانی کانیاوەکانی ناوچەی سلێمانی و
دەوروبەری:
پێکهاتەی کۆمیتان: وەك لە وێنە شیکارییەکەدا ئاشکرایە کۆمیتان لە سەر شاخی
ئەزمەڕە و گۆێژە و دەباشان درێژ دەبێتەوە
بۆ ناو شاری سلێمانی هەتا دەگاتە ناوچەی شێرکوژو سەرچنار و رزگاری، لە دیوی پشتی ئەزمەڕیشەوە بۆ
ناوچەکانی سیتەك. کۆمیتان لە نەرمە بەردی
قسڵی سپی پێك دێت و ئاوێکی سازگارو پاکی هەیە شیاوە بۆ خواردنەوە بە ئاوی کارستی
ناوزەند دەکرێت، ئاوی کارستی سەرچاوەیەکی ئاوی ژێر زەوییە لە بەردە تواوەکاندا
بوونی هەیە لە بۆشایی گەوەرەی ژێر زەویدان. بە هۆی گرنگی ئەم پێکهاتەیەوە ئەم ئاوە بۆتە
هۆی بووژانەوەی کانیاوەکانی سەرچنار و بێستانسور وسەرای سوبحان ئاغا و تەنانەت کانیاوەکانی تابینیش. لەم وێنە
شیکاریەدا بە ئاسانی ڕێڕەوی ئاوی ژێر زەویە لە پێکهاتەی کۆمیتاندا دەردەکەوێت.
سوودم لە سەرچاوەکانی
دکتۆر سەڵاحەدین عەلی وەرگرتووە
بۆچی
بە ئاپارتمانکردنی ناوچەی گۆیژە سلێمانی تینوو تر دەبێت؟
هەڵکەندن و دروستکردنی
بناغەو بڕینی شاخی گۆیژە بەهەر پاساوێك بێت دە بێتە هۆی پچراندنی
ئەو چینەی کە پێی دەوترێت کۆمیتان، کە لەبنەڕەتدا راڕەوی ئاویین بۆ مەڵبەندی سلێمانی
و دەوروبەری. بەم شێواندنە سلێمانی ئەو
ئەستێڵە لەدەست دەدات کە بەهۆی شاخ و گرد و تەپۆلکاکانەوە دروست بوون. دەرئەنجامی ئەم
کردە نابەرپرسیارانەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا کانیاوەکانی سەرچنارو تابین و
بێستانسسور ووشك دەبن و کاریگەری لەسەر هەموو ئەو بیرانەش دەبێت کە لە ناوچەکەدا
هەن. بۆیە بە دروستکردنی ئایارتمانەکانی گۆیژە خەڵکی سلێمانی دووچاری قەیرانی
گەورەی بێئاوی دەبێتەوە و سلێمانی تینوو تر دەبێت، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی چەند
کەسێکی باڵادەست کە بونەتە سێبەری پشتی کۆمپانیا گەورەکانی ئەم دەڤەرە.