693 کوردستان

هێرشە پەیجەرەکانی ئیسرائیل جیهانیان گۆڕی

11:35 - 24/09/2024

ن: بروس شنایەر*
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان


ئەو هێرشە بەدفەڕەی هەفتەی ڕابردوو، ئیسرائیل کردییە سەر حزبوڵڵا، کە تێیدا سەدان ئامێری پەیجەر و ئامێرە بێتەلەکانی پەیوەندیکردنی دووسەرە تەقینەوە و، لانی کەم ٣٧ کەس کوژران، نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەو هەڕەشەیەی ساڵانێکە پسپۆڕانی سایبەر – ئاسایش (cybersecurity) ئاگادارمان دەکەنەوە لێی: زنجیرەکانی هاوردەکردنی نێودەوڵەتیی کەلوپەلە بەکۆمپیوتەریکراوەکان، دەمانخەنە مەترسییەوە؛ هیچ ئامرازێکی بەکەڵکیشمان نییە بۆ داکۆکیکردن لە خۆمان.

گەرچی کردەوە کوشندەکە زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام هیچ کام لەو شتانەی بۆ جێبەجێکردنی بەکار هاتوون، تازە نین. ئیسرائیل، کە نە ڕەتی کردۆتەوە و نە جەختی کردۆتەوە ڕۆڵی لەوەدا هەبووبێت؛ هەمان ئەو تەکتیکانەی بەکار هێناوەتەوە کە بۆ ڕفاندنی زنجیرەیەک هاوردەکردنی نێودەوڵەتی بەکاری هێناون، ماوەی ساڵانێک ماددەی تەقینەوەی پلاستیکیی لەناو ئامێرەکانی حزبوڵڵادا چاندووە. ئەوەی تازەیە، ئەوەیە ئیسرائیل ئەوانەی بە شێوازێکی وێرانکەر و زێدەڕۆییتێداکەر پێکەوە کۆ کردۆتەوە؛ ئەمەیش زۆر ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا، کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان چۆن دەبێت – لە کاتی ئاشتی و کاتی جەنگ و ناوچەی خۆڵەمێشیی نێوانیان کە بەردەوام لە فراوانبوونەوەدایە.

بەئامانجگیراوەکان تەنیا تیرۆریستان نابن. کۆمپیوتەرەکانمان لە مەترسیدان؛ تا دێت زیاتریش ئۆتۆمبێلەکانمان، سەلاجەکانمان، ڕێکخەری گەرمیی ناو ماڵەکانمان و گەلێک کەلوپەلی بەسوودی دیکەی بەردەستمان، کەوتوونەتە مەترسییەوە. بەئامانجگیراوەکان لە هەموو شوێنێك هەن.

پێکهاتەی بنەڕەتی لەم کردەیەدا – چاندنی ماددەی تەقینەوەی پلاستیکی لە پەیجەرەکان و ئامێرەکانی پەیوەندیی ڕادیۆییدا – مەترسییەکی تیرۆریستانەیە؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠١، کاتێک ڕیچارد ڕید هەوڵی دا هەندێ تەقینەوە لەناو فڕۆکەیەکدا دابنێت؛ ناویشی لێ نا “تەقێنەرەوەی پێڵاو”. هەر بۆ ئەمەیش ئامێرەکانی ڕووماڵکردنی ڕووناکی دیزاین کراون و لە فڕۆکەخانەکاندا بەکار دەهێنرێن تا ئەو ماددانە بدۆزنەوە. ئەم ئامێرانە لە خاڵەکانی پشکنینی ئاسایش و ئەوانەیش کە دواتر کەلوپەلەکانت دەپشکنن، هەن. بڕێکی کەمی تەقینەوە، بۆی هەیە زیانێکی گەورە بگەیەنێت.

پێکهێنەری دووەم، تیرۆرکردنە لە ڕێگەی ئامێری تایبەتەوە، ئەمیش هەر تازە نییە. لە ساڵی ١٩٩٦دا، ئیسرائیل ئەم تەکنیکەی دژی بۆمبدروستکەری حەماس و لە ٢٠٠٠دا دژی چالاکوانێکی جووڵانەوەی فەتح بەکار هێنا. هەردووکیان لە ڕێگەی مۆبایلی بۆمبڕێژکراوەوە، کە لە دوورەوە تەقێنرایەوە، کوژران.

کۆتا بەشی پلانەکەی ئیسرائیل کە لە ڕووی لۆجیستییەوە زۆر ئاڵۆزترە، هێرشکردنە سەر زنجیرەی هاوردەکردنی نێودەوڵەتییە بۆ دەستکاریکردنی کەلوپەلەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان – شتێکە ئەمریکا خۆی ئەنجامی داوە، گەرچی بۆ ئامانجی جیاوازتریش بێت. ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستی بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی پەیوەندیدا گرت لە کاتی گوێزانەوەیاندا و دەستکاریی کردن؛ بۆ مەبەستی وێرانکاری نا، بەڵکوو بۆ گوێلێگرتن. لە بەڵگەنامەی سنۆدنەوە دەزانین ئاژانسەکە ئەوەی لەگەڵ جیهازی سیسکۆی تایبەت بە کۆمپانیایەکی پەیوەندیی کردووە، كە كۆمپانیایەكی سوورییە. وایش گریمانە دەکرێت ئەمە یەکەمین کاری لەو جۆرەی ئاژانسەکە نەبێت. دامەزراندنی کۆمپانیا بۆ فریودانی قوربانییەکان، دیسان شتێکی نوێ نییە. ئیسرائیل کۆمپانیایەکی دامەزراند بۆ بەرهەمهێنانی مۆبایلی بۆمبڕێژکراو تا بە حزبوڵڵای بفرۆشێت. لە ساڵی ٢٠١٩دا ئێف بی ئای کۆمپانیایەکی دامەزراند و مۆبایلی بە تاوانکاران دەفرۆشت؛ بۆ تیرۆرکردنیان نا، بەڵکوو بۆ گوێلێگرتن و دەستگیرکردنیان.

بەکورتی: زنجیرەکانی هاوردەکردنمان لە مەترسیدایە؛ ئەمەیش واتە خۆمان لە مەترسیداین. هەموو کەسێک – هەموو وڵاتێک، هەموو گرووپێک، هەموو تاکێک – مامەڵە لەگەڵ زنجیرەی هاوردەکردنی تەکنیکی باڵادا بکات، بۆی هەیە ئەو کەلوپەلانە تێک بدات کە بەویدا تێ دەپەڕن؛ دەتوانێت دەستکارییان بکات بۆ مەبەستی گوێلێگرتن، یان ئەگەر ئەوە سەری نەگرت وێرانکاری بنێتەوە. گەرچی ئەوە کارێکی سەختە، بەڵام دەتوانێت بە مەبەستی کوشتن دەستکارییان بکات.

بە شێوەیەکی تایبەت ئامێرە تایبەتەکان، کە پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوە – ئەو وڵاتانەیش کە بەچڕی بەکاریان دەهێنن، وەک ئەمریکا – لە مەترسیدان. لە ساڵی ٢٠٠٧، تاقیگەی ئایداهۆی نیشتمانی سەلماندی کە، ئەگەری ئەوە هەیە پەلاماری ئەلیکترۆنی ببێتە هۆی تەقینەوەی موەلیدەیەکی کارەباییی گەورە. لە ساڵی ٢٠١٠، ڤایرۆسێکی کۆمپیوتەر، کە وا گومان دەكرێت ئەمریکا و ئیسرائیل بەهاوبەشی بەرهەمیان هێنابێت، بووە هۆی تێکشکاندنی ئامرازەکانی دەرکردن لە چەق، لە دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئێرانی. ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا، کە ساڵی ٢٠١٧ دەربارەی دیکۆمێنتەکانی ئەو دەزگەیە بڵاو کراوەتەوە، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تێدایە، کە باس لە ئەگەری هاککردنی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن؛ ویکیلیکس ڕای گەیاند کە دەشێت ئەوە بەکار بهێنرێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی “تیرۆرکردنێک کە دۆزینەوەی، نیمچەمەحاڵ بێت.” مەسەلەکە هەر لایەنی تیۆری ناگرێتەوە: لە ساڵی ٢٠١٥، کەسانێک لە دوورەوە توانییان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی هەواڵنێرێکی ئەلیکترۆنیدا بگرن؛ لە کاتێکدا لەسەر هێڵی دەرەکیی خێرا ئۆتۆمبێلەکەی لێ دەخوڕی، بزوێنەرەکەیان لەکار خست.

جیهان دەستی کردووە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەدا؛ وڵاتان بەوریاییی زیاترەوە ئامێرەکانی پەیوەندی لەو وڵاتانە دەکڕن کە متمانەیان پێ ناکەن. ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی دیکە، قەدەغەیان کردووە کەلوپەلەکانی “کۆمپانیای هواوی”ی چینی بکڕن، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە بۆ گوێلێگرتن بەکار بهێنرێن؛ لەوەیش خراپتر، لە کاتی تەشەنەکردنی کردەوە شەڕەنگێزییەکاندا، لە دوورەوە لەکار بخرێن. لە ساڵی ٢٠١٩ ترس و تۆقینێکی سنووردار دەربارەی میترۆی ناو تونێلەکان سەری هەڵدا، ئەوانەی لە چین دروست کرابوون؛ گوایە دەستکارییان کراوە تا گوێ لە سەرنشینەکان بگرن.

مەسەلەکە تەنیا ئامێرە تەواوکراوەکان نییە، کە پشکنینیان بۆ دەکرێت. دەیەیەك پێش ئێستا سوپای ئەمریکا لەو مەترسییەی بەکارهێنانی ئامێری چینی کۆڵییەوە. لە ساڵی ٢٠١٨، ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ ئەوەی خستە ڕوو کە لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان، چینیان تۆمەتبار کرد بە دەستکاریکردنی تەنکەڵە کۆمپیوتەرییەکان (computer chips)، بە مەبەستی دزینی زانیاری.

هێشتا ئەوە ڕوون نییە چۆن خۆمان لەم جۆرە پەلامارانە و هاوشێوەکانیان بپارێزین. زنجیرەکانی هاوردەکردنی تەکنیکی باڵامان ئاڵۆز و نێودەوڵەتین. ئەم شتانە هیچیان حزبوڵڵایان وریا نەکردەوە لە کڕینی پەیجەرەکان لە کۆمپانیایەک کە بنکەکەی لە هەنگاریایە و سەرچاوەکەیشیان تایوانە، چونکە ئەم شتانە زۆر ئاسایین. زۆربەی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەی ئەمریکییەکان دەیانکڕن، لە دەرەوە دێن؛ بە ئایفۆنەکانیشمانەوە کە بەشەکانیان لە دەیان دەوڵەتەوە دەچنە چین و لەوێ کۆ دەکرێنەوە.

ئەوە کێشەیەکە چارەسەری قورسە. ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە واشینتۆن یاسایەک بەڕێ دەخات بۆ ئەوەی ئایفۆن بەتەواوەتی لە ئەمریکا دروست بکرێت. هێزی كار لێرە زۆر گرانە و وڵاتەکەمان توانای ناوخۆییی نییە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە شتانە. زنجیرەکانی هاوردەکردنمان بەقووڵی نێودەوڵەتین؛ گۆڕینی ئەمە پێویستیی بەوە هەیە ئابوورییە جیهانییەکان بگێڕینەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.

کەواتە، ئێستا چی ڕوو دەدات؟ بەنیسبەتی حزبوڵڵاوە، سەرکردەکانی ناتوانن متمانە بە کەلوپەلێک بکەن بە تۆڕەوە بەسترابێتەوە – کە یەکێکە لە بەئامانجگیراوە سەرەکییەکانی پەلامارەکان. پێویستە جیهان چاوەڕوان بێت تا بزانێت ئەم هێرشە هیچ شوێنەواری دوورمەودای هەیە، یان گروپەکە چۆن دێتە وەڵام.

بەڵام ئێستا، دوای ئەوەی هێڵەکە بەزێنرا، ئەوە تا ڕاددەیەک دڵنیاین لەوەی دەوڵەتانی دیکەیش لە چوارچێوەی سنووردا ئەم جۆرە تەکتیکانە بەکار دەهێنن. ڕەنگە لە ماوەی جەنگدا، ئەم جۆرە هێرشە ئەلیکترۆنییانە دژی هێزی سەربازی بەکار بهێنرێت، یاخود لە ماوەی پێش دەستپێکردنی جەنگدا، دژی خەڵکی مەدەنی بەکار بهێنرێت. بە شێوەیەکی تایبەتی، دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا لە مەترسیدا دەبن؛ هۆیەکەیشی بەسادەیی دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی زۆری ئەو ئامێرانەی هەیانە و دەکەونە ژێڕ مەترسییەوە.

سەرچاوە: خانەی هزریی کوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن