454 کوردستان

رەفیق سابیر: ئۆباڵی کارەساتی پشتئاشان لەئەستۆی سەرکردایەتی حزبی شیوعیدایە چونکە چوونە بەرەی دژ بەیەکێتییەوە

03:15 - 31/07/2024

زەمەن - كوردستانی

له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ وه‌رگیراوه‌

 

 

"لەستایشی ژیاندا، ئەزموونی نووسەرێک"، بیرەوەرییەکانی رەفیق سابیری شاعیرو نوسەرە، ئەو پێجەوانەی هەموو سەرکردە شیوعییەکانی عێراق‌و کوردستان، ئۆباڵی شەڕو کارەساتی پشتئاشان دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی حزبی شیوعی، لەبەرئەوەی چوونە پاڵ بەرەی دژ بەیەکێتی‌و یەکێتییان ناچاریان کرد بۆ بەرگری کردن لەخۆیان، پەلاماری پشتئاشان بدات.

د.ڕەفیق سابیر، لەگێڕانەوەی ژیاننامەو بیرەوەرییەکانیدا، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی شۆڕش‌و تێکۆشان، شەڕو ئاشتی، ئەوین‌و خۆشەویستی، تەمەن‌و ژیان، ئەدەب‌و زایەڵەی شیعر دەدوێت. لەپاڵ ئەمەشدا رەفیق سابیر باسی ڕووداوە سیاسیەکانی ٥٠ ساڵی رابردوو، شۆڕشی کوردو سەرکردە شیوعییەکان‌ دەکات.

دیدو بۆچوونی "رەفیق سابیر" سەبارەت بەگرنگترین رووداوە سیاسی‌و سەرکردە شیوعییەکان دەخاتەڕوو.

 


رەفیق سابیر.. کوردی لەبەغداو فەلسەفە لەسۆفیا

رەفیق سابیر، لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٥٠، لەقەڵادزێ لەمانگی رەمەزاندا لەدایکبووە، وەک خۆی دەڵێت لەبەرئەوە ویستویانە ناوی بنێنن رەمەزان، بەڵام دایکی نەیهێشتووە، ئەو دەڵێت "تا ماوم سوپاسگوزاری دایکمم کە نەیهێشتبوو ئەو ناوەم لێبنێن".

رەفیق سابیر بۆ خوێندنی قۆناغی ناوەندی دێتە سلێمانی‌و لێرەوە ئاشنا بەکتێب خوێندنەوەو بیری چەپ دەبێت‌و دەبێتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق کە سەر بە حیزبی شیوعی دەبێت. لەکاتی تایقیکردنەوەی بەکالۆریای شەشی ئامادەیی، بەدەستی ئەندامانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەشکەنجە دەدرێت‌و دواتریش بۆ ماوەی دوو مانگ زیندانی دەکرێت.

ساڵی ١٩٧٠، بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە  بەشی کوردی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغداو ئێوارانیش لەڕۆژنامەی بیری نوێ کە حیزبی شیوعی بڵاویدەکردەوە دەست بەکاری رۆژنامەنووسی دەکات.

ساڵی ١٩٧٨، حیزبی شیوعی بۆ خوێندن دەینێرێت بۆ بولگارستان‌و ساڵی ١٩٧٩ بەمەبەستی بەشداری لەخەباتی چەکداری‌و پێشمەرگایەتی لەنێو ریزەکانی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە کوردستان. لەهاوینی ١٩٨٢ دوای پەرەگرتنی شەڕی براکوژی، کوردستانی بەجێهێشتووەو چۆتەوە بۆ بوڵگارستان‌و ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی دوکتۆرای لەفەلسەفە وەرگرتووە.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٩ وەک پەنابەر لەوڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە. ساڵی ٢٠٠٦ لەسلێمانی بووە بەسەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی.

لەساڵی ٢٠٠٩-٢٠١١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە‌و پاش دوو ساڵ دەستی لەکارکێشاوەتەوەو خانەنشین بووەو گەڕاوەتەوە بۆ سوید.


بەهادین نوری.. تەنیا رای خۆی بەدروست دەزانی

ساڵی ١٩٧٨، حیزبی شیوعی رەفیق سابیر بۆ خوێندن دەنێرێت بۆ بولگارستان‌و لەسۆفیا لەئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە قوتابی. ئەوکاتەی ئەو لەوڵاتی بولگارستان دەخوێنێت، سەردەمی گۆڕانکاری گەورە دەبێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، روخانی دەسەڵاتی شای ئێران، کوشتاری شیوعیەکان‌و هاتنەسەرکاری سەدام حسێن لەعێراق‌و بوژانەوەی چالاکی سیاسی‌و خەباتی چەکداریی لەهەردوو کوردستانی باشور‌و رۆژهەڵات، رەفیق سابیر دەخاتە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی بۆ پێشمەرگایەتی‌ بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو دەڵێت "رۆژی ١٠ی ئازاری ١٩٧٩ لەگەڵ بەهادین نوری، کەریمی حیسامی، عەبدوڵا قەرەداغی (مەلا عەلی)و ئەبو حاتەم کە هاوڕێیەکی عەرەب بوو شاری سۆفیای دڵگیرمان بەجێهێشت تا بەرەو کوردستان بچین"، یەکەمجار دەچنە بەیروت‌و لەوێشەوە بەرەو تاران‌و لەوێشەوە بەرەو مهابادو پاشان دەگەنە خڕی ناوزەنگ.

پاش گەیشتنیان بەخڕی ناوزەنگ، رەفیق سابیر دەڵێت "دوای دە رۆژێک بەهادین نوری دیار نەما، سەرەتا لاموابوو بەکارێکی حیزبی بۆ ناو شار یان بۆ جێیەکی تر جووە، دوای دوو سێ هەفتە لەفاتیح رەسوڵم بیست کە رۆیشتووە بۆ ئێران، تا لەوێوە بگەڕێتەوە دەرەوەی وڵات. زۆرم پێ سەیر بوو، چونکە ئێمە پێکەوە بەپلان بۆ خەباتی چەکداری گەڕابووینەوە بیرمان لەهەندێک کار کردبۆوە. کەچی وەک ئەوەی چاوساغی رێگامان بووبێت، بەخێرایی بێ ئەوەی خوداحافیزی لەئەبو حاتەم بکات‌و من بکات، ئێمەی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە دەرەوەی وڵات! دیار بوو دۆخەکەی بەدڵ نەبوو. من بڕیارم دابوو بمێنمەوە، بەڵام خەمی ئەبو حاتەمم بوو، کە بەردەوام لەمنی دەپرسی ئەبو سەلام بۆ کوێ چوو؟".

دەشڵێت "پاش دەوروبەری ساڵونیوێک بەهادین نوری هاتەوە کوردستان. نزیکەی ساڵێک پێکەوە کارمان کرد، بەڵام وەک جاران متمانەم پێی نەبوو. ئەو سکرتێریی لیژنەی هەرێمی کوردستان بوو، کە بەرپرسی رێکخستنی نهێنی نێو شارەکانی کوردستان بوو. من بەرپرسی راگەیاندنی هەرێم‌و بارەگاکە بووم. بەهادین نوری‌و من بەگشتی پێوەندیمان باش بوو، بەڵام لەزۆر مەسەلەدا ناکۆک بووین، کارکردن لەگەڵ ئەو ئاسان نەبوو. توانای گوێگرتنی کەم‌و مەیلی تاکڕەوانەی بەهێز بوو. تەنیا رای خۆی بەدروست دەزانی. ئەگەر کەسی یەکەمی حزبی شیوعی بوایە، دەیتوانی ناعادیلانەدا لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەیدا رەفتار بکات کە وەکو ئەو بیر ناکەنەوە. بەڵام بەهادین نوری کەسێکی بوێر، بەهەڵوێست، مەیدانی‌و دڵسۆز بوو".


ئەحمەد بانی خێڵانی.. بەرپرسی سەرەکی شەڕی پشتئاشان بوو خوێنیش لەلووتی نەهات

دەربارەی ئەحمەد بانی خێڵانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی، رەفیق سابیر دەڵێت "ئەحمەد بانی خێڵانی بەو ناوەی کە چەک لەحیزبی دیموکرات وەردەگرێت‌و بۆمان دەنێرێت، لەمهاباد مابۆوە. رۆژێک چەند پێشمەرگەیەک پێنج تفەنگی (گێ ٣)یان لەمهابادەوە هێنا. تۆما تۆماس، کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی‌و ئەفسەرێکی کۆنی سوپاو پێشمەرگەی دێرین بوو، لەبەردەمی ژوورەکەمان‌و لەبەرچاوی کۆمەڵێک هاوڕی تفەنگەکانی پشکنی‌و بێ فیشەک تاقی کردنەوە. سێیەم تفەنگی پشکنی‌و بەتووڕەیی فڕێی داو وتی: دەرزێکەی دەرهێنراوە. تفەنگی چوارەمیان خراپ بووبوو، تۆما تۆماس خۆی بۆ نەگیرا، بەهەموو هێزییەوە تفەنگەکەی بەزەویدا کێشا، بەدەنگی بڵند، وتی: ئەبو سەرباز (ئەحمەد بانیخێڵانی) ئەو چەکانەمان بۆ دەنێرێت، کە لەبازاڕی مهاباد بۆی نافرۆشرێن!"

پاشان لەباسی هێرشی یەکێتی بۆ سەر پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی، رەفیق سابیر دەڵێت "سەرکرادیەتی حزب بەلایانەوە گرنگ نەبوو لەو شەڕەدا پێشمەرگەی حزب، لەناوچەکانی تر بەکوشت دەدرێن. تەنانەت کاتێک یەکێتی نیشتیمانی دوو سەرکردەی حزبەکەی لەپشتئاشان بەدیل گرت، کە لەبەرپرسانی سەرەکی شەڕەکە بوون، وەکو میوانی شەرەف رەفتاری لەگەڵ کردن، کەچی زیاتر لە دە پێشمەرگەی دیل، ناجوامێرانە شەهید کران. لەماوەی ١١ ساڵ خەباتی چەکداری، سەدان کادیرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی عێراق شەهیدو بریندار کران، کەچی یەک سەرکردەی ئەو حزبە، لەپێشمەرگایەتیدا خوێن لەلووتی نەهات".

کاتێکیش رەفیق سابیر لەسۆفیا دەبێت وەک نوێنەری حزبی شیوعی، دەڵێت "رۆژێکی سەرەتای ١٩٨٤ هاوڕێیەکی کچ هات بۆ لام، زۆر بێتاقەت دیار بوو، بەشەرمەوە نامەیەکی دەرهێناو وتی: هاوڕێ ئەم نامەیەم بۆ سەرکردایەتی حزب بنێرە. من وامزانی لەگەڵ هاوڕێانی تر گرفتی بۆ دروست بووە، کە رەنگە خۆمان بتوانین چارەسەری بکەین. بەڵام وتی: نا نامەکە پێوەندی بەئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندییەوە هەیە، خەمناکانە ئەم رووداوەی بۆ گێڕامەوە: لەدیمەشق چاوم بە(‌ا.ب.خ) کەوت، کە دۆستی باوکمە، چەندان جار هاتوەتە ماڵمان‌و وەکو مامی خۆمان سەیرمان کردووە. دوای چاکوچۆنی پێی وتم وەرە سەرمان لێ بدە. کاتێک چوومە سەردانیان، هەر خۆی لەماڵ بوو. دوای تاوێک پەلاماری دام‌و ویستی دەستدرێژیم بکاتە سەر، بەزەحمەتێکی زۆر توانیم خۆم لەدەستی رزگار بکەم!".

کارەساتی پشتئاشان هەڵەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی بوو کە یەکێتی ناچار کرد پەلاماری بدات

رەفیق سابیر رەخنە لەسەرکردایەتی حزبی شیوعی دەگرێت کە کاتێک شیوعییەکان لەساڵی ١٩٧٩ رووینکردوەتە شاخ بەمەبەستی خەباتی چەکداریی، ئەو سەرکردانە تواناو کارامەیی ئەوەیان نەبووە سەرکردایەتی ئەو خەباتە بکەن‌و بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتێکی هەڵەوە هەنگاو بەهەنگاو حزبی شیوعییان بەرەو بەشداربوون لەشەڕی ناوخۆو شکستی یەکجاری حزب بردووە.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات هەمان ئەو سەرکردایەتییەی کە لەساڵی ١٩٧٣ بەرەیەکی سیاسی بەناوی (بەرەی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی پێشکەوتنخواز) لەگەڵ (حزبی بەعس) پێکهێناو لەساڵی ١٩٧٩ کۆتایی هات‌و لەو دۆخە ناسکەدا حزبی شیوعی، دوای شەش ساڵ هاوپەیمانی لەگەڵ بەعس، راونراوو تێکشکاو رووی لەشاخ کرد. دەیەویست لەچیاکانی کوردستان خۆی کۆبکاتەوە، تا بتوانێت بەشێوازی جەکداری، بەرەنگاری دەسەڵاتی بەعس‌و دیکتاتۆریا ببێتەوە. سەرەتا حیزبی شیوعی بڕیار بوو لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئەوکاتی کوردستان یەکێتی‌و پارتی‌و سۆشیالیست بێلایەن بێت، هەرچەندە پارتی‌و یەکێتی مەبەستیان بوو حزبی شیوعی بەلای خۆیاندا راکیشن. لەبەرئەوەی شوێن‌و پێگەی دیاری هەبوو لەبزوتنەوەی نیشتیمانی عێراق‌و نیشتیمانی عەرەبی‌و لەشارەکانی عێراق رێکخراوێکی نهێنی هەبوو. هەروەها پێوەندی فراوانی عەرەبی‌و ناوچەیی‌و جیهانی هەبوو. پێوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت‌و  وڵاتانی سۆسیالیستی بەتین بوو. لەڕووی سایسی‌و ئابورییەوە کۆمەکیان پێدەکرد، بەشێک نەبوو لەشەڕو کێشەی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان. بەڵام خاڵی لاوازو گرفتی حیزبی شیوعی سەرکردایەتییەکەی بوو، کە زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی‌و کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی، لەپەنجاکان‌و شەستەکانی سەدەی پێشوەوە، رابەرایەتیی حزبیان دەکردو لەئاست رووداوە هەژێنەرەکانی ئەو رۆژگارەدا نەبوون، شەکەت‌و بەتەمەن‌و هەموو ئەو سەرکردانەی کە هاتبوونە شاخ کوردو کلدۆ ئاشوری بوون، کەمتواناو کورتبین بوون".

رەفیق سابیر دەڵێت "ئەم هاوڕێیانە لەڕووی سیاسی، هزری‌و خوێندەوارییەوە، لەچاو زۆرینەی سەرکردە عەرەبەکانی حزبی شیوعی، کۆلکە خویندەوار بوون... سەرکردەی مەیدانی‌و هەڵسوڕاوو شارەزای کاروباری پارتیزانی نەبوون، بۆ ئەو کات‌و شوێنە نەدەگونجان. چونکە لەتوانایاندا نەبوو لێهاتوانەو سەرکەوتووانە، سەرکردایەت خەباتی چەکداری‌و هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی بکەن، کە لەسەرەتا هەتا شەڕی پشتئاشان، بەردەوام لەفراوانبووندا بوو. بەشێک لەسەرکردایەت حزبی شیوعی بەعەقڵیەتی ساڵانی شەستەکان بۆ ناکۆکی نێوان پارتی‌و یەکێتییان دەڕوانی. ئەو ساڵانە حزبی شیوعی، لەکێشەو شەڕی نێوان هەردوو باڵی پارتیدا، لایەنی باڵی مەلا مستەفای گرتبوو، دژایەتی باڵی مەکتەبی سیاسی کردبوو. چەند ئەندامی سەرکردایەتی لەسەرەتاوە ویستیان حزبی شیوعی بەلای پارتیدا بەرن، بۆ نمونە لەمانگی نیسانی ١٩٧٩ هەموو هێزی چەکداری ئێمە لەسەد پێشمەرگە زیاتر نەبوو. لەخڕی نێوزەنگ، لەنزیک بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووین. تەنیا یەک بارەگاو پازدە بیست پارچە چەکمان هەبوو. لەو دۆخەدا بەهادین نوری‌و ئەحمەد بانیخێلانی لەتاران، رێککەوتنیان لەگەل سکرتێری قیادە موەقەتەی پارتی، سامی عەبدولرەحمان ئیمزا کرد، بێ ئەوەی حساب بۆ کێشەو شەڕی نێوان قیادە موەقەتەی پارتی‌و یەکێتی نیشتیمانی بکەن، کە جۆگەلەی خوێن لەنێوانیاندا بوو". ئەمەش یەکێتی لەحزبی شیوعی تووڕە کرد.

ئەمە جگە لەوەی "زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی، هەڵوێستێکی توندیان بەرانبەر بەکۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان هەبوو، کە بڕبڕەی پشتی یەکێتی بوو، چونکە رێکخراوێکی مارکسی لینینی (ماوی) بوو. بەپێی تێزێکی ستالین، دەبوو لەهەر وڵاتێکدا تەنیا یەک رێکخراوی مارکسی – لینینی هەبێت. ئەگەر رێکخراوی دووەم دەرکەوت، بەلاڕێدەر دادەنرێت‌و دەبێت دژایەتی بکرێت. توندڕەوانی هەردوولا نەیانهێشت لەیەکتر نزیک ببنەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی حزبی شیوعی لەشەڕی یەکێتی‌و پارتیدا بێلایەن نەمێننەوە".

رەفیق سابیر ئەوە روندەکاتەوە "رۆژی ١٢-١١-١٩٨٠ بەسەرپەرشتی حکومەتی سوریا، بەرەی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی دیموکراتی (جوقد) لەدیمەشق لەهەشت حزبی عیراقی بەبێ پارتی پێکهات. حزبی شیوعی هەوڵی زۆری دا، پارتی لەو بەرەیەدا بەشدار بێت، بەڵام بێسوود بوو. ئەمە ناهەقییەک بوو بەرامبەر بەپارتی کراو کۆمەکی بەتوندبوونی شەڕی ناوخۆ کرد. لە٢٨-١١-١٩٨٠ حزبی شیوعی لەگەڵ پارتی‌و سۆشیالیست بەرەی نیشتیمانی دیموکراتی (جود) پێکهێنا. یەکێتی پێیوابوو ئەو بەرەیە بۆ دوژمنایەتی ئەو پێکهێنراوە، بۆیە لەدژی وەستا. پاش پێکهێنانی بەرەی جود، حزبی سیوعی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کەوتە پاڵ لایەنێکی شەڕی ناوخۆ. دوای پێکهێنانی ئەو بەرەیەش شەڕی نێوخۆ فراوانترو توندتر بوو. پارتی‌و سۆشیالیست شەڕی خۆیان لەگەڵ یەکێتی بەشەڕی بەرەی جود ناودەبرد. فشاریان بۆ حزبی شیوعی هێنا بێلایەن نەمێنێتەوەو وەکو لایەنێکی بەرەی جود کۆمەکیان بکات‌و لەسەریان بکاتەوە. ئەمە یەکەم هەنگاوی سەرکردایەتی حزبی شیوعی بوو بەرەو شەڕی ناوخۆ".

 رەفیق سابیر ئاماژە بەوە دەکات "لەهاوینی ١٩٨١ کۆنە جاشێک بەناوی (عەبدوڵا ماولی) پەیوەندی دەکات بەحزبی شیوعییەوە، پێشتر دوو پێشمەرگەی یەکێتی رادەستی حکومەت کردبوو لەسێدارە درابوون. ئەمەش گرژی لەنێوان یەکێتی‌و شیوعی دروست دەکات. یەکیتی داوای رادەستکردنی دەکاو شیوعی وەک ئەوەی بیەوێ هێزی خۆی پیشانی یەکێتی بدات داواکەیان رەتدەکاتەوە. زۆر ناخایەنێت یەکێتی لەدەرگەڵە ماولی دەکوژن.. حزبی شیوعی بڕیاری تۆڵەکردنەوەی دەدات‌و لەناو مزگەوتی گوندی فەقێیان لەناوچەی رەواندوز چوار پێشمەرگەی یەکێتی دەکوژن.. هاوکات لەگوندی وەرتێ‌و بناری چیای کاروخیش شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی حزبی شیوعی‌و یەکێتی دروست دەبێت‌و خوێن دەکەوێتە نێوانیانەوە".

رەفیق سابیر باس لەوە دەکات کە "مانگێک دوای ئەو رووداوە ئەحمەد بانیخێڵانی، بەرپرسی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی جود دەچێتە ئێران‌و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی سەربازیی ترسناک دەدرێت، کە راستەوخۆ حزبی شیوعی لەڕووی سەربازییەوە بەتەواوەتی دەخاتە سەنگەری پارتی‌و سۆشیالیست‌و بەرەی دژ بەیەکێتیییەوە". یەکێک لەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەی (جود) دەدرێت ئەوەیە کە ناوچەی باڵەکایەتی‌و دەرگەڵەو گەڵاڵە بکرێتە ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی (جود). پارتی ٦٠٠ چەکدارو سۆشیالیست ٣٠٠ بنێرنە بنکەی پشتئاشان بۆ لای هاوڕێیانی حزبی شیوعی. ئیتر لەوکاتەوە "لەشوباتی ١٩٨٢ەوە حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی لەدەست داو چووە بەرەی پارتی‌و سۆشیالیستەوە".

رەفیق سابیر دەڵێت "پشتئاشان کە بارەگای سەرکردایەتی حزبی شیوعی لێبوو، کرایە بنکەی سەرەکی کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی (جود) بۆ شەڕی یەکێتی. بەو کارە سەرکردایەتی حزبی شیوعی بەئاگایانە یان بێ ئاگایانە خۆی‌و حزبەکەی کرد بەکەوا سوری بەر لەشکر. یەکیتی هەستی بەمەترسی کرد... بەرلەوەی یەکێتی بەتەواوی خۆی کۆبکاتەوەو پەلاماری هێزەکانی شیوعی‌و پارتی‌و سۆسیالیست بدات، ئەوان هێرشیان بردە سەر بنکەکانی یەکێتی لەزارگەلی‌و وەرتێ‌و ناوچەکەیان پێچۆڵ کردن... ئەوە یەکەمجار بوو پێشمەرگەی حزبی شیوعی لەگەڵ پێشمەرگەی پارتی‌و سۆشیالیست شەڕی یەکیتی بکات، بەڵام ئایا پیویست بوو حزبی شیوعی لەگەڵ ئەو دوو حزبە پەلاماری یەکیتی بدات؟!"

رۆژی ٢٦ی نیسانی ١٩٨٢، هێزی (جود) پەلاماری مەڵبەندی چواری یەکێتی دا. ئەم شەڕە شەڕی نێوخۆی گۆڕی بۆ شەڕی نێوان بەرەی جودو یەکێتی. دەست بەسەر مەڵبەندەکەدا گیراو یەکێتی لەبالیسان دەرکرا، یەکێتی بڕیار دەدات لەبەرامبەردا هێرش بکاتە سەر پشتئاشان، رەفیق سابیر دەڵێت "پێنج رۆژ دواتر، بەرەبەیانی یەکی ئایار هێزێکی گەورەی یەکێتی، بەڕابەری نەوشیروان مستەفا، هێرشیان کردە سەر بارەگای سەرکردایەتی حزبی شیوعی لەپشتئاشان. نزیکەی ٢٠ ئەندامی مەکتەبی سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی‌و کۆمیتەی هەرێمی کوردستان لەوێ بوون. بەشێکیان زۆر نەبوو لەدەرەوە هاتبوون بۆ کوردستان. ئەو کاتە ٣٠٠ ئەندام‌و کادێرو پێشمەرگەی حزبەکە لەپشتئاشان کۆکرابوونەوە، بەڵام ٨٠ کەسیان پێشمەرگەی شەڕکەر بوون. لەدەستپێکی شەڕەکەدا هێزێکی سۆشیالیست بارەگایان لەپشتئاشان بوو، بەدزی‌و بێ ئەوەی حزبی شیوعی ئاگادار بکەن هەڵاتبوون... پارتی هێزی نەنارد. پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دوو رۆژ قارەمانانە بەرگرییان کرد. دواتر بەچیای قەندیلدا، بەناو بەفرو زریاندا هەڵگەڕان‌و بەرەو دیوی ئێران شۆڕ بوونەوە. لەو شەڕەدا ٦٠ کادێرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی شەهید بوون... سەرکرادایەتی حزبی شیوعی، نامەسئولانە خۆی‌و کادێرو پێشمەرگەکانی هاویشتە شەڕێکەوە، کە شەڕی ئەو نەبوو... سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەهاندان‌و پشتئەستوور بوون بەهێزی پارتی‌و سۆسیالیست چووە ناو شەڕ، کەچی ئەوان لەپشتئاشان بەتەنیا بەجێیانهێشت، دوای پشتئاشانیش لەناوچەکە هەڵاتن".

دەشڵێت "راستییەکەی شەڕ بەسەر حزبی شیوعیدا نەسەپێندرا. ئەگەر سەرکردایەتی حزبەکە، لاواز نەبوایەو پشتی پارتی‌و شۆشیالیستی نەگرتایەو رێگای نەدایە پێشمەرگەکانی لەگرتنی بالیسان بەشدار بن، کارەساتی پشتئاشان رووی نەدەدا. تێکەڵبوونی حزبی شیوعی بەو شەڕە، تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵكو تاوانێک بوو لەئاستی ناپاکیدا بوو. چونکە سەرکردایەتی حزبی شیوعی دەیتوانی بێلایەنی خۆی بپارێزێت، هیچ لایەنێک نەیدەتوانی ئەو شەڕەی بەسەردا بسەپێنێت... سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەرپرسیاری ئەو شکستەن کە بەسەر حزبیاندا هێنا. بەڕای من ئەگەر حزبی شیوعی عێراق بەدەست ئەو چەند سەرکردە کوردەوە نەبوایە، حزبەکە تێکەڵی شەڕی نێوخۆ نەدەبوو، بەمەش گیانی دەیان پێشمەرگەو کادێر، هەیبەت‌و پێگەی سیاسی حزبەکەش دەپارێزران".

عەزیز محەمەد.. لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێت، کرایەوە بەسکرتێری حزب

رەفیق سابیر دەڵێت "ساڵی ١٩٨٤ کۆنگرەی چوارەمی حزبی شیوعی لەشاخ بەسترا. پێش کۆنگرە بەهادین نوری‌و مەلا عەلی بەپاڵ لەحزب وەدەرنران. لەو کۆنگرەیەدا بەناوی کاری نهێنییەوە، دەسەڵات درا بەعەزیز محەمەد، کە دە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە دیاری بکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک ناوەکانیان بزانێت. عەزیز محەمەد بەدەنگی ئەو دە ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی، توانی لەناو کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژاردنەوەی خۆی بەسکرتێری یەکەمی حزبەکە، مسۆگەر بکات. هەروا توانی ئەو کەسانەی خۆی مەبەستی بوو، لەمەکتەبی سیاسی دایانبننێت، هەر کەسێکیشی بەدڵ نەبوو کەنارنشینی بخات. بەوجۆرە عەزیز محەمەدو بەرپرسانی تر کە حزبیان تووشی شەڕی نیوخۆ کرد، لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێن، لەسێبەری شاخ ولەسایەی تفەنگدا، کرانەوە بەسەرکردەی حزب‌و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و کۆمیتەی ناوەندی. ئەوان لەو شکستەشدا، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون".

دەشڵێت "سەرکردایەتی حزبی شیوعی عێراق نە لەسیاسەتدا ژیر، دووربین، پراگماتی‌و عەقڵانی بوون، نە لەمەیدانی شەڕدا ئازاو جوامێر دەرچوون. ئەوان لەسیاسەتدا قارەمانی شکست‌و لەشەڕدا پێشەنگی بەزین بوون".

لەبەشێکی دیکەی ئەم بیرەوەریانەدا. رەفیق سابیر دەربارەی عەزیز محەمەد دەڵێت "لەبولگارستان لەحوزەیرانی ١٩٨٧ کاتی گفتوگۆ کردن لەبارەی دکتۆرنامەکەم، نامەیەکم لەسەرکردایەتی حزبەوە پێگەیشت کە پەیوەندی بەکاروباری حزبەوە هەبوو. لەکۆتایی نامەکەدا نووسرا بوو: ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ژنی بیانی بهێنیت، پێمانباشە واز لەو کارە بهێنێت. ئەو داوایەی سەرکردایەتی حزب تووڕەو بێتاقەتی کردم. چۆن ئاوا دەستبەرداری ئەو ئەوینە بم؟... لەوەڵامی نامەکەدا ئاگادارم کردنەوە کە (ئەو کچەم خۆشدەوێت، خوازبێنیم کردووەو تازە ناکرێت پەشیمان ببمەوە). لەگەڵ وەڵامەکەدا نامەیەکی تایبەتیم لەبارەی ژن هێنانەکە بۆ عەزیز محەمەد نووسی، کە ئەو کاتە لەدیمەشق بوو، نامیلکەی (وەرزی سەهٶلبەندان)م هاوپێچی نامەکە کرد، کە لەسەرەتادا نووسرابوو پێشکەش بە(ئێکا) کراوە، بۆ ئەوەی بزانێ تا چەند ئەم مەسەلەیە لای من گرنگە. دەنا من هاوڕێ عەزیزم لەنزیکەوە دەناسی، دەمزانی کەم یان زۆر ئاگاداری شیعری کوردی، بەتایبەت شیعری شاعیرانی حەفتاکان نییەو ئەو جۆرە شیعرانە ناخوێنێتەوە، چونکە لەگەڵ چێژی ئەدەبی ئەوو ئاستی ئاشنابوونی ئەو بەئەدەبیات نەدەگونجان".

دەشڵێت "ساڵی ١٩٨٧ چووم بۆ مۆسکۆ، تا لەوێوە بەرەو کابول بەڕێ بکەوم... لەمۆسکۆ عەزیز محەمەد، کە ماڵی لەوێ بوو، ویستی پێش سەفەرەکەم بمبینێت، شەوێک لەگەڵ کەمال شاکر، لەماڵی خۆی میوانداریی کردین. شەوەکەمان بەخۆشی بەسەربردو ڤۆدگای روسیمان خواردەوە. عەزیز محەمەد نەپیرۆزبایی ژنهێنانکەی لێکردم، نەباسی ئەو نامەو نامیلکەیەی کرد، کە لەسۆفیاوە بۆم ناردبوو. منیش بێدەنگەم لێکرد".

کاتێکیش دەچێتە کابول‌و داوەتننامە دەنێرێت بۆ ئێکا تا بێت بۆ لای لەئەفغانستان، ئەبو عەلا کە نوێنەری حزبی شیوعییە لەکابول پێیدەڵێت "هاوڕێیان داوایان کردووە بگەڕێیتەوە کوردستان"، ئەمیش دەڵێ "بۆیان بنووسە من بۆ کاری حزبی‌و پێشمەرگایەتی ناچمەوە کوردستان"و گومان دەکات کە سێ هەفتە بەرلەوە کاتێک عەزیز محەمەد لەڕێگەی کابولەوە بەقاچاخ دەچێتە تاران‌و لەوێشەوە بەرەو کوردستان دەڕوا، ئەم قسەیەی بەئەبو عەلا وتبێت!

رەفیق سابیر دەڵێت "دوای هەڵوەشاندنەوەی بلۆکی سۆسیالیستی‌و تێکشکانی حزبەکەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان، عەزیز محەمەد هیوای بەحزبی شیوعی نەمابوو. بەلای زۆرێکەوە لەبەر ئەو هۆکارە، وازی لەسکرتێریی حزبەکەی هێنا، کە وەک قاوغێکی بێ ناوەڕۆکی لێهاتبوو".

سەرکردەکانی حزبی شیوعی، لەبواری کۆمەڵایەتیدا کێوی بوون

رەفیق سابیر ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردە شیوعییەکان "ئەوینکوژ" بوون بە بەهانەی ئایینی‌و لەمبارەیەوە چەند نمونەیەکی هەژێنەر دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت "لەبارەگای سەرکردایەتی حزبی شیوعی‌و راگەیاندن لەتوژەڵە، چەند هاوڕێی کچ هەبوون، کە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ بەناچاری، لەترسی گرتن، روویان لەشاخ کردبوو. دوو هاوڕێیان عەرەب بوون. یەکێکیان بەناوی لێنا، ئەوی تریان بەناوی ژیان خۆیان ناساندبوو. هەردووکیان تازە قۆناغی خوێندنی ئامادەییان تەواو کردبوو. لێنا خەڵکی نەجەف یان کەربەلا بوو. کچێکی هێمن، بەڕێز، رووحسووک‌و کتێب دۆست بوو... دوای ماوەیەک لێنا لەگەڵ هاوڕێ سەلام ئاشقی یەکتر بوون، بڕیاریان دا پێکەوە هاوسەرگیریی بکەن. هەواڵەکە زوو لەناو پێشمەرگەدا بڵاوبۆوە. دڵخۆش بوون کە تەنانەت لەو دۆخە سەختەشدا، ئەوین دەتوانێت چرۆ بکات، بەهیوا بووین ئەو ئەوینە بەر بگرێت. بەڵام چەند ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی شیوعی، بە بەهانەی ئەوەی سەلام ئێزییدییەو لێنا شیعەیە، دژی ئەو کارە راوەستان... سەلام هەوڵی زۆری دا، بەڵام سوودی نەبوو. دڵشکاوو بێهیوا لەگەڵ جەند کادیرو پێشمەرگەی ئیزدی‌و ناوچەی بادینان، رەوانەی بادینان کرا. سەلام لەوێوە بەردەوام نامەی بۆ هاوڕێیانی دەنارد، بێزاریی دەردەبڕی‌و ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی تۆمەتبار دەکرد کە ناهێڵێت سەلام‌و لێنا بەمورادی خۆیان بگەن. بەهۆی ئەو نامانە هاوڕێ سەلامیان لەبادینانەوە، بۆ لێپرسینەوەو سزادان هێنایە بارەگای سەرکردایەتی لەتوژەڵە. لەوێ بەبەرچاوی لێناوە زیندانی کرا. دوای دەوروبەری دوو مانگ ناردیانەوە بادینان‌و لەوێ شەهید کرا".

دەشڵێت "دواتر کە من لەشاخ نەمابووم هەمان کار لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر، کوڕێکی مەسیحی‌و کچێکی موسڵمان دووبارە کرایەوە بەهۆی جیاوازی ئایینی رێگەی ئەوانیشیان نەدا ببنە هاوسەری یەکتری. لەهەردوو حاڵەتەکەدا، ئەگەر کوڕەکان موسڵمان‌و کچەکان ئێزیدی‌و مەسیحی بوونایە، بەدڵنیاییەوە رێگرییان لێ نەدەکردن. حزبی شیوعی، بانگێشەی یەکسانیی ژن‌و پیاوی دەکرد، کەچی لەبواری کۆمەڵایەتیدا، بەتایبەت سەرکردە کوردەکان، کێوی بوون، وەکو فەقێ‌و کۆلکە مەلا رەفتاریان دەکرد".   

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن