هەرێمی كوردستان و عێراق سیستمی هاتوچۆیان یەكدەخەن
03:06 - 24/06/2024
زەمەن:-
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق ئاشکاریکرد: هەماهەنگییەکی ڕاستەخۆ لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی سیستەمی هاتوچۆ هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق ڕایگەیاند: ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی سیستەمی یەکگرتووی هاتوچۆ سەردانی بەغدایان کردووە، بۆ ئەوەی داتا و زانیارییەکان هاوبەشیان پێ بکرێت و پێبژاردنەکانیش یەکبخرێنەوە.
هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی عێراق دەشڵێت: بەپێی سیستەمەکە پێبژاردنەکان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ وەردەگیرێن، بەشێوەیەک ئەو ئۆتۆمبێلەی ژمارەی بەغدای هەڵگرتووە؛ دەتوانێت پێبژاردنەکەی لە هەرێمی کوردستان بدات و ئەوانەی ژمارەی هەرێمی کوردستانیشیان هەڵگرتووە دەتوانن پێبژاردنەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بدەن.