ئەمریکا سزاى بەسەر پێنج بانکى دیکەى عێراقدا سەپاند
07:03 - 16/02/2025
زەمەن - عێراقى
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمریکا سزاى بەسەر پێنج بانکى دیکەى عێراقیدا سەپاند و بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، لە رێگەى ئەو بانکانەوە پارە سپیکراوەتەوە و دۆلار بەقاچاخ براوەتە دەرەوەى عێراق.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانى بانکى ناوەندى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا و یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا لە دوبەى کۆبوونەتەوە، ئەمریکا داوای لە بانکى ناوەندیى عێراق کردووە، پێنج بانک کە پارەیان لێوە سپیکراوەتەوە و دۆلاریان بەقاچاخ بردووەتە دەرەوە بەتایبەت بۆ ئێران، سزا بدات و مامەڵە و گواستنەوەى دۆلاریان لێ قەدەغە بکات.
رۆیتەرز ناوى ئەو بانکانەى بڵاوکردووەتەوە کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەى پارە و مامەڵەى دۆلاریان لێ قەدەغەدەکرێت کە بریتین لە بانکەکانى، موشریقی عەرەبیی ئیسلامی و بانکی یەکگرتوو بۆ وەبەرهێنان و بانکی سەنەمی ئیسلامی و بانکی میسکی ئیسلامی و بانکی ئەمینی عێراقی ئیسلامیی.