82 عیراق

كەوسەر محەممەدی: ڕۆژانە لە عێراق 90 ئافرەت بێ هاوسەر دەبن

05:21 - 24/06/2024

زەمەن - عێراقی

 

چالاكوانێکی مەدەنی، ئاماژە بەوە دەکات، زۆرێک لە ئافرەتانی بێ هاوسەر لە عێراق پشت بە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەبەستن، هەندێکیشیان پشت بە هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکان دەبەستن.

 

كەوسەر محەممەدی، چالاكوانی مەدەنی رایگەیاند، ڕێژەی ئافرەتانی بێ هاوسەر لە عێراق ڕۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، ڕۆژانە 90 ئافرەت بێ هاوسەر دەبن.

 

ئەو چالاکوانە مەدەنییە، باسی لەوە کرد، عێراق لە بارودۆخێکی ئابووری زۆر خراپدایە، بە تایبەتی ئەو پلانەی کە بۆ ئافرەتانی بێ هاوسەر دانراوە بەباشی جێبەجێ ناکرێت و وەک پێویست نییە، هەروەها چاودێری کۆمەڵاتیشیان زۆر خراپە.

 

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، زۆرێک لە ئافرەتانی بێ هاوسەر لە عێراق پشت بە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەبەستن، هەندێکیشیان پشت بە هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکان دەبەستن.

 

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، زۆرێک لەو ئافرەتانەی بێ هاوسەرن لە عێراق پەنا بۆ کاری ناشەرعی دەبەن و کاری نایاسایش دەکەن، هەروەها بەشێک لەوانە دووچاری توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.

 

بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیی و ڕوودانی چەندین شەڕەوە عێراق یەکێکە لە وڵاتانەی زۆرترین ئافرەتی تێدایە کە هاوسەرەکانیان لەدەستداوە.

 

هاووڵاتییانی عێراق لە چوار دەیەی ڕابردوودا شەڕی ئێران-عێراق، هێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق، شەڕی داعش و چەندان پێکدادانی دیکەیان بینیوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی ئەو ئافرەتانەی هاوسەرەکانیان لەدەستداوە بەپێی نوێترین ئامار بگاتە 878 هەزار ئافرەت، کە ئەم ئافراتانە زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵی بێ باوکیان هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن