دوو حاڵەتی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆماركران
10:34 - 02/07/2024
زەمەن - هەرێمی کوردستان
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم
ئاشکرایکرد، دوو حاڵەتی تای
خوێنبەربوون لە هەولێر تۆماركراون و تەندروستیی هەردووكیان جێگیرە.
لە لێدوانێکدا سەركار سوورچی وتەبێژی
وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت: ئەو دوو کەسەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون، پیشەیان گۆشتفرۆشییە
و یەکێکیان تەمەنی ٣٢ ساڵ و ئەوەی دیکەیان ٢٨ ساڵە.
دەشڵێت: دوو تووشبووەکە هاووڵاتی شاری
هەولێرن و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكیدان، دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی پێنج حاڵەتی
دیكەی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاندبوو، بە جۆرێک دوو حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆك
و سیانەكەی دیكەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
جێی ئاماژەیە تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵەوە
بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و نیشانەكانیشی هەر لەسەر مرۆڤ دەردەکەون کە بریتین لە،
ئازاری ماسولكە و ئێسكەكان، تای بەرز، هەستكردن بە بێهێزیی و گێژبوون.