714 عیراق

کوڕێک چوار ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشت

03:53 - 28/07/2024

زەمەن _ عێراقی 

لە باکووری نەجەف کوڕێک چوار ئەندامی خێزانەکەی خۆی لەسەر پارە، لە کاتی خەودا دەکوژێت.

شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی عەسکەری لە باکووری نەجەف، کوڕێک، دایک و خوشک و دوو برای بچووکی خۆی لەسەر ٥ ملیۆن دینار، کوشت، دواتر تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا.

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف ئاشکرایکرد، تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٢ ساڵە و کوڕەگەورەی خێزانەکەیە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن لەسەر پارە، ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی خێزانەکەیدا هەبووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کوڕە گەورەکە ئەندامانی  خێزانەکەی بکوژێت.

عەقید موفید سالم تاهر، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف وتیشی: "لە هێڵی گەرمی 104ـەوە ئاگادارکراینەوە کە رووداوێکی تەقەکردن لە گەڕەکەکانی باکووری پارێزگەی نەجەف روویداوە، هێزە گەڕۆکەکانمان رۆیشتنە ئەوێ و بۆیان دەرکەوت؛ رووداوێکی کوشتن هەبووە. دەستبەجێ تیمێک بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی فەرماندەیی پۆلیس پێکهێنرا و دەرکەوت خێزانێکی 4 کەسی کوژراون."

هەروەها وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ ئەندامی خێزانەکە دەستبەجێ کوژرابوون و ''کەسی چوارەمیان بریندار ببوو، کە دواتر گیانی لەدەستدا. بکوژەکە ئەندامی خێزانەکە بووە و دەکاتە کوڕە گەورەکەیان. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، بەهۆی کێشەیەکی بچووکی داراییەوە بووە."


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن