1760 کوردستان

بەپەلە.. بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی لەسەر کوشتنی چایچیەکە بڵاوکردەوە

05:28 - 28/07/2024

زەمەن- سلێمانی

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر رووداوەكەی دوێنێ شەوی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "شەهیدكردنی كاك ئاری لە كاتی كاردا لە دڵەوە نیگەرانیكردم، داوا لە دەزگای ئاسایش دەكەم بەزووترین كات ئەنجامدەرانی تاوانەكە رووبەڕووی یاسا بكەنەوە و سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان دڵنیادەكەمەوە هەركەسێك لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت و یاساشكێنی بكات، یاخود ببێتەهۆی دروستكردنی پشێوی و پاڵپشتیی هەر تاوانێك بكات، رادەستی یاسا دەكرێت".

دەقی پەیامەكە: 

 شەهیدكردنی كاك ئاری و برینداركردنی هاونیشتمانییەكیتر لەكاتی كار و پەیداكردنی بژێویی ژیانیاندا، لەدڵەوە نیگەرانیكردم.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەی كاك ئاری دەكەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم، لەخوای گەورەش داواكارم شیفای بریندارەكە بدات و هیوای چاكبوونەوەی بۆ دەخوازم.

شەهیدكردنی كاك ئاری تاوانێكی گەورەیە، دەبێت بكەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن، داوا لە دەزگای ئاسایش دەكەم بەزووترین كات ئەنجامدەرانی تاوانەكە رووبەڕووی یاسا بكەنەوە تاوەكو لەمەودوا هیچ كەسێك جورئەت نەكات دەست بۆ ژیانی خەڵك ببات، هاوكات رایدەگەیەنم دەبمە پارێزەری بنەماڵەی سەربەرزی كاكە ئاری تاوەكو ئەم دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی خۆی بدات.

هاوكات سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان دڵنیادەكەمەوە هەركەسێك لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت و یاساشكێنی بكات، یاخود ببێتەهۆی دروستكردنی پشێوی و پاڵپشتیی هەر تاوانێك بكات، رادەستی یاسادەكرێت و هیچ لێخۆشبوونێك بۆ ئەو كەسانە نییە كە ژیان و سەقامگیریی خەڵكەكەمان دەخەنە مەترسییەوە و  دووپاتیشیدەكەینەوە ئەركی كارمەندانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكان، پاراستنی ژیانی خەڵك و رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنانە، هیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك قبووڵناكرێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

خوای گەورە كاكە ئاری بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن