147 کوردستان

سروە عەبدولواحید: كاریگه‌ری سیاسی له‌م ماوانه‌دا له‌سه‌ر تەیف سامی‌ هه‌یه

03:26 - 14/01/2025

زەمەن:-

 

 سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگەیاند: پشتڕاستی ئه‌و ژمارانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم باسیان ده‌كات و به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌نه‌ناردنی موچه‌ی ئه‌و مانگه‌ و ده‌شڵێت، "حزبێكی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌یف سامی هه‌یه‌.

 

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سروه‌ عه‌بدولواحید سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، له‌باره‌ی موچه‌و بڕی ژماره‌ی گه‌یشتوو له‌ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی جیاواز ده‌خاته‌ڕو، پشتڕاستی ئه‌و ژمارانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم باسیان ده‌كات.

 

وتیشی: پاساوی نه‌ناردنی موچه‌ی مانگی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2024، له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ كه‌ داهاتی نانه‌وتی به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌.

 

سروه‌ عه‌بدولواحید ئاشكراشیكردوه‌، "ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق دەڵێت، 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینارم ناردوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه‌ راست نیه‌، چونكه‌ 10 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری ره‌وانه‌ كردوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ موچه‌ی 11 مانگی موچه‌خۆرانی هه‌رێم و ده‌رده‌كه‌وێت مانگێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌دراوه‌".

 

ئاماژەی بەوەشداوە، پێمان وایه‌ ته‌یف سامی، خانمێكی پیشه‌ییه‌ و له‌ناو وه‌زاره‌ته‌وه‌ كاری كردوه‌ و ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی به‌ڕێوه‌ده‌بات، من هه‌ستده‌كه‌م كاریگه‌ری سیاسی له‌م ماوانه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و خانمه‌ هه‌یه‌، كاریگه‌ریه‌كه‌ش له‌لایه‌ن حزبێكی سیاسی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌یه‌ كه‌ نامه‌وێت ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ بهێنم، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌ك حزبه‌ و ته‌یف سامیش له‌و حزبه‌وه‌ نزیكه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی دروستكردوه‌، هه‌ربۆیه‌ موچه‌ی به‌سیاسی كردووه‌.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن