ئەردۆگان، تێزی دەسەڵاتی ئەبەدی
3/27/2025 9:25:00 PM
د. جەعفەر عەلی
لە ئێستادا ئەردۆگان، بە هەمان تێزی دیکتاتۆر و دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی مێژوو، هەموو ئەوانەی بەرامبەر سیستمی سیاسی و دەسەڵاتەکەی، ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بە تیرۆریستی شەقام ناویان دەبات، بۆ ئەوەی لە تیرۆریستی شاخ (مەبەست لێی پەکەکەیە) جیایان بکاتەوە. واتە تیرۆریست هەر کەسێکە ئەگەر فۆڕمی کار و بیرکردنەوەی سیاسی، نەچێتەوە خزمەت بەرژەوەندییەکانی شەخسی ئەردۆگان و مسۆگەرکردنی درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی دەسەڵاتە بێ سنور و هەمیشەییەکەی ئەو.
ئەردۆگان لە دیارترین ئەو سیاسییانەی دنیایە، بە زۆرترین شێوە چەمکەکانی تیرۆر و تیرۆریست بۆ نەیارەکانی بەکاردەهێنێت، هەرچەندە لەوانەیە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەم جیهانەدا نەدۆزیتەوە، ئەگەر بە وشەیەکیش دژ بە کورد بووبێ، چانسی هاوکاری و پشتیوانی ئەردۆگانی بەدەستنەهێنابێت. لە ساڵی (٢٠١٦)وە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە ناڕەوا و میزاجی شەخسی ئەردۆگان زیندانی کراوە، لە ١٩ی ئاداری ئەمساڵیشەوە، واتە ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژ دەبێت، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، هەر بە خواست و میزاجی ئەو ڕەوانەی زیندان کراوە. دوێنێ دەمیرتاش، ئەمڕۆش ئیمام ئۆغڵو، وەک دوو فیگەری سیاسی دیاری تورکیا، کە بە ئازایەتییەوە بەرامبەر ستەم و سیاسەتی نادیموکراسیانە و کەسایەتی بەهێزی ئەردۆگان وەستابوونەوە، هەردووکیانی لەڕێی بەکارهێنانی سیاسییانەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە تورکیا، بەرەو ژوورەکانی زیندان بردوون. لێرەوە باشتر دەتوانین ئەوە ببینین، هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی دنیای سیاسی هاوچەرخ بۆ ئاڵوگۆری دەسەڵات، لە تورکیا و لەسەردەستی ئەردۆگان، خەریکە لە هەموو مانایەکی دیموکراسی، ململانێی دروستی سیاسی، خاڵی دەکرێتەوە. چونکە هەر کەسایەتییەکی سیاسی بەهێز لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا دەرکەوتبێت، یان هەر هێزێکی سیاسی مەترسی بۆ سەر پێگە و کورسییەکەی دروستکردبێت، یان هێزی شێواندنی ئەو یارییەی هەبووبێت، کە ئەردۆگان و مەهەپەی هاوپەیمانی لە دەسەڵات دەیخوازن، بەجۆرێک لە جۆرەکان، لەڕێی دروستکردنی زنجیرەیەک تۆمەتی هەمیشە ئامادەوە، یان لەو پێگانە دووریخستوونەتەوە، کە لە ململانێی هەڵبژاردندا بەدەستیانهێناوە، یان لەڕێی بەکارهێنانی دادگاوە بە ژوورە تاریکەکانی زیندانی سپاردوون.
لە ئێستای تورکیادا، هەنگاوەکانی سەرەتای پرۆسەیەک لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و کورد دەستیپێکردووە. لەم پرۆسەیەدا ئەوەی دەبینرێت تورکیا تەنیا داواکاری هەیە؛ داواکاری داماڵینی پەکەکە لە چەک، هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە ڕۆژئاوا، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تا کار گەیشتووە بەوەی ڕاسیستێکی وەک باخچەلی شوێن و کاتی کۆنگرە بۆ پەکەکە پێشنیار بکات. ڕۆژی ٢٠ ئاداری ئەمساڵ، سەرۆکی مەهەپە لە پەیامێکیدا بۆ پەکەکە گوتی: پێویستە پەکەکە ڕۆژی یەکشەممە، ٤ ئایاری ئەمساڵ، لە شارۆچکەی مەلازگرد لە پارێزگای موش، کۆنگرە ببەستێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. پەکەکە و دەم پارتی، دەبێت لە هەر هەنگاوێکیان لەم پرۆسەیەدا سەدانجار گومان لە تۆقەکەی باخچەلی و ئەو ڕستە ڕەنگاوڕەنگانەش بکەن، کە ئەردۆگان لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلانەوە (٢٧ شوباتی ٢٠٢٥)، دەیخاتە بازاڕی سیاسییەوە. پێنج پەنجەکانی ئەو دەستەی باخچەلی بۆ تۆقەکردن خستییە نێو دەستی پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەگەر پەنجە بچووکەکەی گوزارشت لە دانپێدانانی گوماناوی بەبوونی کورد بکات، ئەوا چوار پەنجەکەی دیکەی لە سەری ئەو ئەژدیها ژەهراوییە دەچێت، کە بە سڕینەوەی ناوی کورد و کوردستان ئاسوودە دەبێت.
هەرچی ئەردۆگانە، خەریکی درێژەدان بە یارییە ناشیرین و تایبەتەکەی خۆیەتی، یارییەک دەچێتەوە خزمەتی ئەو تێزەی، دەسەڵاتی تا مردنی لەسەر سینییەکی ئاڵتونی پێشکەش دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکی ئەردۆگان، پێدەچێت لەوە زیادتر نەبێت؛ کڕکەوتن لەسەر کورسی دەسەڵات لەڕێی پاککردنەوەی گۆڕەپانەکە لە هەموو ئەو فیگەرە کاریزمی و جەماوەرییانەی، کە وەک دڕک و داڵی بەرپێی هەنگاوەکانی بەرەو چەسپاندنی تێزی دەسەڵاتی ئەبەدی دەیبینێت.
ڕاستییەک هەیە، بۆ هەموومان جێگەی پرسیار و لەسەر وەستانە، داواکاری چەکدانانی پەکەکە لە بەرامبەر چی، خۆهەڵوەشاندنەوە لە بەرامبەر چی، پێشنیارکردنی شارێک لە باوەشی دەسەڵاتی ئەمنی و میتی تورکیادا بۆ کۆنگرەی پەکەکە لە بەرامبەر چی، کام دڵنیایی دەستوری و یاسایی، کام سیستمی سیاسی دیموکراسی و دادپەروەر، کام مێژووی بەیەکەوەژیان و ئارامی، کام هەنگاوی پراکتیکی، نەک تەنیا ئەردۆگان، بەڵکو مێژووی دەسەڵات لە تورکیا بۆ داننان بە بوونی سیاسی و کولتوری کورد، هەوڵدان بۆ ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی. ئەوانە هەر هەموویان تا ئێستا پرسیاری سیاسی و ڕەوای نێو ئەو یارییە سیاسییەن، کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە، ئەردۆگان و باخچەلی ئاراستەی دەکەن.
مێژووی دەوڵەتی تورکیا، مێژووی خنکاندنی ئازادی و دیموکراسییە، مێژووی کودەتا و خوێن و قەدەغەیە، لەنێو مێژوویەکی وەهادا بەبێ ئەوەی ژێرخانی فیکری و کۆمەڵایەتی، فەلسەفەی پیرۆزی دەوڵەت و نەتەوە، هیچ گۆڕانێکی گرنگی بەسەردا هاتبێت، هەر قسەیەک لە پرۆسەی ئاشتەوایی، دەچێتە ئاستی بێ ماناییەوە، بەڵکو دەبێت وەک هەوڵدانێکی دەسەڵات بۆ لەتکردن و دابەشکردنی هێزی نەیارەکانی ببینرێت، بەجۆرێک تا لە خواردنی داشێکی سیاسی دەبێتەوە، داشە سیاسییەکەی دی لە دۆخی بێدەنگییەکی پاسیڤدا بهێڵێتەوە. بە باوەڕی ئێمە، ئەردۆگان لە ئێستادا لەڕێی ئەم یارییە سیاسییەوە، بە بەکارهێنانی کۆی میکانیزمەکانی بەردەست و دامەزراوەکانی دەوڵەت، کار بۆ ئەم تێزی خاڵیکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە هێز و فیگەرە کاریزمییەکانی و مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆی دەکات.
لە مێژووی سیاسی تورکیادا، لە دوای مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە، ئەردۆگان بەهێزترین کەسایەتی سیاسی و جەماوەرییە، هیچ فیگەرێکی سیاسی، نە لەنێو دەسەڵات و ئاکپارتی خۆیدا، نە لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا، توانای سەرکەوتن لە ململانێ و تێپەڕاندنی هێزی کاریزمایی ئەردۆگانی پێشاننەداوە. بۆیە لە هەر شوێنێک و هەر بڕگەیەکی سیاسی و مێژووییدا، ئەردۆگان هەستی بە مەترسی بچووککردنەوە، یان لە دەستدانی ئەو پێگەیەی کردبێت، هەوڵیداوە ئەو کەسایەتییە، یان فیگەرە گرنگانەی نێو ئەو هێزە سیاسییە لەڕێی بەکارهێنانی دادگا و دروستکردنی تۆمەتەوە، بێدەنگ بکات و لە چالاکیان بخات، دەمیرتاش و ئیمام ئۆغڵو، دوو نمونەی زەق و دوو قوربانی ئەم تێزی هەست بە مەترسیکردنەی ئەردۆگانن لەسەر پێگە سیاسی و جەماوەرییەکەی.
ئەردۆگان، نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت سیاسییەکی کاریزمی و جەماوەری وەک دەمیرتاشی لەڕێی دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا و شەخسییەوە لە زینداندا توندکردووە، نزیکەی ١٠ ڕۆژیش دەبێت، ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، گەورەترین شارەوانی تورکیا و بەهێزترین کەسایەتی سیاسی و جەماوەری نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی بە هەمان تۆمەتی ناڕەوا و خواستی ئەردۆگان، زیندانی کراوە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە، پێدەچێت ئیمام ئۆغڵوش، بکاتە هاودەمێکی درێژخایەنی زیندان، ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر جەهەپە توانای گەورەترکردنی خۆپێشاندانەکانی شەقام و وەرگرتنەوەی ئەو مافە دیموکراسیانەی نەبێت، کە لەڕێی بەسیاسیکردنی دادگاوە لێی زەوتکراوە.