ئەنجومەنی وەزیران سێ بڕیاری دەركرد
05:13 - 19/03/2025
زەمەن - هەولێر
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا
كرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-3-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە. بەپێی ناوەڕۆكی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم سێ بڕیارە
دران.
- ئەنجوومەنی وەزیران لە پێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیان، بە
کۆی دەنگ پێشنیازەکەی وەزارەتی ناوخۆی سەبارەت بە درێژكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی
20%ی سزاكانی هاتووچۆی پەسەند کرد و بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیارەكە
بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.
- ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد
کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە بکات كە لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی
حكومەت بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە و کار بۆ
چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەکانیان بکات بە گوێرەی ئەو پێشنیازانەی لە لایەن
وەزارەتەكەوە لە کۆبوونەوەكە خراونەتەڕوو.
- سەبارەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژە پزیشكییەكان
بۆ ساڵی 2024، ئەنجوومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و
ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پەیوەندیدا
بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان
لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی
وەزیران بخەنەڕوو تا لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان
بدرێت