1595 عیراق

پەیامێک لە محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە

08:39 - 06/10/2024

زەمەن - عێراقى

 

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەبۆنەى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر جەنگى غەزە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە دەڵێت، لە لێواری دۆخێکی پڕ لە مەترسیداین کە رەنگە ناوچەکە بخاتە تەنگژەیەکی دوورودرێژ، دەشڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی ململانێیەکە بەردەوام دەبن.

سودانى لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە، لەژێر رۆشنایی پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە، پەیامێک بۆ هاوڕێکانمان بە تایبەت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەنێرین. (دەڵێین) لە لێواری دۆخێکی پڕ لە مەترسیداین کە رەنگە ناوچەکە بخاتە نێو تەنگژەی دوورودرێژ، بازرگانیی جیهانی پەکبخات و لەبەردەم پێشکەوتنەکان ببێتە بەربەست. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشى راگەیاندووە، ئیسرائیل هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات، سوپاسی هەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساشى کردووە کە داوایکردبوو ناردنی چەک بۆ قەوارەی زایۆنی رابگیرێت و جەنگ بووەستێت. هەڵوێستی ماکرۆن رەنگدانەوەی تێگەیشتنیەتی لە دۆخی ناوچەکە. 

دوێنێ شەممە، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، کاری لەپێشینە ئەوەیە روو لە چارەسەری سیاسی بکرێت و "ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرین". 

سوودانی نووسیویشیەتى، حکومەتەکەمان کاری زۆری کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ئەو تەنگژانە بپارێزێت و بە هاوئاهەنگیی وڵاتانیش سەرکەوتوو بووین لەوە. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا داوایکردووە، بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل" بووەستێت و گوتی، لەم جەنگەدا هیچ براوەیەک نییە و ئەوەی دەبیندرێت تەنیا کاولکاری و ماڵوێرانییە. 

سوودانی لە کۆتایى پەیامەکەیدا دەڵێت،  عێراق هاوشانی هاوپەیمان و براکانی لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراوانبوونی ململانێیەکان بەردەوام دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن