دادگای کارگێڕی عێراق سکاڵاکانی دژی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دواخست
12:44 - 24/12/2024
زەمەن _ عێراقی
دادگای کارگێڕی عێراق، چوار سکاڵا کە لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکەشی دادگاکە کرابوون، بۆ مانگی داهاتوو دوایخست.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، کاروان عوسمان بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دادگای کارگێڕی عێراق لە بەغداد لەبارەی ئەو پێنج سکاڵایەی لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکەشی کرابوو کۆبووەوە و چوار سکاڵایانی بۆ مانگی داهاتوو دواخست.
سکاڵاکان لەلایەن هەریەک لە پارتی و بهرهی توركمانی و بهرهی عهرهبی تۆمارکراون و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركوك دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە رۆژی ١٠ی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى ٩ ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد، پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب و پێنج، سکاڵا لە دژى ئەو کۆبوونەوەیە پێشکێش کرابوون، سێ سکاڵا لەلایەن ئەندامانى هاوپەیمانیى عەرەبی، سکاڵایەکی فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى و سکاڵایەکی پارتى دیموکراتى کوردستان.