238 کوردستان

ناوەندی توێژینەوەی سبەی: زۆرینەی دەنگدەران بۆ دەنگدان بە لیستێک ساغ نەبونەتەوە

06:30 - 17/10/2024

زەمەن - کوردستانى

 

بەپێی راپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، رێژەی بەشداریی کردن لە هەڵبژاردن بەرزە، بەڵام هێشتا دەنگی خوڵەمێشی بەرزترە و زۆرینەیان بەشداران خۆیان بۆ دەنگدان بە لیستێک و وەکاندیدێک یەکلایی نەکردوەتەوە، هەڵەبجە لە پلەی یەکەمی دەنگدەرانی خۆڵەمیشی، دوای ئەو سلێمانی دێت، هەولێر و دهۆک لە پلەی دووەم و سێیەمدان.

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی توێژینەوەی سبەی، دوایین راپرسی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، کە 3442 کەس لە تەمەنی 18 ساڵی تا 65 ساڵی بەشداربوون تێیدا لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) و لە 14 قەزای هەرێم ئەنجامدراوە و ئەو کەسانەی مافی دەنگدان و بەشدارییکردنی دەنگدانیان هەیە بەشداربوون.

 

دەرەنجامی راپرسییەکە دەری دەخات کە 44.5%ی بەشداران بە دڵنیاییەوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و 39.4% بەشدار دەبن، لەبەرامبەردا 11.5% هێشتا بڕیاریان نەداوە، 2.8% بەدڵنیاییەوە بەشدار نابن و 1.8% وەڵامەکەیان ئەوەیە کە پێناچێت بەشدار بن.

 

 

لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، لە هەولێر 48%ی بەشداران وەڵامەکەیان ئەوەیە کە بەدڵنیاییەوە بەشدار دەبن، 10%یش هێشتا بڕیاری بەشدارییان نەداوە، لە پارێزگای سلێمانی 47% بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبن و 17% هێشتا بڕیاریان نەداوە، لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک 41% بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبن و 6% هێشتا بڕیاریان نەداوە، بۆ پارێزگای هەڵەبجەش 32% بەدڵنیاییەوە بەشدار دەبن و 14% هێشتا بڕیاریان نەداوە.

 

بەشێکی دیکەی راپرسییەکە سەبارەت بە متمانەی بەشدارانی راپرسییەکەیە کە کاندیدەکانی پەرلەمان سەرسەختانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و خواستەکانت دەکەن لە پەرلەمان، تەنها 31% متمانەیان هەیە، 21% متمانەیان نییە و 11% هیچ متمانەیەکیان نییە و لەبەرامبەردا 4% متمانەی تەواوی هەیە.

 

سەبارەت بە لیست و کاندیدەکانیش، 39%ی بەشدارانی راپرسییەکە یەکلایی نەبونەتەوە پشتیوانی چی لیستێک بکەن، 20% نایەوێت بیڵێت، لەبەرامبەردا 41% لیستێکی دیاریکراویان هەیە بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن.

 

 

لەبارەی دەنگدان بە کاندیدێکی دیاریکراویش، 86% کاندیدێکی دیاریکراویان نییە دەنگی پێبدەن، لەبەرامبەردا 14% کاندیدی دڵخوازی خۆیان دیاریکردوە.

 

بەپێی دەرەنجامی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، 36%ی بەشدارانی هەولێر هێشتا یەکلایی نەبونەتەوە بۆ دەنگدان بە لیستێکی دیاریکراو وەک دەنگی خۆڵەمێشی دانراون، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانییش 45.7% هێشتا یەکلایی نەبونەتەوە کە دەنگ بە چی لیستێک دەدەن، لە دهۆک رێژەی دەنگی خۆڵەمێشی 30.1% و لە هەڵەبجەش 53%ی بەشداران لیستی دڵخوازی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکردووە و وەک دەنگی خۆڵەمێشی ئەژمارکراون.

 

لە راپرسیەکەدا 2212 نێر و 685 مێ بەشدارییان کردووە، بەپێی تەمەنیش 33%یان تەمەنیان لەنێوان 35-44 ساڵدایە  بە پلەی دووەم و رێژەی 24% تەمەنیان لەنێوان 25-34 ساڵدایە، 8% لەنێوان 18-24 ساڵدان، لەو رێژەیەش 32%ی بەشداران لە سنوری بازنەی پارێزگای هەولێر، 33% لە سنوری پارێزگای سلێمانی، 27% لە پارێزگای دهۆک و 8% لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەشداریی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەیان کردووە، کە لەمانگی ئەیلولی 2024 ئەنجامدراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن