44 کوردستان

"لە هەڵەبجە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان ناچارکراون وێنەی کاغەزی دەنگدان بگرن"

09:48 - 18/10/2024

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

لە کاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە گرژی دروست بو، هێزە ئەمنییەکان ناچارکراون وێنەی کاغەزی دەنگدانەکەیان بگرن.

 پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە هەڵەبجە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەو بنکەیەی تایبەت کراوە بە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان گرژی و ئاڵۆزی دروست بوە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کە چاودێری بەڕێوەچونی پرۆسەکە دەکەن، ناڕازین لەوەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان مۆبایل دەبەنە ژورەوە.

وتیشی: بەهۆی ئەوەی لەکاتی دەنگدان مۆبایل براوەتە بنکەکە، نوێنەری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان چونەتە دەرەوە بۆئەوەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئەو کارمەندە ئەمنییانەی ئەرکیان پاراستنی ناوەندەکەیە، رۆژنامەنوسان کراونەتە دەرەوە.

بەشێک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێری کەی ئێن ئێن-ـیان راگەیاند، ناچارکراون وێنەی وەرەقەی دەنگدانەکەیان بگرن و بۆ بەرپرسانی خۆیانی بنێرنەوە و بۆئەوەی بزانن دەنگیان بە کێ داوە.

هاوکات، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پارێزگاکە یەک بنکەی دەنگدان تایبەت کراوە بە هێزە ئەمنییەکان و 952 کارمەند مافی دەنگدانیان هەیە.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی پرۆسەی دەنگدان لە پارێزگاکە راگیرابێت، پارێزگاری هەڵەبجە وتی، ئەو پرۆسەیە پەیوەندیدارە بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر راگیرابێت، پەیوەندی بە گرفتە تەکنیکییەکانەوە هەیە.
هەڵەبجە/ ئەستێرە حسێن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن