94 کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: یەکەکانی نیشتەجێبون بەسەر هاووڵاتیانی کەمدەرامەت دابەشدەکەین

07:59 - 17/10/2024

زەمەن - کوردستانى

 

وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم رایگەیاند، زیاتر لە نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونیان خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەشێکیان تەواوکراون، دەشڵێت، بڕیارمانداوە بەسەر هاووڵاتیانى کەمدەرامەتدا دابەشیان بکەین.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونی خستوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەو ژمارەیە بەشێکیان تەواو بون و بەشێکیان تەواو نەکراون، بەتایبەت لە رابردودا لەوکاتانەی کە بارودۆخی دارایی باش بوە دەکرا پرۆسەی تەواوکردنی یەکەکان خێراتر بکرایەو لەدوای ساڵی 2014ش بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێم نەیتوانی بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی یەکەکان تەرخان بکات.

 

راشیگەیاند، ئێمە لە وەزارەت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ چۆنێتی تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبون، ساڵی رابردو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تیایدا بڕیاردرا لەومەودوا لەهەمو ئەو پڕۆژانەی لەبواری وەبەرهێنان کاردەکەن بەشێک لە داهاتی ئەو پرۆژانە بخرێتە سندوقی نیشتەجێبون و لەڕێی ئەو سندوقەوە یەکەکانی نیشتەجێبون تەواو بکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی پێنج ساڵی رابردو ژمارەیەک لە یەکەکان تەواوکراون، بەجۆرێک بەشێکیان لە سەدا سەد تەواوکراون و بەشێکیان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ماوەو بەشێکیان لە قۆناغی دروستکردنی بیناکەدایە، بەڵام ئێمە وەک وەزارەت بڕیارماندا ئەو یەکانە دابەش بکەین بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و لەو چوارچێوەیەدا لەرێگەی پرۆسەیەکی شەفاف و گشتگیر لەڕیی پڕکردنەوەی فۆرمی ئۆنلاینەوە هاوڵاتیان زانیارییەکانی خۆیان پڕبکەنەوەو ئەوەی شایستەیە یەکەی نیشتەجێبون وەربگرێت.

 

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەپێی داتاکانی فۆرمی ئۆنلاین کە هاوڵاتیان پڕیان کردبوەوە، (68.487)کەس هەوڵیاندابو بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکەو لەو ژمارەیەش (25.724) کەس زانیارییەکانی دروست بوەو پەسەند کراوە، لەو ژمارەیەش دوای وردبینی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەوەی بزانرێت کێ شایستەیەو پاکتاوکردنی لەناوی دوبارە، (23.159) فۆرم ماوەتەوە.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رێککەوتنیان کردووە بۆئەوەی رێژەی (3٪)ی یەکەکان بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان بکرێت، وەک وەزارەت پابەندن بە بەڵێنەکەیان بۆ دیاریکردنی رێژەی (3٪)ی یەکەکان بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لەو ژمارەیەش کە فۆرمیان پڕکردوەتەوە (644) فۆرمی خاوەن پێداویستی پڕکراوەتەوەو لەوەش (395)یان پەسەند کراون، واتە 395 یەکە دەدرێت بە هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت.





سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن