24وتار

چەند سەرنجێک دەربارەی دەستپێکی ئاشتی

10/17/2024 10:00:00 AM
سەردار عەزیز

ئەردۆگان جارێکی تر باس لە ئەگەری دەستپێکی ئاشتی دەکات. بۆ زەمینەسازی لەمبارەیەوە، دەیەوێت وەها وێنای بکات کە مەترسی لە سەر تورکیا هەیە، لە لایەن ئیسرائیلەوە. ئەمە تەنها خیتابە. ڕاستی لە شوێنێکی ترە.

بە گشتی دوو هۆکار هەیە بۆ دەستپێکی ئاشتی: یەکەمیان خودیی یان زاتی و دووەم، جیوپۆلەتیکی.

دەڵێین دەستپێک نەک پرۆسە یان پێڤاژوو چونکە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو قۆناغە وەک چەنگیز چاندار دەڵێت.

مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان نوسینی دەستورێکی نوێیە، هەتا بتوانێت پاش ٢٠٢٨یش لە سەر دەسەڵات بمێنێتەوە، چونکە زۆر ڕونە وەک دیکتاتۆرێک وازهێنان بژاردە نیە لە لای. بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە پشتیوانی کوردە.

لە هەمانکاتدا دەزانێت ئەگەر بدۆڕێت ئەوا جەهەپە پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات بۆیە دەخوازێت ئەو پەیوەندییە تێکبدات. کەواتە پرۆسەکە لە پێناو کورددا نیە وەک کورد، بەڵکو سودبینیە لە کورد لە ناو کایەی سیاسی و ململانێی سیاسیدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە کورد نابێت هەوڵبدات لێی سودمەندبێت.

ئەوەش دەبێت ئاماژە پێبدەین کە دەوڵەتی تورک نایانەوێ ئۆجەلان لە زینداندا بمرێت، چونکە کاریگەری مردنی زیندان زۆر زیاتر دەبێت لە مردنی لە ماڵێکدا لە چاناکایە لە ئەنکەرە، لە میانەی دروستکردنی نەرەتیڤ و وروژانی سۆزی کورد. ئەگەر گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ ماڵێکی تایبەت لە جێگایەکی تر ئۆزدەمیریش ئاماژەی پێدەدات، سیاسی تورک و کۆنە کونسوڵی تورکیا لە موسڵ لە سەردەمی داعشدا.

کە دێتە سەر ئۆجەلان دوو دید هەیە، من پێم وایە ئۆجەلان نەرمترە لە گەڵ ئیسلامی سیاسی تورکیدا، چونکە ئەو گەوروەبوی سەردەمێکە کە ئەوان تیایدا دەرەکی بوون لە سیاسەتی تورکی و عەقڵی سیاسی تورکی زیاتر کەمالیست بوو. هەرچەندە هەموو ئیسلامیە سیاسیەکانی و تورکیش تێکەڵێکن لە ئیسلامی و نەتەوەپەرستی، بەڵام عەقڵی عەسکەریی و کەمالی دونیابینی ئۆجەلان لە قاڵب دەدات بەرامبەر تورکیا. وەک دەبینیت هەموو تێزەکانیش دژ بە یەکبونی کەمالییە، لە پێناو فرەبوندا.

بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە کە ئۆجەلان دەزانێت دۆخە کەمالییەکە لاوازە بۆیە لە گەڵ ئیسلامیەکاندا مناوەرە دەکات.

وەک دەگوترێت ئۆجەلان لە گەڵ قەندیل و ڕۆژئاڤاشدا پەیوەندی گرتوە، بەڵام لە هەردوو لا ناڕەزایی هەبوە. دەشڵێن تەلەفونی بە سەر هەردوولادا داخستوە. دیارە ئەم تەلەفونانە لە ڕێگای دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەچێت بۆیە لە هەموو شتێک ئاگادارن.
هۆکاری جیوپۆلەتیکی:

دیارە ئەردۆگان باس لە مەترسی ئیسرائیل دەکات، بەڵام تەنها بۆ گەوجاندنی شوێنکەوتوانیەتی. ئەوەی ئەگەرە، سوریایە یان ئێران. ئایا لە ئەنجامی لاوازبونی پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە، هەروەها، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێران خۆی، چ بە ناچارکردنی بە ڕەفتار گۆڕین، چونکە ئێستا پرسی ئەتۆمی و میلیشیاکان لە یەکتر جوداناکرێنەوە، ئەوا وەک ئاماژەکان دەریدەخەن ئەمریکا لە ڕۆژئاڤا دەمێنێتەوە، وەک بەشێک لە ستراتیژی پاراستنی هەژەمۆنی لە ناوچەکە. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم ئەگەری لاوازبون یان گۆڕینی ڕەفتاری ئێرانداین، لە گەڵ لاوازبون یان گۆڕینی دۆخ لە سوریا، بۆیە ئەگەر پشتیوانی کورد زیاترە. ئایا تورکیا دەیەوێت بەشێک بێت لەو گۆرانکارییە.

تورکیا بەبونی لە دەرەوەی گۆڕانکارییەکان توانای لە قاڵبدانی کەمتر دەبێتەوە. بۆ نمونە بەشداری تورکیا لە دانوستانی ئاشتی واشنتۆن لە ساڵی ١٩٩٨ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، یەکێک بوو لەو لایەنانەی کە فشاری دەکرد بۆ دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی کوردستان. بەهەمانشێوە هەبونی لە هەناو هەر پرۆسەیەکدا دەتوانێت ئەجینداکانی باشتر بچەسپێنێت لەوەی کە لە دەرەوەبێت.

هەتا ئێستا قەندیل لە گەڵ ئەم پرۆسەیەدانیە. بەڵام دەم پارتی ئاشتی پێباشە، چونکە لە فشار و ڕێگریی زۆر ڕزگاریان دەکات.

باشترە بۆ پەکەکە کە هەوڵبدات بۆ سودبینین لە دۆخەکە. دیارە فاکتەری ئێرانی ناتوانرێت لە بەرچاو نەگیرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن