بافڵ تاڵەبانی: سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە
01:48 - 14/11/2024
زەمەن – سلێمانی
بافڵ تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە یادی ٢٤٠ی ساڵەی بونیاتنانی سلێمانیدا دەڵێت:
سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ شارەکە و خەڵکەکەی پێویستییانە،
ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە.
ناوبراو لە
پەیامێکدا دەشڵێت:ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی ٢٤٠ ساڵەی
بونیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک شانازییەک
بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە".
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی
240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک
شانازییەک بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە.
ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمانەوە دروود و سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسایەتییە
سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەنێرین کە بەشێکی گرنگ و کاریگەری مێژووی شارە
حەیاتەکە بوون و سلێمانییان کردە سیمبوولی کوردایەتی و دادپەروەری. بە پێزانینەوە یادی
ئەو نووسەر و هونەرمەندانەمان دەکەینەوە کە مۆرکی رۆشنبیرییان بە شاری شاران بەخشی
و سەری رێز بۆ مێژووی هەوڵدان و پڕ لە بەرهەمیان دادەنەوێنین. بێگومان دڵسۆزی و خۆڕاگریی
سلێمانییە سەربەرزەکانیش لەیادناکەین کە سەرباری هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان، کە
سەرەڕای هەموو سزا سیاسی و جیاکارییەکان، وەک گۆیژە بەپێوە مانەوە.
ئەوانەی لە رابردوودا و بە هەر مەبەستێک دژایەتیی سلێمانییان
کردووە و بە هەر هۆکارێک ئەم شارەیان فەرامۆشکردووە، بەداخەوە نە ئاشنای مێژووی
شارەکەن و نە دەتوانن لەو رۆحە زیندووە ئازادیخوازەی خەڵکەکەی تێبگەن. راستییەکە و
حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە، بیرە ئازاد و رۆشنگەرەکەی
نایەوێت تەسلیمی ئیرادەیەکی فەرزکراوبێت و دژی خواستەکانی بوەستێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ
سلێمانی و خەڵکەکەی پێویستییانە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە. ئەوەی دەبێت پێشکەشی
سلێمانی بکرێت پێویستە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە کوردستانی بەخشیووە و دەیبەخشێت.
بۆ ئێمەش کە بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لەسەر شانە،
سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت،
سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان