715 کوردستان

ئەو تۆمەتبارانەى لە مێردین پێنج ئەندامى بنەماڵەیەکى دهۆکیان کوشت سزادران

07:43 - 14/11/2024

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ لە حەوتەم دانیشتنی دادگای مێردین لەسەر دۆسیەی کوشتنی پێنج هاونیشتمانیی دهۆک، سزای پێنج جار بەندکرانی تاهەتایی بۆ دوو تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە دەرکرا، بەڵام کەسوکاری کوژراوان، داوای سزای لەسێدارەدانیان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-11-2024، حەوتەم دانیشتنی دۆسیەی کوژرانی پێنج ئەندامی دوو خێزانی خەڵکی دهۆک کە 19ـی ئاداری ساڵی رابردوو لە نزیک مێردین لەلایەن دوو کەسەوە کوژران، لە دادگەی سزا قورسەکانی مێردین بەڕێوەچوو و بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە درا.

تۆمەتبارانی دۆسیەکە پێنج کەس بوون کە دووانیان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا کاپلان و فارس ئاکسەڤەن، تۆمەتباری سەرەکی بوون. 

بەگوێرەی بڕیاری دادگاى مێردین، دوو تاوانبارە سەرەکییەکە، بە تاوانی کوشتنی پێنج هاونیشتمانییەکە، بە پێنج جار بەندکردنی تاهەتایی سزادران. هەروەها لەسەر بەتاڵانبردنی سامانی کوژراوەکان، سزای 15 ساڵی دیکەش بۆ هەریەک لە دوو تاوانبارەکە زیادکرا. 

دوای دەرچوونی بڕیارەکە، حەربی جەلالەدین، ئەندامی خێزانی کوژراوان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ''لە بڕیاری دادگا ناڕازین و قبووڵی ناکەین و دەبێت تاوانباران لەسێدارە بدرێن''.

 

رۆژی 19-01-2023 پێنج هاونیشتمانییەکە کە بۆ چارەسەری پزیشکی دەچوونە تورکیا، لە رێگەی سەرەکیی نسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان، لە لایەن دوو چەکدارەوە رێگری لە ئۆتۆمبێلەکەیان کرا و کوژران. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن