بانکى ناوەندیى عێراق و تورکیا رێککەوتن کاریگەرى لەسەر نرخى دۆلار دەبێت
07:33 - 14/11/2024
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ هەردوو سەرۆکى بانکى ناوەندى عێراق و تورکیا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و لەسەر ئەوە رێککەوتن کە کارئاسانى بۆ بازرگانانى عێراقى بکەن بۆ پارەدانى ئەو کاڵایانەى لە تورکیاوە هاوردەى دەکەن.
بەپێى راگەیەندراوى بانکى ناوەندیى عێراق، عەلى عەلاق سەرۆکى بانکى ناوەندیى عێراق، داواى لە سەرۆکى بانکى ناوەندیى تورکیا کردووە، کارئاسانى بۆ بازرگانانى عێراقى بکات، بۆئەوەى بتوانن بەئاسانى و بە کاتێکى کەمتر مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن، ئەوەش لە رێگەى ئاسانکارى بۆ بەکارهێنانى کارتى بانکەکانى عێراق لە تورکیا.
بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاندووە، بانکى ناوەندیى تورکیا ئامادەیى پیشانداوە بۆ هەموو ئاسانکارییەک لە رێگەى بانکەکانى تورکیاوە بۆ بازرگان و بانکە عێراقییەکان.
ئەم هەنگاوەى بانکى ناوەندیى عێراق چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکى کاتى کەمدا جێبەجێ بکرێت، بەوەش کێشەى بازرگانانى عێراق چارەسەر دەبێت و چیتر پێویست ناکات پارە حەواڵە بکەن یاخود داواى دۆلارى کاش بکەن، بەڵکو مامەڵەکانیان راستەوخۆ لەرێگەى بانکەکانى عێراق و تورکیاوە بۆ جێبەجێ دەکرێت، بەوەش خواست لەسەر دۆلار لە ناوخۆى عێراق کەمدەبێتەوە و نرخى دۆلار دادەبەزێت.