لەبەریتانیا تۆڕێكی دیكەی قاچاغچی كورد دادگایی كران
09:05 - 14/11/2024
زەمەن - كاوە ڕەش/ بەریتانیا
دادگای شاری كاردیف لەبەریتانیا، دادگایی تۆڕێكی دیكەی قاچاغچی كوردیی كرد، کەدەستیان هەبووە لە قاچاخچیەتی كردن بەسەدان کۆچبەری نایاسایی، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ووڵاتانی یەكییەتی ئەورپاو بەریتانیا. تۆڕەكە لەلایەن دوو پیاوی كوردەوە لەشوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێلەوە سەرپەرشتی كراوە.
ئەو تۆڕە لەلایەن دوو كوردەوە سەرپەرشتی كراوە بەناوەكانی، دڵشاد شامۆ، تەمەن 41 ساڵ و عەلی خدر تەمەن 40 ساڵ، هەردوو ناوبراو تۆمەتبارن بەوەی لەڕێگای بەلەم و بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل، بەشێوەی نایاسایی سەدان كۆچبەری نایاساییان، لەووڵاتانی عێراق و ئێران و سوریاوە، بەرەو ئەوروپا هێناوە.
دادگای تاجی شاری كاردیف، گوێی بیستی چۆنییەتی كاركردن و ماماڵەی قاچاخچیەتی كردنی ئەو گروپە بوو، كەلەنێوان ئەیلوولی ٢٠٢٢ و نیسانی ٢٠٢٣، لەشوێنی شۆردنی ئۆتۆمبێلی دەستی، لە شاری کاردیف ڕێكخراوە، کەخاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی شوێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جووتەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی بی،بی،سی; دڵشاد شامۆ، لەدایکبووی كوردستانی عێراقە و عەلی خدر بەڕەچەڵەک كوردیی ئێرانە. هەردووکیان بەپێنج تۆمەتیان دراوەتەپاڵ، بەبازرگانی كردن بەكۆچبەرانەوەو پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ و گوستنەوەی كۆچبەری نایاسایی لەووڵاتانی یەكیەتی ئەوروپاوە، وەك ئیتاڵیا، ڕۆمانیا، کرواتیا و ئەڵمانیا.
سارا گاونت، لەداواکاری گشتی، بەدادگای تاجی کاردیف-ی ڕاگەیاندووە، ئەو بەڵگەكانی لەسەر ئەو گروپە لەڕێگای تۆڕی واتسئەپەوە بەدەست كەوتووە، ئێستا بەردەستەو بەئەندامانی دادگا پیشان دەدات، لەوانە پەیامی دەنگی و ئاڵوگۆڕی نامەكان، كەلەنێوان تۆمەتباران و ئەو کەسانەی کەبنکەکانیان لەعێراق و تورکیا و ئەوروپایەو هەوڵی قاچاخهێنانی خەڵکی دەدەن بۆ سەرتاسەری ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەوانەی بازرگانییان پێوەکراوە لە عێراق و ئێران و سوریاوە هاتوون و چەندین هەزار پاوەندیان لێ وەرگیراوە.
بەشێکی زۆری پارەکانیش، بەبەکارهێنانی سیستەمی حەواڵە گواستراونەتەوە، کەشێوازێکی تەقلیدییە بۆ گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە، كەبڕە پارەیەکی کەمتری تێ دەچێ وەك لەڕێگەی وێستەرن یونیونەوە بنردرێت.
ئەو خانمەی داواكاری گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیس چاودێری تۆمەتبارانی کردووە و جوڵەکانیانی تۆمارکردووە، لەنێویاندا دانانی "ئامێری گوێگرتن لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل، لەشاری کایرفیلی".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێكی زۆری گفتوگۆی جۆراوجۆر تۆمارکراوە کەئەم تۆمەتبارانە لەکاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بوون قسە دەکەن و لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپەكە و كۆچبەرە سەرنشینەكان، زۆرێک لە گفتوگۆکان بەزمانی کوردی بووەو دواتر بۆ دەستەی دادوەران وەرگێڕدراون.
داواكاری گشتی دەڵێ، تۆمەتباران چوار ڕێگای جیاوازیان بەكار هێناوە بۆ گواستنەوەی نایاسایی لەڕێگەی ئەوروپادا، سەرەتا کۆچبەران بەڵگەنامەی فەرمی بەکاردەهێنن بۆ چوونە ناو تورکیا دواتر دەبرێن بۆ ئەودیوی سنوورەکان، هەندێکجار بەبەلەم یان کەشتیی بەكار دەهێنن، ڕێگایەكی دیكەش كە کۆچبەران ڤیزەی گەشتیاری بیلاروس، یان مۆڵدۆڤا وەردەگرن، دواتر بە ئۆتۆمبێل یان بارهەڵگر، دەگوازرێنەوە بۆ ئەڵمانیا یان ڕۆمانیا.
ڕێگایەكی دیكەش بریتیە لەوەی کۆچبەران بەبارهەڵگر، یاخود بەدەریا یان لەتورکیاوە دەبرێنە ئیتاڵیا یان ئەڵمانیا.
بەشێكی زۆری کۆچبەرانی عێراقی و ئێرانی و سوورییش لەڕێگای بۆسنەوە گەشت دەکەن بەئۆتۆمبێل یان تاکسی و دەپەڕنەوە بۆ ناو کرواتیا و سلۆڤینیا و زۆرجاریش بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن.
دادگای ئەم دۆسییە هێشتا بەردوامە كەڕۆژی ١١/١١/٢٠٢٤ دەستی پێكردوە.
هاوكات هەر لەم هەفتەیەدا، قاچاغچیەكی دیكەی بەناو بانگی كورد بەناوی ئامانج حەسەن، كەناسراوە بەئامانج زەمەن، تەمەن ٣٤ ساڵ لەشاری پریستۆنی بەرێتانیا بە ١٧ساڵ زیندانی سزا دراوە. دادگا تاوانباری كردووە بەگواستنەوەو بازرگانی كردن بەسەدان كۆچبەرەوە لەووڵاتانی یەكیەتی ئەوروپاوە، بۆ بەریتانیا.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ، ئامانج حەسەن، قاچاغچیەكی دیاری نێو سۆشیال مێدیا بووە، بەوەی كۆچبەران لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بە”باشترین قاچاغچی" دەیناسێنن هەروەها لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕیکلام بۆ پەڕینەوەکانی دەكەن، كاتێك چەندین كۆچبەر لەناو دەریادا سوپاسی دەكەن.
هەربەپێی چەند ڤیدۆیەكی دیكە، كەلەتۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوبۆتەوە، ئامانج زەمەن، لەئاهەنگی بەندبێژەكان دانیشتووە بەدامانچەوەو گۆرانی بەسەردا هەڵدەرێت و بەباشترین قاچاغچی وەسف دەكرێ.
هەموو ئەو بەڵگەو ڤیدیۆیانە لەڕاگەیاندنەكانی بەریتانیا بڵاوكراونەتەوە لەكاتی سزادانی ئەو كوردە قاچاغچیە.