حکومەتى هەرێم نۆ رۆژ پشووى راگەیاند
07:10 - 14/11/2024
زەمەن - کوردستانى
فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستانە رایگەیاند، ئەو فەرمانبەر و قوتابییانەى دەکەونە سنوورى مادەى 140 بۆماوەى نۆ رۆژ پشوویان دەبێت، پشووەکەش لە بەروارى 15ى تشرینى دووەم دەستپێدەکات تا رۆژى 23ى تشرینى دووەم.
بەگوێرەى راگەیەندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، پشووەکە سنووری ناوچەكانی ماددەی 140 دەگرێتەوە، نۆ ڕۆژ بۆ فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانی و خوێندنی قوتابییان بە هەموو قۆناغەكانەوە، بە مەبەستی سەرژمێری پشوو دەبێت.
لە بڕیارەكەدا هاتووە: بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری:
یەکەم: ڕۆژانی (2024/11/15 تاکوو 2024/11/23) پشوو دەبێت بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و کارمەندانی ڕاژەی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابیۆان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن.
دووەم: ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە تاکوو بتوانن بەشداربن لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی.