46 کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت

12:51 - 10/12/2024

زەمەن – کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت .

ناوبراو راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی سووریا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواو بۆ خوشک و برایان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە

لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین.

ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت.

لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان.

لەکۆتاییدا جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن