100 کوردستان

گەردین گروپ دوو بڕوانامەی گرنگ لەبواری خۆراکدا بەدەستهێنا

10:27 - 05/01/2025

زەمەن - کوردستانی

کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکەی سوورێن، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی گەردین گروپ رایگەیاند، وەک یەکەم کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە تەواوی کوردستان و عێراقدا، توانی ببێتە خاوەنی هەردوو بڕوانامەی (ئایزۆ ٩٠٠١)ـی تایبەت بە بەڕێوەبردن و کواڵتی، هەروەها بڕوانامەی (ئایزۆ ٢٢٠٠٠)ـی تایبەت بە سەلامەتی و تەندروستیی خۆراک.

راشیگەیاند، ئەم دوو بڕوانامە گرنگە، لە لایەن گەورەترین و متمانەپێکراوترین لقی ئایزۆوە بووە لە جیهاندا، کە ئەویش UKASـی بەریتانییە.

دوای ٨ مانگ لە پشکنینی چڕ و چێککردنەوە و بەدواداچوونی وردی مەیدانی لە نێو بەشە جیاوازەکانی کێڵگەکە و پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پیشەیی و ڕێنمایی زانستی بە کارمەندانیان،  بڕیار درا ئەم بڕوانامانە ببەخشرێن  بەو پڕۆژە ئابوورییەی گەردین گروپ، ئەمەش وادەکات ئەم کێڵگەیە بتوانێت سەرەڕای دابەشکردنی بەرهەمەکانی لە کوردستاندا، لەسەر ئاستی جیهانیش بێتە کەرەستەیەکی خۆراکیی باوەڕپێکراو و هێلکەی کێڵگەکانی کوردستان لە  بازاڕەکانی دەرەوەدا ببێتە بەرهەمێکی متمانەپێکراو.

دکتۆر پێشەوا عومەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گەردین گروپ دەڵێت، ئەم دەستکەوتە تەنیا شانازی نییە بۆ ئەوان وەک گروپی کۆمپانیاکانی گەردین، کە هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن کواڵتی بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی باڵا و نێودەوڵەتیدا بەرهەم بێن، بەڵکوو بەدەستهێنانی ئەم دوو بڕوانامە نێودەوڵەتییە، شانازییەکی گەورەشە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و پیشەسازییە خۆراکییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە هێلکەی کێڵگەکەیان بەرهەمێکی ستراتیژیی کوردستانە و بەشێکی گرنگ لە ئاساییشی خۆراک دابین دەکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێت ڕکابەریی بەرهەمی هێلکەی وڵاتانیش بکات، چونکە هەموو ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تێدا بەرجەستە بووە.

دکتۆر پێشەوا عومەر دەشڵێت، گەردین گروپ هەمیشە بەڵێنی داهێنان و بەرەوپێشچوون دەدات لەبوارەکانی خۆیدا، هاوکات زۆر سوپاسی بێپایانی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیواندیدارەکانی دیکەی کرد، کە بەردەوام پشتیوان و هاوکاری پێشخستنی کەرتی پیشەسازی وبەرهەمی نێوخۆیی کوردستان بوون.

کێڵگەی بەرهەمهێنانی سورێن، کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی گەردین گروپ، دەکەوێتە گوندی گرێزە لەدەشتی شارەزوور، توانای بەرهەمهێنانی ١٥٠ ملیۆن هێلکەی هەیە لەساڵێکدا و بەردەوامیش لە فراوانبووندایە، هەروەها هەلی کاری ڕاستەوخۆی بۆ زیاتر لە ١٥٠ کەس لە ناوچەکەدا دابین کردووە و  سەدان هەلی کاری ناڕاستەوخۆشی لە بوارە جیاوازەکانی دیکەدا دابین کرووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن