ئێران ١٠٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێی بۆ جەنگ ئامادە کرد
02:03 - 13/01/2025
زەمەن:-
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند: ١٠٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕادەستی سوپای ئێران کراوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل وئەمەریکای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ١٠٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕادەستی سوپای ئێران کراوە و گەیاندراونەتە چەند شوێنێک لە سەرانسەری ئێران، کە دەگوترێت توانای دزەکردن و بەزاندنی ڕادارەکنیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تایبەتمەندییە ناوازەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان بریتین لە: فڕین بە مەودای زیاتر لە ٢٠٠٠ کیلۆمەتر، توانای وێرانکردنی شوێنی دیاری کراو و تێپەڕاندنی بەرگرییە دژە ئاسمانییەکان.
هاوکات ئاژانسی تەسنیم باسی لەوەشکردووە، ئەمە نەک تەنها توانای سیخوڕی و چاودێریی سنوورەکان زیاد دەکات، بەڵکو توانای شەڕکردنی کەشتییە جەنگییەکانیش زیاد دەکات بەوەی ئامانجە دوورەکان دەپێکێت.