ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئاکەپە بۆ بڕیاردان لەسەر کورد کۆدەبێتەوە
02:17 - 13/01/2025
زەمەن _ جیهانی
ئاکپارتی بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان کۆدەبێتەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و دۆخی ئێستەی سووریا تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاک پارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی پارتەکە کۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی حکوومەت دەبێت لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
هاوکات، چاوەڕێ دەکرێت هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی پارتەکە لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
هەروەها، ئەمە دەبێت بە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاک پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژەڤی سەرەکیی ئێستەی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە.