ئەندامێکی داعش دەستگیرکرا، لەژێر ناوی مەیفرۆشدا خۆی حەشارداوە
03:16 - 11/02/2025
زەمەن _ عێراق
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەندامێكی داعشیان لە بەغداد دەستگیركردووە كە لەژێر ناوی مەیفرۆشیدا خۆی حەشارداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، مەفرەزەكانیان لەبەغداد توانییان یەكێك لە ئەندامانی داعش ناسراو بە (ئەبو زولفەقار) دەستگیر بكەن كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەو ئەندامەی داعشی كاتێك دەستگیركردووە كە سەرقاڵی فرۆشتنی مەی بووە.
لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایانكردووە، "تۆمەتباری دەستگیركراو لە ویلایەتی نەینەوای داعش بەشداری لە پرۆسەی هێرشی داعش دژ بە هێزە ئەمنییەكان كردووە، خێزانەكەشی هەڵگری بیری توندڕەوی بوون و براكانیشی كە ئەندامی داعش بوون لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كوژراون.
وەك دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی پێداوە، "تیرۆریستەكە بە ڕاشكاوی دانی بە تاوانەكانیدا ناوە و بەمدواییە لە بەشی بەرگریی ئاسمانی سەر بە داعش ئەركدار كراوە، واتە بەرپرس بووە لە بەرەنگاربوونەوەی فرۆكە و هێلیكۆپتەرەكانی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق.